دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان چەند رێنماییەك بۆ رۆژانی گەشتكردن بڵاودەکاتەوە
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم، نادر رۆستی، بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند: رێنماییەكان خۆیان لە بابەتی پاراستن و پاك ڕاگرتنی شوێنە گەشتیاریەكان و كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك و ڕاگرتنی ئۆتۆمبێل لە شوێنەكاندا بەشێوازیك كە ڕێگە لە هاتووچۆ نەگرێت، دەبیننەوە.
نادر رۆستی، گوتی: لەو رێنماییانەدا، داوامان لە گەشتیاران كردوە كە ئاگرلە نزیك درەختەكان نەكەنەوە و پێش جێهێشتنی شوێنەكەیان، ئاگر بكوژێننەوە و دەنگی بڵندگۆ و ئامێرە موزكییەكان بەرز نەكەنەوە وەك ڕێزگرتن لە ئازادیی هاوڵاتیانی دەوروبەریان.
رۆستی رونیشیكردەوە،لەو رێنماییانەدا ئەوەشمان ئاماژە پێكردوە وەك ڕێگرتن لە كارەساتی دڵتەزێن، پێویستە گەشتیاران لەڕووبار و شوێنە قوڵەكاندا مەلە نەكەن و لەهەر دیاردەیەكی دزێوو گومان لێكراویش لە رێگەی ئەو ژمارانەی كە دیاری كراون هێزەكانی پۆلیس ئاگادار بكەنەوە.
دەربارەی ئامادەكاریەكانی رۆژانی گەشتكردن، رۆستی گوتی: هەنگاوی پێویستمان ناوەو لە چەند رۆژی داهاتوودا وردەكاری ئامادەكاریەكان رادەگەیەنین.
