نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا: هیچ کەسێك لە دژی ناساندنی جینۆساید قسەی نەکرد
هەفتەی ڕابردوو پەرلەمانی بەریتانیا بە فەرمی پرسی جینۆسایدی کوردی لە عیراق ناساند. ئەو هەنگاوەی پەرلەمانی بەریتانیا دوا بەدوای هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژووی ئەلەکترۆنیەوە دێت لە بەریتانیا کە ساڵێکی خایاند و ئەنجامدانی کاری لۆبیکردن لە پەرلەمانی بەریتانیا لە لایەن گرووپی کوردستان لەو پەرلەمانە. نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا دەستی بە هەڵمەتەکە کرد و هاریکاری تەواوی پێشکەش کرد. ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند پرسیارێکی ئاڕاستەی خاتوو بەیان سامی عبدالرحمان نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا کرد دەربارەی ئەو دانیشتنەی پەرلەمان و پێشکەشکردنی ڕوونکردنەوە لەسەر ناساندنەکە
1.ئایا پەرلەمانی بەریتانیا پرسی جینۆسایدی کوری ناساند ؟
بەڵێ. لە ڕۆژی پێنجشەممە 28 شوبات، پەرلەمانی بەریتانیا بە فەرمی ئەو جینۆسایدەی کە دەرهەق بە گەلی کورد لە عیراق ئەنجامدراوە ناساند. ناساندنەکەبە بێ بەرهەڵستکاری هیچ ئەندامێکی پەرلەمان، حکومەت یان ئۆپۆزسیۆن تێپەڕبوو. ناساندنەکە بە یەکدەنگ بوو..
2. ئەو ناساندنە چۆن لە پەرلەمان ڕوویدا؟
نازم زەهاوی و ژمارەیەك پەرلەمانتاری تر داوایان لە پەرلەمانی ووڵاتەکەیان کرد کە دانیشتنێك سازبکات بەمەبەستی بە فەرمی ناساندنی جینۆسایدی کورد و داوایان لە پەرلەمان کرد کە هانی حکومەتەکان، یەکێتی ئەوڕوپا و نەتەوە یەکگرتووەکان بدات بۆ ئەوەی بە هەمان کار هەڵسن. پەرلەمانتارەکان ویستیان دانیشتنەکەی پەرلەمان لە مانگی شوبات یان ئادار بەڕێوەبچێت بۆ ئەوەی هاوکات بێت لەگەڵ 25 ساڵەی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە.
3. بابەتی دانیشتنەکە چی بوو؟
نازم زەهاوی ئەو داواکاریەی پێشکەش بە پەرلەمان کرد:
\"کە پیویستە پەرلەمانی ووڵاتەکەی پرسی جینۆسایدی کوردی عیراق بناسێنێت؛ هانی حکومەتەکان، یەکێتی ئەوڕوپا و نەتەوەیەکگرتووەکان بدات بۆ ئەوەی هەمان هەنگاو بنێن؛ دەزانن کە ئەو هەنگاوە وا لە کوردەکان دەکات کە زۆریان لە بەریتانیا ژیان بەسەر دەبەن کە دادپەروەری بۆ ئەوەی لە دەستیان دا وەدەست بێنن؛ لەوەش زیاتر لەو بروایە دان کە ئەو هەنگاوە پەیامێك لە بەریتانیاوە دەنێرێت کە ووڵاتی دیموکراسیەت و ئازادیە کە پشتگیری لە یاسا و بڕیارە نێودەوڵەتیەکان دەکات، لە کاتێکدا کە ئەو هەنگاوە زۆر پێویستە لەبەر ئەو بە کۆمەڵکوژیەی کە لە سوریا ڕوودەدات و مەترسی بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لەو ووڵاتە.\""
4. چی ڕوویدا لە پەراوێزی دانیشتنەکە؟
دانیشتنەکە لە لایەن جێگری سەرۆکی پەرلەمانی بەریتانیا سەرۆکایەتی کرا. نازم زەهاوی کە خاوەنی داواکاریەکە بوو، بە ئاماژەکردن بەو کارەساتانەی کە بەسەر گەلی کورد لە عیراق هاتووە دەستی پێکرد و بۆچی ئەوەی ڕوویدا جینۆساید بوو و بۆچی گرنگە پەرلەمانی بەریتانیا بەفەرمی بیناسێنێت. دواتر پەرلەمانتارانی تر لە پارتی پارێزگاران کە پارتی دەسەڵاتە و پارتی کرێکاران کە لە ئۆپۆزسیۆن دایە پشتگیریان لە قسەکانی نازم زەهاوی کرد.
گرنگە ئاماژە بەوە بکەین کە هیچ کەسێك لە دژی ناساندنی جینۆساید قسەی نەکرد. بەشداربوانی دانیشتنەکە هەموویان لەگەڵی دابوون.
قسە و باسی پەرلەمانتارەکان لەسەر گۆڕە بەکۆمەلەکان، هێرشە کیمیاویەکان، ئەشکەنجەدان و زوڵم و زۆرداری بوو دەرهەق بە گەلی کورد. نزیکەی هەموو ئەو پەرلەمانتارانەی کە قسەیان کرد پێشووتر سەردانی کوردستانیان کردووە و توانیان بە سۆزەوە ووتەکانیان پێشکەش بکەن دوای سەردانیکردنی هەڵەبجە و قوشتەپە و بینینی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و گۆڕستانەکان و قسەکردن لەگەڵ قوربانیانی ئەو کارەساتانە.
ئەو پەرلەمانتارانە کە قسەیان کرد ئەوانە بوون:
(نازم زەهاوی ) پارتی پارێزگاران
مایك گەیپس ( کرێکاران)
دەیڤد لامی (کرێکاران)
جێریمی کۆڕبن ( کرێکاران)
جیم کەنینگهام ( کرێکاران)
مێگ مەن ( کرێکاران)
دەیڤ ئەندەرسن ( کرێکاران)
ڕۆبەڕت هاڵفن ( پارێزگاران)
ئان کڵۆید ( کرێکاران)
ستێفن مێتکاف ( پارێزگاران)
بۆب ستیواڕت ( پارێزگاران)
نیکۆڵاس سۆمس نەوەی وینستن چێرچڵیش ئامادە بوو.
دوواتریش ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات وەڵامیان دانەوە.
5. ڕاو بۆچوونی ئۆپۆزسیۆن چی بوو ؟
بەرپرسی کاروباری دەرەوەی ئۆپۆزسیۆن ئیان لوکاس وەڵامی خۆیانی دایەوە وەك ئۆپۆزسیۆن.
ئەو پێی وابوو کە ئەوە دانیشتنەکی گرنگ بوو، هەروەها پرسی ناساندنی جینۆساید لە کوردستان کارێکە کە وەك مەشخەڵێکە کە لایەنەکانی شانازی و پڕ زانیاری و کامڵی لەخۆوە دەگرێت. ناوبراو ووتی ڕوون و ئاشکرایە کە گەلی کورد نەهامەتیەکی زۆری بینیوە، بەڵام پرسی ناساندنی جینۆساید پرسێکی یاساییە. هەروەها ووتی کە ناساندنی جینۆسایدی کورد لەوانەیە کاردانەوەیەکی پێچەوانەی هەبێت، ( بەوەش ئێمە وا تێگەیشتین کە ئەو مەبەستی ئەوەیە کە ئەگەر هاتوو حکومەتی بەریتانیا، نەوەك پەرلەمان، جینۆسایدی کورد بناسێنێت، لە ئیمکاندا هەیە کە کەسێك سکاڵا لەسەر بەریتانیا پێشکەش بکات لەسەر ئەو کارانەی کە ئەو ووڵاتە لە هەشتاکان ئەنجامیداوە).
لەو خاڵەش، مێگ مەن و دەیڤ ئەندەرسن ووتیان کە حکومەت و ئۆپۆزسیۆن پێویستە بەیەوە کار بکەن بۆ بینینەوەی ڕێگەیەك بۆ ناساندنی جینۆساید بۆ ئەوەی ڕێگە لە دووبارەبوونەوەیان بگیردرێت. ئەوان داوایان لە ئۆپۆزسیۆن کرد بۆ ئەوەی لەگەڵ نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا دابنیشێت بۆ بینینی بەڵگەکان بۆ ئەوەی ئەو پرسە ببردرێتە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی فراوانتر بناسێنرێت.
ئیان لوکاس ڕەزامەندی دا لەسەر ئەوەی ئەو کارە بکات. ئەو ووتی پێویستە گفتوگۆکان بەیەکەوە بکەین لە دوای دانیشتنەکەی پەرلەمان بۆ بینینەوەی باشترین ڕێگە بۆ ئەوەی ئەو پرسە زیاتر بەرەوپێشەوە ببردرێت. هەروەها ووتی کە ئەوە پرسێکە دەبێت بە شێوەیەکی باش کاری بۆ بکرێت لە بەریتانیا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی.
6. وەڵامی حکومەتی بەریتانیا چی بوو؟
ئەلیستەر بێرت وەزیری دەولەت بۆ کاورباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ووتی کە ئەو دانیشتنە زۆر باش بوو، لە هەمان کاتیشدا خەمناك بوو، هەورەها پەرلەمانتارەکان بە پشت بەستن بە زانیاریەکی باش و سۆزەوە قسەیان کرد. ناوبراو بە تێر و تەسەل باسی لە دوور و درێژی پەیوەندیەکانی بەریتانیا و کوردستانی عیراق کرد لە بوارەکانی کەلتوری، بازرگانی و لایەنەکانی تر، هەروەها باسی لە دوو سەردانەکەی کرد بۆ کوردستان. ناوبراو ووتی کە حکومەت بە فەرمی پرسی جینۆساید ناناسێنێت و پێشوتریش ئەو هەڵوێستە ڕونکراوەتەوە لە بەیاننامەیەکدا دوا بە دوای هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژووی ئەلەکترۆنی.
بەڵام لە دوای گوێگرتن لە گفتوگۆکانی ئەو دانیشتنە، ئەلیستەر بێرت هاودەنگی خۆی لەگەڵ ڕای ئۆپۆزسیۆن دەربڕی کە پێویستە بەیەکەوە بەدوای ڕێگەی تر بگەڕێن بۆ ئەوەی زیاتر کار لەسەر ناساندنی ئەو هەموو تۆقاندن و زوڵم و زۆرداریە بکەن کە بەسەر گەلی کورد هاتووە. هەروەها پێویستە هەردوولا بیر لەوە بکەنەوە کە چۆن بەریتانیا دەتوانێت ئەو پرسە بەرەو پێشتر ببات. ناوبراو ووتی کە ئەو پرسانەی ئەمڕۆ باسکران، جارێکی تر باس دەکرێنەوە. هەروەها ووتی کە ئەوان دەبێت قسە لەگەڵ حکومەتەکان و پەرلەمانەکانی تر بکەن بۆ ئەوەی بزانن چۆن کارەکانیان ئەنجامداوە.
7. لەو دانیشتنەدا دەنگدان هەبوو ؟
بەڵێ، کاتێك قسەکەرەکان تەواو بوون، جێگری سەرۆکی پەرلەمان بابەتەکەی خستە دەنگدان و ئامادەبوان هەموویان بە بەڵێ دەنگیان لەسەریدا. کاتێك پرسیاریشی کرد ئەگەر کەسێك بەرهەڵستکار بێت، هیچ کەسێك بەرهەڵستاکر نەبوو. بۆیەش بابەتەکە بە کۆی دەنگ پەسەندکرا.
8. لە کاتی گفتوگۆ و دەنگدانەکەدا زیاتر لە 10 پەرلەمانتار ئامادەبوون، ئایا ئەوە مانای ئەوە دەگەیەنێت کە ناساندنەکە بیر و باوەڕی تەواوی پەرلەمانی بەریتانیایە ؟
بەڵێ ئەو مانایە دەگەیەنێت. لەبەر ئەوەی کەس دژی ئەو داواکاریە نەبوو، بۆیە ژمارەی پەرلەمانتاران لە ناو هۆلی پەرلەماندا گرنگ نیە. بابەتەکە هەفتەیەك بەر لە دانیشتنەکە بڵاوکرابۆوە، بۆیەش پەرلەمانتاران و پارتە سیاسیەکانی ناو پەرلەمان یەك هەفتەیان هەبوو بۆ بەرهەڵستکاریکردنی ئەو بابەتە. کەس بەرهەڵستکار نەبوو. ئەوە و دەنگدانەکە لە دوای دانیشتنەکە مانای ئەوە دەگەیەنێت کە دەنگدانەکە ڕەنگدانەوەی ڕا و بۆچونی تەواوی پەرلەمان بوو.
9. بۆچی ژمارەیەکی کەمی پەرلەمانتاران بەشداریان لەو کۆبوونەوەیە کرد ؟
پەرلەمانتارانی بەریتانیا کاتێکی زۆر لە دەرەوەی پەرلەمان بەسەر دەبەن. ئەوان دەبێت خەڵکی بازنەی هەڵبژاردنەکانیان ببینن و ئامادەی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵگاکانیان ببن و شتی تر. هەروەها لە ڕۆژی دانیشتنەکە، هەڵبژاردنێکی گرنگی بازنەی هەڵبژاردنی پەرلەمان هەبوو، بۆیەش بە گشتی ژمارەیەکی زۆری پەرلەمانتاران لەوێ نەبوون. زۆر بە کەمی هۆڵی پەرلەمان لە کاتی دانیشتنەکان پڕ دەبێت لە پەرلەمانتاران.
10. ئایا پێویست دەکات ئەو ناساندنە بچێتە ئەنجومەنی لۆردەکان و دواتریش بۆ لای شاژن بۆ رەزامەندی دەربڕین لەسەری بۆ ئەوەی بکەوێتە ئەرزی واقیع ؟
ئەگەر ئەوە یاسا بوا ئەوا پێویستی بەوە دەکرد. ئەوە داواکاریەك بوو ( مۆشن) و پێویست بەوە ناکات کە ڕاوێژی ئەنجومەنی لۆردەکان یان شاژن وەربگیردرێت. پەرلەمانتارە هەڵبژێردراوەکان ڕای خۆیان دا و ئەوەندەش بەسە بۆ ئەو ناساندنە.
11. کاردانەوەی ناساندنی پەرلەمانی بەریتانیا چیە بۆ جینۆسایدی کورد لە کاتێکدا کە حکومەتی بەریتانیا نەیناساندووە ؟
ئەو هەڵوێستەی پەرلەمانی بەریتانیا مانای ئەوەیە کە 3 ووڵات لە دەرەوەی عیراق بە فەرمی جینۆسایدی کوردیان ناساندووە، ئەوانیش بەریتانیا، نەروێژ و سوێد. ئەوە بێگومان هانی ووڵاتانی تر دەدات کە هەمان کار بکەن و هەنگاوێکی تری گرنگ بمانباتە پێشەوە بۆ ئەوەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی وەك ئەنجومەنی ئەوڕوپا و نەتەوە یەکگرتووەکان جینۆسایدی کورد بە فەرمی بناسێنن. بەریتانیا خاوەن پێگەیەکی تایبەتە لە جیهان. بەریتانیا لە گرووپی ( جی 8) ی ووڵاتە سەرەکیەکانی جیهانە لە بواری ئابوری، ئەندامێکی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەولەتیە و ئەندامێکی سەرەکی ناتۆ و یەکێتی ئەوڕوپایە. کاریگەریەکەی دوور و فراوانتر دەبێت.
ئێمە پێشوتر هەڵوێستی حکومەتی بەریتانیامان دەزانی دوا بە دوای ئەو بەیاننامەیەی کە لە مانگی کانوونی دووەم دەریکرد بەر لە سازدانی کۆنفڕانسی جینۆساید کە نوێنەرایەتیەکەمان پێی هەڵسا لەسەر جینۆسایدی کورد. لەگەڵ ئەوەی ئێمە دڵخۆش نەبووین بەو هەڵویستە، بەڵام ئەوە هەڵوێستێکی چاوەڕوانکراو بوو. ئێمە دەزانین کە حکومەتەکان هەمیشە ترسیان هەیە لە ناساندنی جینۆساید ئەویش لەبەر مەترسی کاردانەوەی ئەو ناساندنە لەسەر خۆیان و کۆمپانیاکانیان .
ناساندنی پرسی جینۆسایدی گەلی کورد لە لایەن پەرلەمانی بەریتانیا مانای ئەوەی کە ئێمە دەتوانین بە بەردەوامی کار لەسەر ئەوە بکەین کە حکومەتی بەریتانیا و ووڵاتانی تریش هەڵوێستی خۆیان بگۆڕن. ئەلیستەر بێرت و وەزیری کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئۆپۆزسیۆن هیچ هەڵوێستێکی نێگەتیڤیان نەبوو بۆ ڕاگرتنی پەرلەمان لە ناساندنی ئەو پرسە، ئەوەش هەڵوێستێکی هاندەرە.
12. گرنگی بڕیارەکەی پەرلەمانی بەریتانیا چی دەبێت لەسەر کوردستان ؟
جینۆسایدی کورد بە چەند دەیەك تێپەڕ بوو. لە شەستەکاندا و لەوانەیە زووتریش بە هەڵمەتی بەعەرەبکردن دەستی پێکرد. ئەو کارە بەردەوام بوو تا گەیشتە لوتکە لە کۆتایی هەشتاکان. لەو هەموو ماوەیەشدا، جیهان بێدەنگبوو لەبەر ئەوەی ووڵاتەکان نەیاندەزانی چی ڕوودەدات، یان نەیاندەویست بزانن چی ڕوودەدات. بۆیەش زۆر گرنگە کە ئەمڕۆ پەرلەمانێکی وەك پەرلەمانی بەریتانیا گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسە دەکات و لە کۆتایشدا ئەوە ڕابگەیەنێت کە ئەوەی بەسەر گەلی کورد هاتووە جینۆسایدە، هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە هانی ئەوانی تریش دەدات کە هەمان هەنگاو بنێن.
بزاڤی تێکۆشانی کورد ئەمڕۆ بۆ ئێمە ئەوەیە کە کار بکەین لەسەر ناساندنی جینۆسایدی کورد لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی. ئەوە پێشکەوتنێکی گەورەیە بۆ گەلی کورد و لە سەرووشیانەوە قوربانیان و کەس و کاری ئەوانەی گیانیان لە دەستداوە. ئەو هەنگاوە ئەوان لە دادپەروەری ڕاستەقینە نزیك دەکاتەوە.
13. هەڵمەتێکی کۆکردنەوەی واژووی ئەلەکترۆنی لە بەریتانیا بۆ ناساندنی جینۆسایدی کورد لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت بەڕێوەچوو. بۆچی ئەو هەڵمەتە ئەنجامدرا و کاریگەری چی هەبوو ؟
لە 7 ی مانگی ئاداری پارساڵ، پەرلەمانتار نازم زەهاوی بە پشتگیری نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵسا بە ئەنجامدانی هەڵمەتێکی کۆکردنەوەی واژووی ئەلەکترۆنی ( پێتیشن) کە تیایدا داوای لە حکومەتی بەریتانیا کرد جینۆسایدی کورد بە فەرمی بناسێنێت. نوێنەرایەتیەکەمان هەماهەنگی کرد لەو بابەتە، واژووی کۆکردەوە، پرسی
جینۆسایدی کوردی لە نێو دەزگاکانی ڕاگەیاندنی بەریتانیا بەرز کردەوە و کاری کرد لەسەر ئەوەی کۆمەڵگای کوردی و ڕێکخراوەکانی لاوان وەك یەکێتی قوتابیانی بەریتانیا ڕۆڵ لەو هەڵمەتە ببینن. توانیمان 28 هەزار واژوو کۆبکەینەوە. بە وەدەستهێنانی ئەو ژمارەیەش هەڵمەتەکە ژمارە 14 بوو لە کۆی زیاتر لە 6100 هەڵمەتی واژوو کۆکردنەوە کە ئێستا لە سەر ماڵپەرەکە هەیە. هەرچەندە ئێمە نەمانتوانی 100 هەزار واژووەکە کە ئامانجمان بوو کۆبکەینەوە، بەڵام ئەوەی کۆکرایەوە کیفایەت بوو، هەروەها کاری لۆبی زۆرمان ئەنجامدا لەگەڵ پەرلەمانتارەکان ئەوانەی کە دۆستی کوردستانن و توانیمان ئەو دانیشتنەی پەرلەمان وەدەست بێنین.
ئەو هەڵمەتە هۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ وەدەستهێنانی ئەو دانیشتنەی پەرلەمانی بەریتانیا، بەڵام هەروەها کاریگەری کاری بەردەوامی گرووپی کوردستان لە پەرلەمانی بەریتانیا و پەرلەمانتارەکانی تریش بوو.
14. ڕەوەندی کورد چ ڕۆڵێکیان بینی لەو کارە ؟
نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا هەماهەنگی تەواوی لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و کۆکردنەوەی واژووەکان بینی. ئێمە داوای ئامۆژگاری سەرجەم پارتە سیاسیەکانی کوردستانیمان کرد. ئێمە زۆر لە سەنتەرەکانی کۆمەڵگای کوردی و گرووپەکانی قوتابیان و ئەکادیمیەکانمان هێنا ناو ئەو هەڵمەتە. ژمارەیەك لە کەسایەتیەکانی ڕەوەندی کوردی یارمەتیان داین، ئەویش بە کۆکردنەوەی واژوو، یان بە قسەکردن لەگەڵ خەڵك و میدیای بەریتانیا لەسەر باکگڕاوندیان لەگەڵ جینۆساید کە هەموو دەمێك هەستێکی دڵناخۆشکەرە بۆ ئەوان.
15. هیچ هەڵمەتی تری کۆکردنەوەی واژووی ئەلەکترۆنی هەبوو لەسەر ئەو بابەتە ؟
هەندێك لە ڕەوەندی کوردی لە ماوەی ئەو دوو ساڵەی ڕابردوو بابەتی هاوشێوەیان کردووە. بە پێی زانیاریەکانم، هیچێك لەوانە ڕاشکاوانە وەك هەڵمەتەکەی ئێمە باسیان لەوە نەکردووە کە جینۆسایدی کورد لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو دەستی پێکردووە. ئێمە لامان زۆر گرنگ بوو کە ئەو هەڵمەتەی ئێمە داوای بە فەرمی ناساندنی جینۆسایدی فەیلیەکان، بارزانیەکان، هەڵەبجە و ئەنفال بکات، هەروەها ڕووداوەکانی پێشوتر لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو، وەك تێکدانی گوندەکان و هەڵمەتی بەعەرەبکردن. بە خۆشحاڵیەوە، ڕەوەندی کورد پشتگیریان لەو هەڵمەتە کرد و هیوادارم کە دڵخۆش بووبن بەو دەرئەنجامەی کە بەدەستمان هێنا.
بۆ بینینی دەقی بڕیارەکەی پەرلەمانی بەریتانیا لەسەر جینۆسایدی کورد تکایە سەردانی ئەو لینکەی خوارەوە بکەن:
http://www.publications.parliament.uk/pa/cm201213/cmhansrd/cm130228/debtext/130228-0003.htm
بۆ بینینی هەڵمەتەکەی کۆکردنەوەی واژووی ئەلەکترۆنی تکایە سەردانی ئەو لینکە بکەن:
http://epetitions.direct.gov.uk/petitions/31014"
