ئەردوگان: بۆ سەركەوتنی دانوستانەكان لەپێناو چارەی كێشەی كورددا، بەرگەی ناهەموارییەكان دەگرین
لە بەردەم جەماوەری ویلایەتی \"بالگسیر\""ـی باكووری ڕۆژاوای توركیا، بە ئاماژە بە دانوستانی ناڕاستەوخۆی ینَوان حكوومەتەكەی و سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە، عەبدوڵا ئۆجەلان كە بە نێوەندگیریی پارتیی ئاشتی و دیموكراتی(بەدەپە) و نوێنەری دەستگای هەواڵگریی وڵاتەكەی بەڕێوە دەچێت، ئەردۆغان گوتی، حكوومەتی توركیا ئامادەیە بەرگەی هەر قورسایی و ناهەموارییەك بگرێت لەپێناو سەركەوتنی ئەو قۆناخەدا كە خۆشی و شادی بە گەلی توركیا دەبەخشێت.
ئەو گوتیشی كە بۆ بەرگرتن لە ڕژانی خوێن و فرمێسك بۆ قوربانیان، دەرگای ڕێچارە سیاسییەكان و دانوستانەكان بە كراوەیی دەهێڵرێنەوە. زیاتر گوتی، ڕێگەیش نادەن ڕیزەكانی گەل بشێوێندرێ و بیخاتە دۆخێكی نەخوازراوەوە.
سەرۆكوەزیرانی توركیا هاوكات داوایشی لە گەلی توركیا كرد، بڕوا بە ئەو دەنگۆ و تەڵانە نەكەن كە لە ڕێی هەندێك هۆكاری ڕاگەیاندنەوە و بۆ پەكخستنی پڕۆسەی ئاشتی لە ئارادایە. زیاتر گوتی \""حكوومەت بۆ ڕازیكردن و خۆشكردنی دڵەكان، بە دوای چارەدا دەگەڕێ، لەكاتێكدا هەندێك لایەن هەوڵی لێكترازانی دەدەن.
ئەردۆغان بە ئاشكرا هۆكارەكانی ڕاگەیاندنی خستە بەر ڕەخنە كە ئامانجیانە دەنگۆ و پروپاگەندە بڵاو بكەنەوە و گومان بخەنە سەر ئەو پرۆسەیە. ئەو گوتی، ئەوەی بەرژەوەندیی وڵاتی لا گرنگە هەواڵێك بڵاو ناكاتەوە كە زیان بە كاروانەكەی بگەیەنێت كە ئامانجی خۆشگوزەرانییە؛ ئەمە بە ئاماژە بە دۆكۆمێنێتێكی پێوەست بە دانوستانی نێوان سێپەرلەمانتارەكەی بەدەپە و ئۆجەلان كە ڕۆژنامەی میللیەتی توركیا دوێنێ شەممە بڵاو كردبووەوە.
ئەردۆغان هیوای خواست كە بێ ڕاگەیاندنی بەیاننامە، یان دڵنیابوونەوە لە لایەنی فەرمی و ڕێپێدراو بەم پرۆسەیە، نەكەونە ژێر كاریگەری پروپاگەندەكانەوە."
