لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئاهەنگ و ئامادەکارییەکانی نەورۆز قەدەغە دەکرێت

لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئاهەنگ و ئامادەکارییەکانی نەورۆز قەدەغە دەکرێت
26 شوبات / فه‌برایه‌ر 2013 (گوڵان میدیا)- فەرماندەی هێزە نیزامییەکانی شاری بۆکان دوێنێ راگەیندراوێکی رەسمی ئاراستەی هەر هەموو رێکخراو و دەزگا مەدەنییەکانی شاری بۆکان و شارەکانی دەورووبەری کردووە و لەم راگەیندراوەدا ئاماژە بەوە دراوە کە بە پێى بڕیاری فەرماندەی گشتی هێزە نیزامییەکانی ئێران و وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە، ئەمساڵ بۆ هیچ کەس و لایەنێک نییە بە هیچ شێوەیەک دەست بە ئاهەنگ و مەراسیمی جۆراوجۆر بۆ پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆز بکات.

بە پێى ئەم راگەیندراوەی هێزە نیزامییەکانی ئێران، ئەو کەس یا ئەو رێکخراو و دەزگایانەى کە بە هەر شێوەیەک هەوڵ بۆ ئامادەکاری و سازدانی هەرجۆرە مەراسیمێک بکەن، دەستگیر و رووبەرووی دادگایی کردنەوە دەبنەوە.

هاوکات سەرچاوەکانی هەواڵ لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە هێزە نیزامییەکانی شارەکانی دیکەی کوردستانی رۆژهەڵات وەکو پاوە، مەریوان، سنە، سەردەشت و .... رێکخراوە مەدەنییەکان و هونەرمەندەکانیان ئاگادار کردووەتەوە کە نابێت بە هیچ شێوەیەک دەست بە مەراسیمی گشتی بۆ پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆز بکەن.
Top