ئۆجەلان داوای ئازادکردنی دەستبەسەرە توركەكانی لە پەکەکە کرد
بەپێی راپۆرتێكی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەم داوایەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە لەدوای ئەوە دێت كە سێ ئەندام پەرلەمانی دیكەی پارتی ئاشتی و دیموكراسی لەنێو زیندان، سەردانیان كرد.
دواتر لە بڵاوكراوەیەكی فەرمیدا، پەرڤین بوڵدانی ئەندام پەرلەمانی توركی لەسەر لیستی BDP كە لەگەڵ دوو ئەندام پەرلەمانی دیكەدا سەردانی ئۆجەلانیان كرد، ئاشكرای كرد: ئۆجەلان داوای كردووە چەكدارانی پەكەكە ئەو توركە دەستبەسەرانە ئازاد بكەن.
پەرڤین بولدان رایگەیاند: ئۆجەلان گوتویەتی: \"پڕۆسەیەكی مێژوویی بەڕێوەیە و هەردوو لا دەبێ زۆر ئاگادار و هەستیار بن\"".
هەروەها ئەو ئەندام پەرلەمانە گوتی: ئۆجەلان رایگەیاندووە كە دەوڵەتی توركیا و پەكەكەش دەستبەسەریان هەیە و \""دەبێ پەكەكە بەرێزەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو بەندكراوانە بكەن و هیوادارم بۆ نێو خانەوادەكەیان بگەرێنەوە \"".
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان، رەنگە ئۆجەلان مەقسەدی دەستبەسەرە سەربازە توركانە بێت كە پەكەكە لە چەند ساڵی رابردوودا دەستگیری كردوون یان ئەو كارمەندە حكومیانەی كە رفاندوویانن."
