23 شوبات / فهبرایهر 2013 (گوڵان میدیا)- هەر لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ مۆسكۆ پێرێ پێنجشەممە 21/2/2013 سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعوود بارزانی سەردانی پەیمانگای مۆسكۆ بۆ دیراساتی رۆژهەڵاتناسی كرد و لەوێش سەرۆك بارزانی لە وتەیەكدا بە ئامادەبوونی سەرۆكی پەیمانگەی ناوبراو و ژمارەیەك توێژەر و كەسایەتی ئەكادیمیی رووسی، باسی لە كۆمەلێك تەوەری گرنگ كرد لەوانە بارودۆخی عێراق و كوردستان و سووریا و كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، هەروەها ناوچەكە بە گشتی و پەیوەندبی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ولاتانی ناوچەكەدا .
دواتریش لەلایەن ئامادەبووانەوە چەندین پرسیار سەبارەت بە تەوەرەكان ئاراستەی سەرۆك بارزانی كران و بەرێزیان وەڵام و روونكردنەوەی پێویستی پێشكەش كردن شایەنی باسە پەیمانگای مۆسكۆ بۆ دیراساتی رۆژهەڵاتناسی یەكێك لە بەشەكانی تایبەتە بە توێژینەوە و خوێندن لەسەر كورد و ژمارەیەك بڵاوكراوەیان لەسەر كورد و كوردستان بڵاو كردۆتەوە.