راگه‌یه‌ندراوى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى كوردستان به‌بۆنه‌ى رۆژى جیهانى زمانى دایك

راگه‌یه‌ندراوى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى كوردستان به‌بۆنه‌ى رۆژى جیهانى زمانى دایك
21 شوبات / فه‌برایه‌ر 2013 (گوڵان میدیا)- ریكخراوى یونسكۆ له‌سالى 2000 دا رۆژى 21ى شوباتى به‌رۆژى جیهانى زمانى دایك دیاریكرد. هه‌موو سالێك له‌سه‌رتاسه‌رى جیهاندا گه‌لان ونه‌ته‌وه‌كان ئاهه‌نگى شانازى كردن به‌زمانى دایكیان ده‌گیرن. به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ جوانترین پیرۆزبایى ئاراسته‌ى سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌ وگه‌لانى جیهان و عیراق به‌گشتى و گه‌لى كوردستان به‌تایبه‌تى به‌ كورد و توركمان و سریان و ئه‌رمه‌نه‌وه‌ ده‌كه‌ین.

گه‌لى كوردستان به‌سه‌رجه‌م پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیه‌وه‌، به‌درێژایى شۆرشه‌كان، خه‌باتى زۆریان له‌پێناو پاراستن وبه‌كارهێنان وگه‌شه‌پێدانى زمانى دایكیان كردووه‌، له‌دواى راپه‌رین و دامه‌زراندنى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیش خۆشبه‌ختانه‌ سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌كانى كوردستان به‌كورد وتوركمان وسریان وئه‌رمه‌ن سه‌ربه‌زرانه‌ له‌بواره‌كانى په‌روه‌رده‌یى وفه‌رهه‌نگى وراگه‌یاندن و رۆشنبیریدا. گه‌شه‌ی به‌رچاویان به‌زمانى دایك وكلتورى نه‌ته‌وه‌یى خۆیان داوه‌. له‌روویى یاساییشه‌وه‌ مافى زمانى دایكى سه‌رجه‌م پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان پاریزراو ومسۆگه‌ركراوه‌.

له‌په‌رله‌مانى كوردستان برواى ته‌واومان به‌ پاراستن و گه‌شه‌پێدانى زمانى نه‌ته‌وه‌ جیاوه‌زاكان هه‌یه‌، له‌پێناو پاراستنى زمانه‌كان و ده‌وله‌مه‌ندكردنى رۆشنبیرى و په‌یوه‌ندى كلتورى و رووناكبیرى و فه‌رهه‌نگى نیوان زمان وكه‌لچه‌ره‌ جیاوازه‌كان و قولكردنه‌وه‌ى گیانى برایه‌تى وپێكه‌وه‌ژیان له‌هه‌ریمى كوردستاندا.

هیوادارین ئه‌م رۆژه‌ له‌سه‌رتاسه‌ره‌ى جیهاندا ببێته‌ رۆژى رێزگرتنى زیاتر له‌ تایبه‌تمه‌ندێتى زمان وفه‌رهه‌نگ و رۆشنبیرى گه‌لان ونه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌كان، رۆژى كۆتاییهێنان به‌ سیاسه‌تى نكولى كردن له‌ زمانى دایكى گه‌لان ونه‌ته‌وه‌ ژێر ده‌سته‌كان.



سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى كوردستان

20/2/2013
Top