نێچيرڤان بارزانى به‌ردى بناغه‌ى دوو نه‌خۆشخانه‌ى گه‌وره و باڵه‌خانه‌ى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى داده‌نێت
له وته‌يه‌كدا كه له ڕێوڕه‌سمى دانانى به‌ردى بناغه‌ى نه‌خۆشخانه‌ی 330 قهرهوێڵهيى له هه‌ولێر؛ پێشكه‌شى كرد، نێچیرڤان بارزانى ڕایگه‌یاند: \"ئێمه له سه‌ره‌تای دروستبوونی كابینه‌ی حه‌وته‌م به‌ڵینمان دا كه بایه‌خێكی زۆر به پێشخستنی كه‌رتی ته‌ندروستی ده‌ده‌ین. له یه‌كه‌م ڕۆژی ئه‌م كابینهیهشهوه به كرده‌وه ده‌ستمان كردووه به جێبه‌جێكردنی ئه‌و بڕیاره. له ڕووی گۆڕانكارییه‌وه، هه‌روه‌ها له ڕووی كۆنترۆڵكردنی هاتنی ده‌رمانه‌وه، سیستمێكی تۆكمه‌ی كۆنترۆڵمان داناوه، له ڕێگه‌ی كۆمپانیایه‌كی به‌ریتانییه‌وه كه ئێستا كارمه‌ندانی خۆشمان له‌و كۆمپانیایه فێر ده‌بن، بۆ ئه‌وه‌ی له داهاتوویه‌كی نزیكدا ئه‌وان كاره‌كه بگرنه ئه‌ستۆی خۆیان، خه‌ڵكی كوردستان شاهیده كه له ماوه‌ی چه‌ند مانگی ڕابردوودا سه‌دان ته‌ن له ده‌رمانی خراپ له ناو بران و ڕێگه نه‌دراوه ده‌رمانی خراپ بێته ناو هه‌رێمی كوردستان، هه‌ر چه‌نده له‌م بوارانه‌دا كاری زۆرترمان ماوه كه ده‌بێ ئه‌نجامی بده‌ین\"".
له به‌شێكی ديكه‌ى گوته‌كانیدا سه‌رۆك وه‌زيران ئاماژه‌ی به چه‌ند خاڵێك دا كه پێویسته هه‌نگاو به ئاراسته‌ی جێبه‌جێكردنيان بهاوێژرێ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌رتی ته‌ندروستی به‌ره‌و پێش بچێ و گوتی: \""لێره ده‌مه‌وێ جه‌خت له‌سه‌ر چوار خاڵی گرنگ بكه‌م: یه‌كه‌م: ده‌بێ ویژدانی هیچ خاوه‌ن كۆمپانیایه‌ك ڕێگه‌ی پێنه‌دات ده‌رمانی خراپ بداته خه‌ڵكی كوردستان و مرۆڤ به شێوه‌یه‌كی گشتی. دووه‌م: ده‌بێ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و كۆمپانیای تایبه‌تمه‌ند توندتر بێ له‌سه‌ر ڕێگه‌نه‌دان به هیچ كۆمپانیایه‌ك بۆ ده‌ربازكردنی ده‌رمانی خراپ بۆ هه‌رێمی كوردستان، ئینجا كۆمپانیاكه هه‌ر كه‌سێكی له پشت بێت و هی هه‌ر كه‌سێك بێت. پێویسته له مه‌دا وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و ده‌زگا په‌یوه‌نداره‌كانی هه‌رێمی كوردستان، زۆر به جددی هه‌وڵی ئه‌وه بده‌ن، ئێمه به ئه‌ركی خۆمانی ده‌زانین و ئه‌و ئه‌ركه‌ی كه له‌سه‌ر شانمانه وه‌كوو ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران زۆر به هێز پشتگیری له‌و هه‌نگاوانه ده‌كه‌ین. سێیه‌م: نابێ به هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌رمی بنوێنرێت له‌سه‌ر ڕێنماییه‌كانی مۆڵه‌تدان به كۆمپانیاكانی ده‌رمان و دانانی كۆگاكانی هه‌ڵگرتنی ده‌رمان و شێوازی هه‌ڵگرتنیان له ده‌رمانخانه‌كان. چواره‌م: داوا له حكومه‌تی عێراق ده‌كه‌ین ئه‌ویش له لای خۆیه‌وه ڕێوشوێنی توند بگرێته به‌ر بۆ ڕێگه‌گرتن له هاتنی ده‌رمانی خراپ بۆ عێراق، له به‌ر ته‌ندروستیی خه‌ڵكی عێراق به شێوه‌یه‌كی گشتی. هیوادارم هه‌ماهه‌نگی و هاوكاریی زیاتر له نێوان وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له به‌غدا هه‌بێت بۆ ڕێگه‌گرتن له هێنانی ده‌رمانی خراپ بۆ هه‌موو عێراق\"".
ده‌رباره‌ی سيستمى ته‌ندروستیش نێچیرڤان بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه دا كه ئێستا له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك شاره‌زایانی جیهانی سه‌رقاڵی دانانی پلانێكی ستراتیژین و گوتی: \""سیستمی ته‌ندروستی له عێراق و له هه‌رێمی كوردستان به گوێره‌ی خواستی سه‌رده‌میانه‌ی مرۆڤ نییه. ئێمه له هه‌رێمی كوردستان سه‌ره‌ڕای كاركردنی به‌رده‌وام له‌سه‌ر پێشخستنی خزمه‌تگوزارییه ته‌ندروستییه‌كان و فراوانكردنیان، له هه‌مان كاتدا ئێستا به ڕاوێژ له‌گه‌ڵ شاره‌زایانی جیهانی، كار له‌سه‌ر دانانی پلانێكی ستراتیژی ده‌كه‌ین بۆ بواری ته‌ندروستی، بۆ ئه‌وه‌ی سیستمه‌كه له ئاستێك بێت بتوانێ چاره‌سه‌رێكی جێگه‌ی ڕه‌زامه‌نديی هه‌موو لایه‌ك بۆ خه‌ڵكی كوردستان دابین بكات\"".
سه‌رۆك وه‌زيران له به‌شێكی ديكه‌ى گوته‌كانیدا ڕایگه‌یاند: \""ئێمه كار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ین كه بۆ چاره‌سه‌ره سه‌ره‌تاییه‌كان و چاره‌سه‌ره گه‌وره‌كانیش، منداڵی من و منداڵی سه‌رمایه‌دارێك و منداڵی خێزانێكی هه‌ژار بتوانن له نه‌خۆشخانه و كلینیكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان چاره‌سه‌ر بكرێن و بڕوا و متمانه‌ی ته‌واومان به كه‌رتی ته‌ندروستیی خۆمان هه‌بێت و بیر له‌وه نه‌كه‌ینه‌وه بۆ هه‌ر شتێكی بچووك ڕوو له ده‌ره‌وه بكه‌ین، پاراستنی ته‌ندروستی و ڕێگه‌گرتن له نه‌خۆشی و ڕێگرتن له بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای جۆراوجۆر، كار و ئه‌ركێكه ته‌نیا به وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌ت به شێوه‌یه‌كی گشتی ناكرێت، به‌ڵكوو خه‌ڵك به گشتی و پیشه‌وه‌ران و كۆمپانیاكانی كه‌رتی تایبه‌تیش ئه‌ركێكی زۆریان ده‌كه‌وێته سه‌ر شان\"".
سه‌رۆك وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان دووپاتی له‌وه كرده‌وه كه ده‌بێ پزیشكان و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی ڕێزی نه‌خۆش و هاووڵاتیان بگرن، له باره‌ی ئه‌م پرسه‌شه‌وه گوتی: \""هه‌ر لێره‌دا داوا له وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ده‌كه‌م، كه نه‌ك ته‌نیا هه‌وڵی چاره‌سه‌ری نه‌خۆش بدات، به‌ڵكو به‌شێكی كاری گرنگی خۆی له بیر نه‌كات، كه ئه‌ویش ڕێگرتنه له نه‌خۆشی و نه‌خۆشكه‌وتنی خه‌ڵك . ته‌ندروستیی باش، سه‌رمایه‌یه‌كی گه‌وره‌یه بۆ هه‌ر كۆمه‌ڵگه و وڵاتێك و ده‌بێ هیچ لایه‌كمان ئه‌وه له بیر نه‌كه‌ین، كاری وه‌زاره‌ت و ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن، وشیاریی ته‌ندروستیی خه‌ڵكه، پێویسته وشیاریی ته‌ندروستیی خه‌ڵك به‌رز بكه‌نه‌وه، خه‌ڵك هان بده‌ن بۆ وه‌رزشكردن و خۆپاراستن له قه‌ڵه‌وی. ده‌بێ خه‌ڵك هان بده‌ن بۆ خواردنی خۆراكه سروشتییه‌كان و ناوخۆییه‌كان له جیاتی خۆراكه قوتووبه‌ندكراو و چه‌وره‌كان، ئێستا به خۆشحاڵییه‌وه كارگه‌ی ده‌رمان دروستكردن له هه‌ولێر و سلێمانی هه‌یه و زۆر گرنگه ڕێنماییه‌كانی به‌كارهێنانی ده‌رمانه‌كه له لایه‌ن ئه‌و كارگانه‌وه به كوردی له‌سه‌ر هه‌موو ده‌رمانه‌كانیان بنووسرێت، بۆ ئه‌وه‌ی هۆشیاریی هاووڵاتیان به‌رز ببێته‌وه. هه‌روه‌ها ئه‌م كارگانه پێویسته گرنگییه‌كی یه‌كجار زۆر به كوالیتی بده‌ن\"".
دواى ئه‌وه‌ش له وه‌ڵامى پرسيارى ڕۆژنامه‌نووساندا ڕایگه‌یاند: سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان هیچ ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك ڕاناگه‌یه‌نێت و پاش گه‌ڕانه‌وه‌شی له مۆسكۆ له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان كۆ ده‌بێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی گفتوگۆ بكه‌ن له‌باره‌ی ئه‌وه‌ى ئاخۆ چۆن ڕێگاچاره، یان نه‌خشه‌ڕێگایه‌ك دابنێین بۆ سه‌رجه‌م ئه‌و كێشانه‌ی له‌عێراق هه‌ن. ده‌رباره‌ى پرسی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش له كوردستان ڕایگه‌یاند: هه‌ر كاتێك له نێوان لایه‌نه‌كان یه‌كلایی بۆوه به‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تيی هه‌رێم و په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان به یه‌كه‌وه یاخود به ته‌نیا ئه‌نجام بدرێن، ئێمه به مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه پابه‌ندین.
سه‌رۆك وه‌زيرانى هه‌رێمی كوردستان دواى دانانی به‌ردی بناغه‌ی دوو نه‌خۆشخانه و ته‌لاری وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی به ڕۆژنامه‌وانانی ڕاگه‌یاند: به شێوه‌یه‌كی گشتی له كۆبوونه‌وه‌ی دوێنێى سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی فراكسۆن و نوێنه‌رانی كورد له به‌غدا باسی بارودۆخی ئێستا و په‌یوه‌نديی نێوان حكوومه‌تی عێراق و هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و نامه‌یه‌ی له لایه‌ن هاوپه‌یمانی نیشتمانییه‌وه بۆمان هاتووه كرا و بۆ ئه‌وه‌ی هه‌نگاوه‌كانی تر چین بن بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و نامه‌یه، بیروڕا ئالوگۆڕ كرا. زیاتر باس له‌وه ده‌كرێت دوای ئه‌وه‌ی جه‌نابی سه‌رۆكی هه‌رێم له سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ مۆسكۆ گه‌ڕايه‌وه، هه‌وڵ ده‌درێت له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان قسه بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی بزانین چۆن بتوانین به شێوه‌یه‌كی گشتی ڕێگاچاره و نه‌خشه‌ڕێگایه‌ك دابنێین بۆ ئه‌و كێشانه‌ی ئه‌مڕۆ له هه‌موو عێراق به شێوه‌یه‌كی گشتی، هه‌ن.
نێچیرڤان بارزانی گوتی: جه‌نابی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان هیچ ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك ڕاناگه‌یه‌نێت، وا به باش زانرا دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی جه‌نابیان له مۆسكۆ به ڕاوێژ له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان قسه بكات بۆ ئه‌وه‌ی بزانین دوای ئه‌وه چی بكرێ.
له‌باره‌ی پرسی بڕینی بوودجه‌ی كوردستانیشه‌وه گوتی: باسی بڕینی به‌شه بودجه نه‌كراوه، ئێمه ڕێكه‌وتنێكمان له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌یه كه چه‌ند ساڵێك به‌ر له ئێستا كراوه و ڕێكه‌وتنه‌كه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یه ڕێژه‌ی 17% بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان دابین كراوه تا ئه‌و كاته‌ی سه‌رژمێری له عێراق ئه‌نجام ده‌درێت، هه‌ر كاتێكیش سه‌رژمێری كرا ده‌توانرێت به‌شه بودجه‌ی هه‌رێم دیاری بكرێت. وای ده‌بینم و پێویستیشه به‌غدا پابه‌ندی ئه‌و ڕێكه‌وتنه بێت كه له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان كراوه و پاش ئه‌نجامدانی سه‌رژمێری و دواى ئه‌وه‌ى كه ڕوون بووه‌وه هه‌رێمی كوردستان ڕێژه‌كه‌ی چه‌نده، ئه‌و كات به پێی ئه‌و ڕێژه‌یه بودجه‌ی بۆ دابین بكرێت.
سه‌باره‌ت به به‌شدارینه‌كردنی ئۆپۆزسیۆنیش له حكوومه‌ت گوتی: نامه‌یه‌كیان ناردووه و ئێمه خه‌ریكی دیراسه‌كردنی ئه‌و نامهین و داوامان لێ كردوون كه به‌شداری له حكوومه‌ت بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به یه‌كه‌وه ئه‌و كارانه ئه‌نجام بده‌ین، ئه‌مه هه‌ڵبژاردنی خۆیانه و ئێمه ڕێزمان بۆ بۆچوونی ئه‌وان هه‌یه كه به‌شدار نابن، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وانیش ڕێز له ئیراده‌ی ئه‌و حكوومه‌ته بگرن كه به ده‌نگی خه‌ڵكی كوردستان له‌سه‌ر حوكمه و ده‌بێ ڕێزى ئه‌و ده‌نگانه بگیرێ كه ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی هێناوه‌ته سه‌ر حوكم.
ده‌رباره‌ی پرسی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش، نێچیرڤان بارزانی گوتی: ئێمه پابه‌ندین به مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵبژاردن له كوردستان، ڕه‌نگه بۆچوونێكی جیاواز هه‌یه به‌وه‌ی ئایا هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تيی هه‌رێم و په‌رله‌مان و ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان به یه‌كه‌وه له یه‌ك كاتدا ئه‌نجام بدرێن، یاخود به جیا، ئه‌م مه‌سه‌له‌یه هێشتا یه‌كلایی نه‌بۆته‌وه و هه‌ر كاتێكیش یه‌كلايى بووه‌وه، ئێمه به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی وه‌ڵامی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌ده‌ینه‌وه. تا ئێستا ئه‌وه له نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كان گفتوگۆی له سه‌ر نه‌كراوه و هه‌ر كاتێكیش گفتوگۆی له باره‌یه‌وه كرا، وه‌ڵامی كۆمسیۆن ده‌ده‌ینه‌وه.
سه‌رۆك وه‌زيرانى كوردستان دووپاتی كرده‌وه كه ئه‌و به‌رمیله نه‌وته‌ی بڕیار بوو به خۆرایی به هاووڵاتیان بدرێت، دابین ده‌كرێت و ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا كه ئه‌و به‌شه سووتهمهنییهى له به‌غدا بۆ هه‌رێمى كوردستان دێت تاكڕه‌وانه و تاكلایه‌نانه كه‌م كراوه‌ته‌وه و سوپاسگوزاريی خۆيشی ئاراسته‌ی كۆماری ئیسلاميی ئێران كرد به‌وه‌ی له‌وێوه به‌رهه‌مه‌كانى نه‌وت ده‌هێندرێته كوردستان و ئێستا ده‌رگای توركیاش كراوه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانى نه‌وت له‌و دوو وڵاته بهێنین بۆ دابینكردنی به‌شه سووته‌مه‌نی، سه‌رباری ئه‌وه‌ش به به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵانی پێشوو؛ ئه‌م ئه‌مساڵ دابینكردنی سووته‌مه‌نی بۆ هاووڵاتیان باشتر بووه."
