وەڵامی هاوپەیمانی نیشتمانی بۆ هێزە كوردستانییەكان

وەڵامی هاوپەیمانی نیشتمانی بۆ هێزە كوردستانییەكان
11 شوبات / فه‌برایه‌ر 2013 (گوڵان میدیا)- دوای ئەوەی هێزە كوردستانییەكان نامەیەكیان ئاڕاستەی هاوپەیمانی نیشتمانی كردو تێیدا بە 9 خاڵ رێگەچارەو میكانیزمی دەربازبوونی عیراقیان لە كێشەو قەیرانەكان خستبووەڕوو، ئیبراهیم جەعفەری سەرۆكی هاوپەیمانی كوردستانی لە نامەیەكی 10 خاڵیدا وەڵامی هێزە كوردستانییەكانی دواوەتەوە.
جەعفەری لە وەڵامدانەوەكەیدا دەڵێت پێویستە جەخت لەسەر چەند خاڵێكی گرنگ بكەینەوە سەبارەت بەو دۆخەی پێیدا تێپەڕدەبین، ئەوانیش:
1- سەقامگیركردنی دەوڵەت لەسەر بنەمای دەستوور، كاركردن بە یاساو بە دامەزراوەكردنی دامودەگاكانی دەوڵەت، كە دەتوانن كەشوهەوای داوەری و دڵنیایی لای هاووڵاتیان دروست بكەن.
2- بەرجەستەكردنی رۆشنبیری خۆشەویستی و متمانەپێكردن، عیراقییەكان لە هەموو پیلانێك دەپارێزێت و بەدووریدەگرێت لە هەوڵەكانی پارچە پارچەكردن و لاوازكردن، كە دوژمنانمان پیلانی بۆ دەگێڕن، ئەوەش پێویستی بەپشت بەستن بە گوتارێكی نیشتمانیی یەكگرتوو هەیە لەجیاتی گوتاری وروژێنەر و پەرتەوازەكەر.
3- هیچ جێگرەوەیەك نیە بۆ زمانی دیالۆگ لە وڵاتێكی وەك عیراقدا، كە فرە پێكهاتەیە و سامانێكی زۆر و سەركردەی بە توانای هەیە.
4- لەبەرچاوگرتنی بارودۆخە ناهەموارەكان و پلەبەندكردنیان لە پێشینەی كارەكاندا، بەتایبەتی ئەوانەی كە پەیوندییان بە یەكگرتوویی نیشتمانی و ئاسایش و خزمەتگوزارییەكانەوە هەیە، كە بەهیچ شێوەیەك نابێت چاوپۆشییان لەبارەوە بكرێت.
5- هاوكاریكردن و هەماهەنگیكردنی یەكتر بۆئەوەی زۆرترین یاسا لە ئەنجومەنی نوێنەران دەربچوێندرێن و ركابەریكردن لە جێبەجێكردنیان لە دەسەڵاتی جێبەجێكردندا، ئەوەش پاڵنەرێك دەبێت بۆئەوەی عیراق لەسەر رێگەی پێشكەوتن و سەقامگیری پێشڕەوی بكات.
6- پێویستە ژیرمەندبین لە ئاشكراكردنی ئەو هەڵانەی كە تووشی ئەزموونەكە بوون و هەموو لایەنە سیاسییەكانیش بەرپرسیارێتییەكەی دەگرنە ئەستۆ، هەروەها كاركردن بۆ روبەڕوبوونەوەیان بە ئامانجی چارەسەركردنیان و تێپەڕاندنیان، ئەوەش بەمەبەستی خۆشگوزەرانی گەلە ستەملێكراوەكەمان.
7- سەربەخۆبوونی دەسەڵاتی دادوەری، شەفافیەت لە كارەكانیدا لەگەڵ رێزگرتن لە سەروەرییەكانی، هێوركردنەوەی بارودۆخەكەو لێكۆڵینەوە لە هەواڵە پیلانگێڕییەكان و هیچ كەسێك هەڵاوێرد نەكرێت كە یاسای پێشێل كردبێت، ئەوەش هۆكارێكە بۆ سەقامگیربوونی ئاسایش و دادپەروەری.
8- دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەتایبەتی و دەوڵەتانی تر بە گشتی لەسەر ئاڵوگۆڕكردنی بەرژەوەندییەكان و دەستتێوەرنەدان لە كاروبای ناوخۆ، پێگەی عیراق پتەودەكات و دەبێتەمای خێر بۆی بێ ئەوەی ئاسایش و سەروەرییەكانی پێشێلبكرێن.
9- تێڕوانینمان بۆ گەلی كوردمان لێوان لێوە لە رێز و خۆشەویستی و قوربانییەكانی بە درێژایی مێژوو لە بەرچاو دەگرین، بەتایبەتی لە سەردەمی حوكمڕانی بەعسی سەدامی قێزەوندا، كە شان بە شانی برا عیراقییەكانی تێكۆشاوە، ئەمە جگەلە مافە رەواكانیان وەك بەشێك لە گەلی عیراقی خۆشەویست، بەڵكو لە هەموو ئەو ماف و خۆشگوزەرانییانەی كە عیراق هەیەتی بەشدارن.
10- مەترسی بەعس و تیرۆر و تایەفەگەری هەموو رۆڵەكانی گەلەكەمان بێ هەڵاوێردكردن دەگرێتەوە، نەتەوە و كۆمەڵگە زیندووەكان لە بارودۆخە ناهەموارەكاندا دەڕواننە سەركردە مێژووییەكانیان، كە لە پێگەی قوربانیداندا جوامێری دەنوێنن و بەرەو كەناری ئارامییان دەبەن و درێژە دەدەن بەو رێچكە سەركەوتووەی گرتوویانەتەبەر، كە لە سەردەمی رژێمی گۆڕبەگۆڕەوە دەستیان پێكردووە.

جەعفەری لە كۆتایی نامەكەیدا سڵاو رێز و هیوای سەركەوتن بۆ هێزە كوردستانییەكان دەخوازێت، هەروەها سڵاوی خۆیشی بە سەرۆك تاڵەبانی دەگەیەنێت و هیوای زووچاكبوونەوە و تەندروستی باشی بۆ دەخوازێت.

PUKmedia
Top