ڕۆژى 24ى نيسان ده‌كرێته‌ ڕۆژى شه‌هيدى زانكۆيى

ڕۆژى 24ى نيسان ده‌كرێته‌ ڕۆژى شه‌هيدى زانكۆيى
10 شوبات / فه‌برایه‌ر 2013 (گوڵان میدیا)- پێشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ 10ى شوباتى 2013، به‌ سه‌رۆكايه‌تيى نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان و به‌ ئاماده‌بوونى عيماد ئه‌حمه‌د جێگرى سه‌رۆك وه‌زيران، كۆبوونه‌وه‌ى ئاسايى ئه‌نجومه‌نى وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان ساز كرا.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كۆمه‌ڵێك پڕۆژه‌ياسا و پڕۆژه‌ى هه‌مواركردنى ياساكان و چه‌ند ڕێسا و په‌يره‌وێك گفتوگۆى له‌سه‌ر كرا و دواى خستنه‌ڕووى چه‌ندين سه‌ره‌نج و تێبينى له‌ لايه‌ن وه‌زيرانه‌وه‌، په‌سه‌ند كران. له‌ وانه‌: پڕۆژه‌ى هه‌مواركردنى وه‌زاره‌تى كاروبارى كۆمه‌ڵايه‌تى، پڕۆژه‌ياساى زيندووكردنه‌وه‌ى يادى كاره‌سات و ڕاپه‌ڕينى 24ى نيسانى قه‌ڵادزێ، پڕۆژه‌ى په‌يره‌وى ماڵه‌كانى به‌ساڵاچووانى سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تى كار و كاروبارى كۆمه‌ڵايه‌تى.
دواى گفتوگۆ ده‌رباره‌ى پڕۆژه‌ياساى زيندووكردنه‌وه‌ى يادى كاره‌سات و ڕاپه‌ڕينى 24ى نيسانى قه‌ڵادزێ، ئه‌نجومه‌نى وه‌زيران بڕيارى دا كه‌ ڕۆژى 24ى نيسان بكرێته‌ ڕۆژى شه‌هيدى زانكۆيى و هه‌موو ساڵێك له‌و ڕۆژه‌دا يادى شه‌هيدانى زانكۆى سلێمانى له‌ قه‌ڵادزێ كه‌ ساڵى 1974 كه‌وته‌ به‌ر هێرشى فڕۆكه‌ جه‌نگيه‌كانى حكوومه‌تى ئه‌وساى عيراق، له‌ هه‌موو زانكۆكانى هه‌رێمى كوردستان بكرێته‌وه‌.
له‌ كۆتايى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئه‌نجومه‌نى وه‌زيران له‌ سه‌ر پێشنيارى وه‌زاره‌تى بازرگانى و پيشه‌سازيى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، گفتوگۆى له‌سه‌ر يه‌كخستنى باجى هێماى بارزگانيى هه‌رێم له‌گه‌ڵ باجى هێماى بارزگانيى حكوومه‌تى فيدرالى كرد كه‌ وه‌زاره‌تى دارايى و ئابووريى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانيش لارى له‌سه‌ر نيه‌، به‌م پێيه‌ش بڕيار درا له‌ هه‌رێمى كوردستان كار به‌ هێماى بازرگانيى حكوومه‌تى فيدرالى عيراق بكرێت.
Top