ئەردوغان: ئەگەر حكومەتی كوردستان پشت لە ئێمە نەكات، ئێمە پشتی لێ ناكەین
سەرۆك وەزیری توركیا لە وەڵامی پرسیارێك سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان كوردستان و توركیادا گوتی: ئەگەر حكوومەتی كوردستان واز لە توركیا نەهێنێت و پشتی توركیا بەر نەدات ئەوا توركیا بە هیچ شێوەیەك ئامادە نییە واز لە حكوومەتی كوردستان بهێنێت و پشتی بەربدات بە تایبەتی لە بواری وزە و نەوتدا و ئێمە وەكو توركیا لە هەوڵی ئەوەداین كە لەم بوارانەدا پەیوەندییەكانی خۆمان لەگەڵ حكوومەتی كوردستاندا بەرفراوانتر و بەهێزتر بكەین.
ئەردۆغان سەبارەت بە نارەزایەتی بەرپرسانی ئەمریكا لە سەر مۆركردنی پەیمانی جۆربەجۆر لە بواری نەوت و وزە لەگەڵ حكوومەتی كوردستاندا گوتی: ئەمریكاییەكان داوا لە ئێمە دەكەن كە لە چوارچێوەی دەسەڵاتی بەغدادا هەڵسوكەوت لەگەڵ هەولێر بكەین، ئەمەیش هیچ سوودێكی بۆ توركیا نابێت و توركیا بڕیاری خۆی داوە و لەگەڵ هەولێردا پەیوەندییەكانی خۆی لە هەموو روێکەوە بەرفراوانتر دەكات و هەولێریش لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا مافی خۆی هەیە كە نەوت و سەرچاوەكانی دیكەی وزە هەناردە بكات، چونكە داهاتی ئەم هەناردەكردنە تەنیا بۆ هەولێر و حكوومەتی كوردستان نابێت، بەڵكو بۆ هەموو عێراقە.
