سەفین دزەیی: ئەنجومەنی وەزیران لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی پێكهێناوە بۆ دەستنیشانكردنی هۆكاری ئاگركەوتنەوەكەی بەشی ناوخۆیی فیردەوس لە شاری سلێمانی
لەم بارەیەوە سەفین موحسین دزەیی وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێم رایگەیاند: بە داخەوە شەوی رابردوو بەشی ناوخۆیی فیردەوس سەر بە پەیمانگەی تەكنیكی سلێمانی ئاگری گرت و بەو هۆیەوە دوو قوتابی و پاسەوانێك گیانیان لەدەست داو ژمارەیەكی دیكەش بەشێك لەجەستەیان سووتاو برینداربوون.
ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەربڕینی خەم و نیگەرانی بۆ ئەو رووداوە دڵتەزێنە، سەرەخۆشی لە خانەوادەی ئەو دوو قوتابیە و پاسەوانەكە دەكات كە بەو هۆیەوە گیانیان لە دەست داو هیوای چاكبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەكان دەخوازێت.
دزەیی گووتی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بە فەرمانی ژمارە 1236 لە بەرواری 4/2/2013 لیژنەیەكی بۆ لێكۆڵینەوە لەڕووداوی ئاگركەوتنەكە پێكهێناوە كە ئەمە دەقەكەیەتی:
بۆ لێكۆڵینەوە لەڕووداوی ئاگركەوتنەوەكەی بەشە ناوخۆیی (فیردەوس)ی سەر بە پەیمانگەی تەكنیكی سلێنی لە گەڕەكی سەرچنارو دەستنیشانكردنی هۆكاری ئاگركەوتنەوەكەو دیاری كردنی لایەنی كەمتەرخەم و بەرپرس لە نەبوونی پێداویستی سەلامەتی و نەبوونی ئاگاداركەرەوەی پێشوەخت لە بینایەی بەشە ناوخۆییەكان، هەروەها بۆ هەڵسەنگاندنی ئەدائی بەڕێوەبەرایەتی فەرمانگە پەیوەنددارەكان لە كۆنتڕۆڵ كردنی رووداوەكەو پاراستنی گیانی هاوڵاتیان بڕیارماندا:
1- پێكهێنانی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە بە سەرۆكایەتی بەڕێز لیوا د. سالار عبدالله راگری كۆلیژی پۆلیس و ئەندامیەتی ئەم بەڕێزانەی خوارەوە.
أ. عمید نەوزاد عەلی كەریم، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی.
ب. عمید دیار ابراهیم محی الدین بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سلێمانی.
ج. د. ئالان فەرەیدون عەلی ، راگری پەیمانگەی تەكنیكی سلێمانی.
د. بەرهەم ئەحمەد رەشید، قائمقام لە دیوانی پارێزگای سلێمانی، نوێنەری پارێزگای سلێمانی.
2- ئامادەبوونی نوێنەری فەرمانگەی داواكاری گشتی لە سلێمانی لە لیژنەی لێكۆڵینەوەكە.
3- لیژنەی ئاماژە پێكراو راپۆرتی لێكۆڵینەوەكەی بەرز دەكاتەوە بۆ ئەم سەرۆكایەتیەو پێویستە ووردەكاری رووداوەكەو هۆكارەكانی و لایەن و كەسی بەرپرس دیاری بكەن و پێشنیاری ئیجرائاتی یاسایی گونجاو بكەن لەو رووەوە.
