سەرۆك بارزانی داوا لە حكومەت دەكات بەتەنگ زیالنێكەوتوانی لافاوەكانی كوردستانەوە بكەون
دوای ئەوەی لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا شەپۆڵێكی بارانبارین و سەرما كوردستانی گرتەوە بە داخەوە ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیان لە ئەنجامی بارانی زۆر و لافاوەوە تووشی زەرەر و زیانی گیانی و ماددی هاتوونە. وێڕای دەربڕینی هاوخەمی و پاڵپشتیم بۆ ئەو ئازیزانە سەرەخۆشی لە كەسوكاری قوربانییانی ئەو ڕووداوانە دەكەم. داوا لە سەرجەم دامودەستگە پێوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێم دەكەم بە هەموو توانایەكیانەوە یارمەتیی زیانلێكەوتوان بدەن و بەدەم داواكارییەكانیانەوە بچن.
ئاگاداری بارودۆخی خوشك و برایانی ڕۆژئاوای كوردستانیشم لە كەمپەكاندا. هەست بە ئێش و ئازارەكانیان دەكەم. داواكارم لە حكوومەت و ڕێكخراوە ناحكوومییەكان و هاووڵاتیانی كوردستان كە لەو ساتە سەختانەدا زیاتر بە هانایانەوە بچن. ئەوان كەسوكاری ئێمەن و ئێش و ژان و چارەنووسمان هاوبەشە.
