وتارى نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆك وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان له ڕێوڕه‌سمى ده‌رچوونى خولى يانزه‌هه‌مينى كۆليژى پۆليس له هه‌ولێر
به‌ڕێزان ده‌رچوانی كۆلێژی پۆلیس،
به‌يانيتان باش، هه‌موو لايه‌كتان به‌خێر بێن، به‌سه‌ر چاو.
جێگه‌ی شانازییه كه له خزمه‌ت ئێوه‌دا، ئه‌م وتاره پێشكه‌ش ده‌كه‌م، ئه‌مڕۆ هه‌موومان به بۆنه‌ی كۆتایی هاتنی خولی یانزه‌هه‌مينه‌وه، ئاهه‌نگ ده‌گێڕين. دڵنیا‌م كه ئه‌م خوله ئێوه‌ی ئاماده كردووه، بۆ ئه‌و به‌پرسیاریه‌تیانه‌ی كه حكوومه‌تی هه‌رێمى كوردستان پێتان ده‌سپێرێت.
ئه‌م ئاهه‌نگه بۆ دوو سه‌ركه‌وتنه، یه‌كه‌م بۆ ئه‌و هه‌وڵ و كۆششه‌يه كه ئێوه‌ی گه‌یاندۆته ئێره، دووه‌ميش بۆ ئه‌و هه‌وڵ و كۆششه‌يه كه لێره به‌دواوه ده‌ست پێده‌كات. ئێستا ئێوه وه‌ك ئه‌ندامانی هه‌ڵسوڕاو و به‌شدار؛ خزمه‌ت پێشكه‌ش به ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن.
وه‌ك ده‌ستپێكێكی كورت و وه‌ك بیرخستنه‌وه‌یه‌ك، ده‌مه‌وێ باس له‌و بنه‌مایه بكه‌م كه كۆلێژی پۆلیس ئێوه‌ی له‌سه‌ر په‌روه‌رده كردووه، كه ئه‌ويش بریتیه له به‌رپرسیارێتی. له سه‌رتان پێویسته ڕێز له‌و به‌رپرسیارێتیه بگرن، كە پێگه‌تان له ژیاندا بۆ ئێوه‌ی دروست كردووه. ئێوه به‌رپرسیارن له به‌رامبه‌ر ئه‌زموون و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان، به‌بێ به‌رپرسیارێتی؛ ناتوانن هه‌لومه‌رجی ئێستا بگۆڕن. به‌ڵێ ئێوه ده‌بێ داینه‌مۆی گۆڕانكارى بن، به‌ڵام گۆڕانكاريه‌ك بۆ باشتركردن. گۆڕانكاريى دروست؛ بریتیه له‌وه‌ی كه هه‌ر یه‌كێك ئه‌ركی خۆی ئه‌نجام بدات و دڵسۆزانه كاری خۆی ڕاپه‌ڕێنێت. ئه‌وه‌یه كه ئه‌وپه‌ڕی توانای خۆتان بخه‌نه گه‌ڕ، له‌وه‌دا كه تا ده‌توانن كه‌سانی چاكساز بن و به‌شی خه‌ڵكی بده‌ن له به‌رهه‌می ئه‌و ئه‌زموونه‌ی كه به ده‌ستتان هێناوه، كه ئه‌ویش بریتیه له پارێزگاریكردن له ماف و ئازادییه‌كانیان. دەبێ بزانین تێكوشان لە پیناو ئازادی‌دا ئەركێكی زۆر پیرۆزە، بەڵام پاراستنی ئەركێكی پیرۆزترە.
هه‌میشه له یادتان بێت كه كه‌مێك له دڵسۆزی و دڵنه‌رمی و ڕووخۆشی، دڵی ژماره‌یه‌كی زۆر له خه‌ڵك ده‌جوڵێنێت. ده‌مه‌وێ بڵێم: به‌بێ پشتیوانيی خه‌ڵك و ڕه‌زامه‌ندییان و خۆشه‌ویستیان بۆ ئه‌و ئه‌ركه‌ی كه ئێوه ڕایده‌په‌ڕێنن، كاری ئێوه ئاسته‌م ده‌بێت. ئه‌گه‌ر ئێوه باوه‌ڕتان به‌وه هه‌یه كه هه‌موو ژیانه‌كان به‌هایه‌كی یه‌كسانیان هه‌یه، ئه‌وا به دڵنیاییه‌وه باوه‌ڕتان به‌وه‌ش هه‌یه كه پارێزگاریكردن له ژیانی هاووڵاتییان ده‌بێ به‌بێ جیاوازی بێت، هه‌روه‌ها مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیان بێ جیاوازی و مامه‌ڵه‌یه‌كی دروست بێت.
ئاشكرایه كه به‌ده‌ستهێنانی ئه‌م بڕوانامه‌یه‌تان؛ هه‌وڵێكی زۆری ویستووه. وه‌ك كاری هه‌میشه‌یی خۆم، له نزیكه‌وه چاودێريی كار و چالاكيه‌كانی وه‌زاره‌ته‌كه‌تانم كردووه. ماوه‌یه‌ك پێش ئه‌وه‌ی بێم بۆ خزمه‌تتان، چه‌ند دۆكیومێنتێكم له‌مه‌ڕ كۆلێژه‌كه‌تان خوێنده‌وه. به پێی په‌یڕه‌و، ئێوه ڕۆژانه دوو كاتژمێر مه‌شقتان له‌سه‌ر چه‌كی تایبه‌ت به ئه‌ركی پۆلیس ئه‌نجام داوه، هه‌روه‌ها چوار كاتژمێر له‌سه‌ر بابه‌ته یاساییه‌كان و وانه‌كانی مافی مرۆڤ و تیرۆر و دژه‌تیرۆر و ئه‌ركه‌كانی پۆلیس به‌رامبه‌ر به هاووڵاتییان و كۆمه‌ڵگای شارستانی، وانه‌تان وه‌رگرتووه. له‌مه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت كه چه‌نده له‌سه‌ر پۆلیس پێویسته بزانێت چه‌ك به‌كار بێنێت، دوو ئه‌وه‌نده‌ش له‌سه‌ری پێویسته كه بزانێ بۆچی و له‌پێناو چ ئامانجێكدا به‌كاری ده‌هێنێت.
چه‌ند هێز پێویسته، دوو ئه‌وه‌نده‌ش هزر، چه‌نده ژیری و عه‌قڵ پێویسته، دوو ئه‌وه‌نده‌ش خۆشه‌ویستی و عه‌شق بۆ كارى ئێوه و خودی مرۆڤەكان پێويسته. كاری ئێوه مه‌شقى هێز و بازوو نیه، به‌ڵكو نیشاندانی سۆز و خۆشه‌ویستییه بۆ هاووڵاتییان. ئێوه ده‌بێ هێزتان به‌كاربێنن له خۆشویستنی خه‌ڵك و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان. ئه‌مه‌ش ده‌بێ له نێو چوارچێوه‌یه‌كی یاساییدا بێته ئاراوه.
با له‌و باره‌يه‌وه سه‌رنجتان ڕابكێشم بۆ یاسای ژماره شه‌شی ساڵی 2009، یاسای وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان، كه ئێوه‌ش به‌شێكی گرنگن له په‌یكه‌ر‌ی ئه‌و وه‌زاره‌ته، بۆیه ئامانجه‌كانی؛ ئامانجی ئێوه‌یه، ئه‌ركه‌كانيش ئه‌ركی ئێوه‌ن. له مادده‌ی دووه‌مدا هاتووه: ئه‌ركی سه‌ره‌كیتان بریتیه له جێبه‌جێكردنی سیاسه‌تی گشتيی حكوومه‌تی هه‌رێمى كوردستان و پاراستنی ئاسایشی گشتی، كه ئه‌مه‌ش به‌رجه‌سته ده‌بێ له كاركردن له‌پێناو چه‌سپاندنی سه‌روه‌ريی یاسا و پارێزگاریكردن له سیستمی گشتی و پاراستنی سامانی گشتی و تایبه‌تی.
هه‌روه‌ها له هه‌مان مادده‌دا ئه‌ركی ئێوه ڕۆشنه، كه بریتیه له كاركردن له‌پێناو پاراستن و زامنكردنی ئازادییه دیموكراتییه‌كان، مافه‌كانی مرۆڤ و به‌رجه‌سته‌كردنی ڕۆڵی ده‌زگاكانی كۆمه‌ڵگه‌ی شارستانی له هه‌رێمى كوردستان. هه‌روه‌ها ئه‌ركتان بریتیه له بڵاوكردنه‌وه‌ی هۆشیاريی ئاسایش و وه‌دیهێنانی ته‌بایی له نێوان هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆ و توێژه هه‌مه‌جۆره‌كانی كۆمه‌ڵگادا.
ئامانج لێبورده‌یی و پێكه‌وه‌ژیانه. ئامانج ئاشتی و خزمه‌تكردنی هه‌موو هاووڵاتییانه به شێوه‌يه‌كى دادپه‌روه‌رانه و به‌بێ جیاوازی. ته‌نها ڕێگه‌ش بۆ به‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجه پیرۆزانه، بریتیه له سه‌روه‌ريی یاسا. به‌ڵێ یاسا نه‌خشه‌ڕێی هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ته‌ندروست و سه‌ركه‌وتووه، چونكه هه‌ر یاسایه ئه‌ركی هاووڵاتيان و ئه‌ركى ده‌سه‌ڵات پێكه‌وه گرێ ده‌دات و ده‌بێته بنچینه بۆ بنیاتنانی دامه‌زراوه.
یه‌كێك له ئامانجه‌كانی ئه‌م كابینه‌یه و كابينه‌كانى پێشترى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان؛ به‌دامه‌زراوه‌ییكردن بووه. سه‌باره‌ت به وه‌زاره‌تی ناوخۆ و به‌دامه‌زراوه‌ییبوونى؛ ده‌ڵێم: ئێوه ڕووه زیندووه‌كه‌ی ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌ن كه دوو جۆر له به‌رپرسیارێتیتان هه‌یه: یه‌كه‌م: به‌رامبه‌ر به‌و دامه‌زراوه‌یه‌ی كه نوێنه‌رايه‌تی ده‌كه‌ن، دووه‌ميش: به‌رامبه‌ر به‌و خه‌ڵكه‌ی كه كۆشش ده‌كه‌ن بۆ خزمه‌تكردن و پاراستنیان. من هه‌م دڵنیا‌م، هه‌م متمانه‌م هه‌یه. دڵنیا‌م له‌وه‌ی كه كۆلێژی پۆلیس ئێوه‌ی به چاكترین شێوه ئاماده كردووه، متمانه‌ى ته‌واويشم به توانا و لێهاتوویی و دڵسۆزیتان هه‌یه، كه ئێوه‌ش به باشترین شێوه خزمه‌ت ده‌كه‌ن له‌پێناو كورد و كوردستاندا.
بۆ ئه‌وانه‌تان كه ڕێگه‌ی خزمه‌ت ده‌گرنه به‌ر، پێویسته ئه‌و ئه‌ركه وه‌ك یه‌كێك له به‌رزترین ئامانجه‌كان بۆ خۆتان په‌سند بكه‌ن. خزمه‌ت پێناسه ده‌كه‌م به هه‌ڵوێستی دروست، به له‌به‌رچاوگرتنی ڕێوشوێنه یاسایی و ئه‌خلاقییه‌كان. هه‌ڵوێست نواندن بۆ چه‌سپاندنی یاسا و به‌رپاكردنی ئاسایش كه به دڵنیاییه‌وه ئه‌وه به‌بێ قوربانیدان نابێ. ئه‌مه‌ش بریتیه له هه‌نگاونان به‌ره‌و بنیاتنانی ئاشتيی كۆمه‌ڵایه‌تی.
من ده‌مه‌وێ لێره‌وه به بير بێنمه‌وه و سوپاسى دووباره‌ى خۆم ئاراسته‌ى هه‌موو ده‌زگا ئه‌منييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بكه‌م، له ئاسايش، له پۆليس، له پێشمه‌رگه، له هه‌موو ئه‌و ده‌زگا ئه‌منيانه‌ى كه ناوم هێنان و ناوم نه‌هێنان، ئه‌وانه به شه‌ونخوونيى خۆيان، به ماندووبوونى خۆيان، ئه‌من و ئاسايشى ئه‌م وڵاته‌يان به‌جێ گه‌ياندووه. ئه‌ركێكى پيرۆزيان له‌سه‌ر شانه، هيوادارم خواى گه‌وره هه‌ميشه سه‌ريان بخات، ته‌مه‌ندرێژ بن، سه‌ركه‌وتوو بن له‌و ئه‌ركه‌ى كه پێيان سپێردراوه. بێگومان هه‌م ئێمه و هه‌م كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان زۆر چاك ئاگادارى ئه‌و ئه‌ركانه‌ين، ئه‌و ئه‌ركانه‌ى كه ئه‌م به‌ڕێزانه، ئه‌م خۆشه‌ويستانه، له‌پێناو ئه‌من و ئاسايشى ئه‌م هه‌رێمه‌دا به‌جێى ده‌گه‌يه‌نن. ديسانه‌وه ڕێز و خۆشه‌ويستى و سوپاسم بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ى كه كار ده‌كه‌ن له ڕووى ئه‌منييه‌وه بۆ پاراستنى هه‌رێمى كوردستان و ئه‌زموونه‌كه‌ى.
ئه‌گه‌ر له‌نێو كۆمه‌ڵگادا كەسانێك هه‌ن ته‌نها به گوتار پارێزگاری له ماف و ئازادییه‌كان ده‌كه‌ن، ئه‌وا ئێوه به كردار ئه‌و به‌رپرسیارێتیه‌تان گرتۆته ئه‌ستۆ و گیانتان كردووه به قه‌ڵغان، بۆ پاراستنی ئاشتی و ئارامی. قسه‌يه‌كى ديكه‌م بۆ ئێوه ئه‌وه‌یه، چ له‌ناو دامه‌زراوه و چ له‌ناو خه‌ڵكدا، له كاتی ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌ركه‌كانتاندا، هه‌وڵ بده‌ن تواناكانتان ئاراسته‌ی خاڵه هاوبه‌شه‌كان بكه‌ن، به‌م شێوه‌یه ده‌توانن به‌رامبه‌ر یه‌كتری لێبورده بن و؛ بۆ خه‌ڵك جڤاتێك ئاوا بكه‌ن، كه تێیدا جیاوازەكان پێكه‌وه ئاهه‌نگ ده‌گێڕن.
خۆشه‌ویستان، وه‌ك یه‌كه‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ ئه‌ركتان پڕه له به‌رپرسیارێتی، هه‌ندێك جار شكست ده‌هێنن و هه‌ندێك جار ئاسته‌نگ دێته ڕێگه‌تان، به‌ڵام شكست؛ ئه‌زموونه‌كانتان ده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌كات و لێیه‌وه فێر ده‌بن، ئاسته‌نگيش به‌هێزترتان ده‌كات و تواناتان پێده‌به‌خشێ بۆ خزمه‌تكردنى باشتر به كۆمه‌ڵگه.
به‌ڵێ كه‌موكوڕى هه‌ن، هه‌ندێكيان په‌یوه‌ندی به سروشتی سياسيى هه‌رێمه‌وه هه‌یه، هه‌ندێكيشيان په‌یوه‌ندى به قۆناغی گوزه‌ره به‌ره‌و دیموكراسی و، هه‌ندێكيش كه‌ڵه‌كه‌بووی كابینه يه‌ك له‌دوا يه‌كه‌كانی هه‌رێمى كوردستانن، به تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی كه په‌یوه‌ندییان به وه‌زاره‌تی ناوخۆوه هه‌یه.
پێویسته شێوه حوكمڕانییه به‌راییه‌كانی پێشوو تێپه‌ڕێنین و؛ ئه‌زموونێكی پێشكه‌وتوو ئاوا بكه‌ین، بۆ ئه‌مه‌ش پێویستیمان به په‌روه‌رده‌كردن هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌كان له لایه‌ن كه‌سانی پێگه‌یه‌ندراوه‌وه چاره‌سه‌ر بكرێن. ئێوه ده‌بێ ئه‌م به‌رپرسیارێتیه بگرنه ئه‌ستۆ، به‌مه‌ش حكوومه‌ت یه‌كێك له ئامانجه‌كانی كه بريتييه له به‌دامه‌زراوه‌ييكردن دێته ئاراوه.
له كۆتاییدا ده‌ڵێم، هه‌رچه‌نده ئێستا خولی یه‌كساڵه‌ی كۆلێژ كۆتایی پێهات، به‌ڵام فێربوون و خۆپه‌روه‌رده‌كردن هه‌رگیز كۆتاییان پێ نه‌هاتووه. داهاتوو زیاترتان فێر ده‌كات و دڵنيام له‌وه‌ى چاكتر فێرتان ده‌كات. له ئه‌زموونی ژیاندا، تاقیكردنه‌وه‌كان كرده‌ییتر و سه‌ختتر ده‌بن، بۆیه ده‌بێ به ئه‌ندازه‌یه‌ك كراوه بن؛ كه له هه‌ڵه‌كانتان و هه‌ڵه‌ی خه‌ڵكی ديكه‌وه فێر بن. ئه‌ركی ئێوه ئاسان نیه، ئه‌ركی ئێوه له ئاستی مه‌زنيی كه‌سایه‌تی و به‌رپرسیارێتيی ئێوه‌دایه.
دوا بیرهێنانه‌وه‌م بۆ ئێوه با ئه‌وه بێت، كه كاتێك له‌گه‌ڵ گرفتێك، یان له‌گه‌ڵ كه‌سانێك ڕووبه‌ڕوو ده‌بنه‌وه، یان كاتێك له‌گه‌ڵ هاووڵاتییه‌ك كه نه‌هامه‌تییه‌كانی ژیان بێزاری كردووه، ده‌سته‌ویه‌خه ده‌بن، داواتان لێ ده‌كه‌م میهره‌بان بن. له‌گه‌ڵ گرفته‌كاندا مه‌جه‌نگن، به‌رهه‌ڵستكاری؛ ڕێگه‌چاره نیه، به‌ڵكو ده‌ست و په‌نجه له‌گه‌ڵ گرفته‌كاندا نه‌رم كه‌ن و هه‌میشه له ژێر ڕۆشنایی یاسادا هه‌نگاو بنێن.
ده‌مانه‌وێ حكوومه‌تی هه‌رێم؛ حكوومه‌تى كارا و به دامه‌زراوه بێت، یه‌كێك له بونیاده سه‌ره‌كیه‌كانی په‌یكه‌ر‌ی هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكی دیموكرات، ئه‌وه‌یه كه هێزێكی په‌روه‌رده‌كراوی هه‌بێت له‌سه‌ر بنه‌ماكانی ڕێزگرتن له ماف و ئازادییه‌كان و پێكه‌وه‌ژیان و ته‌بایی و لێبورده‌یی. وه‌ك حكوومه‌ت چاوه‌ڕوانيی زۆرمان له ئێوه هه‌یه و چاوه‌ڕوانییه‌كانی خه‌ڵك زۆر زیاترن. هیوادارم له ئاست ئه‌و چاوه‌ڕوانیانه‌دا بن.
دووباره له‌م ڕۆژه‌دا كه ڕۆژى له‌دايكبوونى پێغه‌مبه‌رى ئيسلامه (د.خ) پیرۆزباييتان لێ ده‌كه‌م، هه‌ر به‌م بۆنه‌يه‌شه‌وه پيرۆزبايى له هه‌موو گه‌لى كوردستان و هه‌موو گه‌لانى موسڵمان ده‌كه‌م، ئيوه‌ش هه‌ر شاد و سه‌رفراز و سه‌ركه‌وتوو بن، له‌پێناو خزمه‌تكردنى وڵاته‌كه‌تاندا. ديسانه‌وه پيرۆزباييتان لێ ده‌كه‌م و به‌خێر بێن به‌سه‌ر چاو.
