بکوژەکەی پاریس ئاشکرا کرا

بکوژەکەی پاریس ئاشکرا کرا
22ی‌ كانوونی‌ دووه‌م/ یه‌نایه‌ر (گوڵان میدیا)- ئەو پیاوەی کە شۆفێری ساکینە جانسز بووە بە فەرمی تۆمەتبارکرا بە کوشتنی سێ ژنە چالاکوانە کوردەکە لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا.

پۆلیسی فەڕەنسا رایگەیاند کە عومەر گونەی 30 ساڵ، لەژێر لێکۆڵینەوە دایە تا بزانرێت ئاخۆ کارەکەی بەتەنیا ئەنجامداوە یاخود لەگەڵ گرووپێکی تیرۆریستیدا.

فرانسوا مۆلین لێکۆڵەری پۆلیس لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند \"پێمان وایە کە ناوبراو بکوژەکەیە یا یەکێک لە بکوژەکانە\"".

مۆلین هەرەوها ئەوەشی راگەیاند کە گونەی لەگرتەی ڤیدیۆیدا دەرکەوتووە کە لەکاتی رووداوەکەدا لەناو باڵەخانەی سێ ژنە چالاکوانەکەدا بووە. هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە لە رووداوەکەدا 10 گوللە تەقێنراوە- چواریان بەر ساکینە جانسز کەوتوون و سێی دیکەش بەر دوو قوربانییەکەی دیکە.

هەرچەند چەکەکان نەدۆزراونەوە، بەڵام لێکۆڵەرەوان پێیان وایە کە تەنیا یەک دەمانچە بەکارهاتووە. لێکۆڵەرەوان هەروەها ئەوەشیان خستەڕوو کە جانتایەک لەناو ئۆتۆمبێلی عومەر گونەیدا دۆزراوەتەوە کە پاشماوەی تۆزی باروتی پێوەبووە کە پێدەچێت دەمانچەکەی تێدا هەڵگیرابێت.

رۆژی 9 ی ئەم مانگە سێژنە چالاکڤان ساکینە جانسز و فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز لە پاریس بە کوژراوی دۆزرانەوە.

-رووداو"
Top