سه‌رۆكى هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ شاندێكى عه‌شایه‌رى عه‌ره‌بى عێراق ده‌كات

سه‌رۆكى هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ شاندێكى عه‌شایه‌رى عه‌ره‌بى عێراق ده‌كات
17ی‌ كانوونی‌ دووه‌م/ یه‌نایه‌ر (گوڵان میدیا)- دوێنێ چوارشه‌ممه‌ به‌رێز مسعود بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌ڵاحه‌دین پێشوازیكرد له‌ شاندێكى عه‌شایه‌رى عه‌ره‌بى عێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تى میر فه‌واز محه‌مه‌د ژیاب ئه‌لجربا میرى هۆزى شه‌مه‌ر .

له‌ دیدارێكدا ، میر فه‌واز محه‌مه‌د ژیاب ئه‌لجربا به‌ ناوى عه‌شایه‌رى عه‌ره‌بى له‌ باشوور و ناوه‌ڕاست و باكورى عێراق ده‌ستپێشخه‌رییه‌كى پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆك بارزانى كرد بۆ به‌ كۆتاهاتنى كێشه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و دڵنیاكردنه‌وه‌ى سه‌رۆك بارزانى كه‌ عه‌شایه‌رى عه‌ره‌بى به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك به‌شدارى له‌ ململانێى نه‌ته‌وه‌یى ناكه‌ن و به‌ توندیش دژى راده‌وه‌ستن و ته‌ئكیدیشى له‌ رۆڵى عه‌شیره‌ته‌ عه‌ره‌بیه‌كانى كرد له‌ چاره‌سه‌ركردنى گیروگرفته‌كانى عێراق كه‌ خه‌ریكن هه‌ڕه‌شه‌ له‌ یه‌كێتى یه‌ك ماڵى عێراقى ده‌كه‌ن .
هه‌روا ستایشى رۆڵى سه‌رۆك بارزانى له‌ بونیادنانى عێراقى نوێدا و داوایانكرد كه‌ هه‌مدیسان رۆڵى خۆى له‌ هێوركردنه‌وه‌ى ره‌وشه‌كه‌ ببینێ .

سه‌رۆك بارزانى وێراى ده‌ستخۆشى له‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ و هه‌ڵوێستى جوامێرانه‌ى ئه‌و عه‌شیره‌تانه‌ ته‌ئكیدى له‌وه‌كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێم له‌گه‌ڵ هه‌موو ده‌ستپێشخه‌رییه‌كدایه‌ كه‌ كۆتایى به‌ كێشه‌و گیروگرفته‌كانى عێراق بێنێت دوور له‌ به‌كارهێنانى زمانى هێز و چه‌ك و پۆزه‌تیڤانه‌ش له‌گه‌ڵیاندا هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات و به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌كیش ململانێى نه‌ته‌وه‌یى له‌ عێراق ره‌ت ده‌كاته‌وه‌.
Top