راگه‌یه‌نراوی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان
ناتوانن ناسنامه‌ی كوردستانی له كه‌ركووك بسێننه‌وه
سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مرِۆ رێكه‌وتی 16/1/2013 جارێكی دیكه ده‌ستی ره‌شی تیرۆر گورزی خوێناوی وه‌شانده‌وه دڵی كوردستان، شاره‌كه‌ی كه‌ركووكی خۆشه‌ویست و به شێوه‌یه‌كی زۆر تایبه‌تیش باره‌گاكانی پارتی دیموكراتی كوردستانی كردبووه نیشانه و ئامانج.
خۆكوژێك له بارهه‌ڵگرێكدا كه به برِێكی زۆری تی ئێن تی بۆمبرِێژكرابوو، له شه‌قامی ئه‌تڵه‌س له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵگای ئازادی كه به‌شی زۆری باره‌گاكانی پارتی دیموكراتی كوردستانی تێدایه، خۆی ته‌قانده‌وه و له ئه‌نجامیشدا 22 شه‌هید و نزیكه‌ی 200 بریندار و زیانێكی زۆری ماددی له بیناكانی لێ كه‌وته‌وه.
ئه‌م كاره خۆكوژییه یه‌كێك بوو له زنجیره كارێكی دیكه‌ی تیرۆریستانه له شاری كه‌ركووك. هه‌ر ئه‌م به‌یانییه‌ش له‌به‌رده‌م باره‌گای سرییه‌ی فریاكه‌وتنی دوز له نزیك باره‌گای بازنه‌ی حه‌مرینی سه‌ر به هه‌ڤاڵانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانی هاوپه‌یمانمان ته‌قینه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی تیرۆریستانه بووه هۆی شه‌هیدبوونی 4 پۆلیس و برینداربوونی 28 ـی دیكه.
له‌به‌رده‌م بینایه‌ی كۆنی به‌رِێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی كه‌ركووكیش ته‌قینه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجام درا و 3 شه‌هید و 17 برینداری لێكه‌وته‌وه. ئامانجی سه‌ره‌كی ئه‌م كاره چه‌په‌ڵه‌یش لێدانی كاروانی به‌رسی لقی سێی پارتیمان هه‌ڤاڵ (محمد كمال) بوو كه خۆشبه‌ختانه له‌م هه‌وڵه تیرۆریستییه رزگاری بوو.
ئه‌مرِۆ شاری كه‌ركووك جێ نیشانی سه‌ره‌كی تیرۆریستان بوو. ئامانجیشیان هه‌ر ئامانجی كۆنی نوێیانه بۆ قووڵكردنه‌وه‌ی ململانێكان و گواستنه‌وه‌ی بۆ ئاستێكی ترسناك كه به‌ریه‌ككه‌وتنی نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بی لێ بكه‌وێته‌وه و ده‌ره‌نجام كوردانی كه‌ركووك بتۆقێنن و فه‌شه‌ل به هه‌موو ئه‌و هه‌وڵ و كۆششانه بهێنن كه له‌پێناوی جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140 و چاره‌سه‌ركردنی ناكۆكییه‌كان ده‌درێن.
هاوكات كه به‌شێوه‌یه‌كی زۆر تایبه‌ت باره‌گاكانی پارتیمان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی هاوپه‌یمانمان ده‌كه‌نه ئامانج، مه‌به‌ستیانه په‌یامێك بنێرن تا ئێمه ده‌ستبه‌رداری داوا ره‌واكانمان بین و له‌به‌رده‌م شاڵاوی تیرۆر و مه‌یلی دیكتاتۆری و سه‌پاندنی ئه‌مری واقیع له رێی هێزی سه‌ربازییه‌وه پاشه‌كشه بكه‌ین و چاره‌نووسی كه‌ركووك و ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم بۆ قه‌ده‌رێكی نادیار جێ بهێڵین. ئه‌مه‌یش ئه‌و خه‌ونه‌یه كه ناهێڵین هه‌رگیزاو هه‌گیز، نه‌ك هه‌ر بۆ تیرۆریستان، به‌ڵكو بۆ هه‌ر كه‌س و لایه‌نێكی دیكه‌یش بێته دی كه نیازی هه‌بێ ناسنامه‌ی كوردستانی له كه‌ركووك بسێنێته‌وه.
خه‌ڵكی خۆرِاگری كه‌ركووك و هه‌موو ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم خودان ئیراده‌ی پۆڵایین و مێژووی پرِ سه‌روه‌رین له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی سیاسه‌ته‌كانی ته‌عریب و راگواستن و ئه‌نفالدا، بۆیه ئه‌مرِۆیش له‌به‌رده‌م هه‌رِه‌شه‌ی تیرۆریستان و هاوشێوه‌كانیان چۆك داناده‌ن و خه‌باتی سیاسی و مه‌ده‌نی خۆیان له‌پێناوی گه‌رِانه‌وه بۆ ئامێزی هه‌رێمی كوردستان درێژه پێده‌ده‌ن و جارێكی دیكه رێگه‌ناده‌ن له ژێر ناونیشانی جیاجیا و به پاساوی نوێ، ئه‌جنده‌ی ته‌عریب و داگیركردنه‌وه جێبه‌جێ بكرێته‌وه.
حكومه‌تی فیدراڵ به‌هۆی نه‌هجی تاكرِه‌وانه و خوڵقاندنی قه‌یران له‌دوای قه‌یرانه‌وه ناپه‌رژێته سه‌ر جێبه‌جێ كردنی ئه‌ركه‌كانی و عێراقی وه‌كوو مه‌یدانێكی كراوه جێهێشتووه بۆ ته‌راتێنی تیرۆریستان و بازرگانانی شه‌رِ و ئه‌و هێز و لایه‌نانه‌ی كار ده‌كه‌ن بۆ قووڵتر كردنه‌وه‌ی ململانێكان و گه‌یاندنیان به خاڵی پیاهه‌ڵشاخانی سه‌رتاسه‌ری.
ئێمه‌یش له پارتی دیموكراتی كوردستان وێرِای سه‌رخۆشیمان بۆ خانه‌واده‌ی شه‌هیدان، له هه‌ڤاڵانمان و هاوڵاتیان و پۆلیس و ئاسایش و هیوای هه‌رچی زووتر چاكبوونه‌وه‌یش بۆ برینداران ده‌خوازین. هاوكات په‌یمان به گه‌له‌كه‌مان ده‌ده‌ین، به توندی رووبه‌رِووی تیرۆر و تیرۆریستان ده‌بینه‌وه و حكومه‌تی فیدراڵی عێراقیش ده‌خه‌ینه به‌رده‌م به‌رپرسیارێتی به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنی بانگه‌وازی لایه‌نه سیاسییه‌كان و مه‌رجه‌عه ئایینییه‌كانی عێراق و كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و ده‌نگی نارِه‌زایه‌تی هاوڵاتیان له به‌سره‌وه تا موسڵ، كه ئیتر ده‌ستبه‌رداری نه‌هجی قه‌یرانخولقێنی بهێنێ و بگه‌رِێته‌وه بۆ سه‌ر مێزی گفتوگۆ و سازانی سیاسی و شه‌راكه‌تی نیشتمانی، بۆئه‌وه‌ی عێراق له‌م ته‌نگژه‌یه رزگاری ببێ و له‌كاتێكدا كه ناوچه‌كه‌مان به وه‌رچه‌خانێكی گه‌وره‌دا تێده‌په‌رِێ، با عێراق به ئاسووده‌یی و ئارامی ئه‌م قۆناغه تێپه‌رِێنێ.
سه‌ربه‌رزی بۆ شه‌هیدان و چاكبوونه‌وه‌ی زوویش بۆ یریندارانی زنجیره ته‌قینه‌وه و كاره تیرۆریستیه‌كانی ئه‌مرِۆ كه دڵی كوردستان كه‌ركووكی خۆشه‌ویست به‌گشتی و باره‌گاكانی پارتی دیموكراتی كوردستانیان به تایبه‌تی كردبووه نیشانه و ئامانج.
كه‌ركووك كوردستانییه و به‌م كاره ترسنۆكانه ناتوانن ئه‌و ناسنامه‌یه له‌م شاره مه‌زنه بسێننه‌وه.
مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان
16/1/2013
