لەبەر كێشەی نەبوونی كارەبا كاسبكارانی دیاربەكر تووڕەن
لەم گردبوونەوەیەدا كاسبكارانی بازاری گەورەی دیاربەكر رایانگەیاند، كە هاوكات لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان و سەرماوسۆڵەدا كارەبایان لێ پچڕاوە و رۆژانە تەنیا چەند كاتژمێرێك كارەبایان پێدەدرێت هەر بۆیە ناتوانن بە پێی پێویست كارو كاسبی بكەن.
لە گردبوونەوەكەی دوێنی شاری دیاربەكردا كاسبكارەكان راگەیندراوێكیان پێشكەشكرد و ئاماژەیان بەوە دا كە دەوڵەت هەر مانگ جارێك وەسڵی زۆر سەیر و سەمەرەی كارەبایان بۆ دەنووسێت، بەڵام كەچی لە مانگێكدا بە گشتی 10 كاتژمێر كارەبامان نییە و ئەگەر بارودۆخەكە بەمجۆرە بەردەوام بێت ئەوا هەڵوێستی دیكەی توندمان دەبێت.
كاسبكارانی دیاربەكر ئاماژەیان بەوە كرد كە وەكو یەكەمین هەڵوێست هەڵدەستن بە داخستنی دووكان و شوێنەكانی خۆیان بۆ ماوەی یەك رۆژ، بەڵام ئەگەر دەوڵەت و لایەنە بەرپرسەكان بە دەم داواكارییەكانیانەوە نەچن ئەوا هەڵوێستی توندتریان دەبێت و بەرپرسیاریەتی هەر جۆرە رووداوێكی نەخوازراویش دەوڵەت و بەرپرسانی پەیوەندیدارن.
لە لایەكی دیكەوە بەڕێوەبەری ئیدارەی كارەبای دیاربەكر ئاماژە بەوە دەكات كە بە هۆی بەكارهێنانی كارەبا بە شێوەی قاچاخ لە لایەن كاسبكارەكانەوە، ئیدارەی كارەبای دیاربەكر بۆ ماوەیەك بە مەبەستی لێكۆڵینەوە و دۆزینەوەی تۆڕە قاچاخەكانی كارەبا، تا چەند رۆژێك لە نێو بازاڕدا كێشەی كارەبا دەبێـت، بەڵام دواتر ئەم كێشەیە چارەسەر دەكرێت و لە بەرامبەریشدا كاسبكارانی دیاربەكر دەڵێن مەسەلەی كارەبای قاچاخ بیانوویە و بە ئەنقەست كارەبای بازاڕ دەپچڕێت.
