راگەیاندراوی کۆبوونەوەی فراوانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان

راگەیاندراوی کۆبوونەوەی فراوانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان
15ی‌ كانوونی‌ دووه‌م/ یه‌نایه‌ر (گوڵان میدیا)- بەسەرپەرشتی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی کۆبوونەوەی ئاسایی و فراوانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی ئەمڕۆ ١٤-١-٢٠١٣ ئەنجام درا. دوای دەقیقەیەک وەستان بۆ رێزگرتن لە سەرجەم شەهیدانی کوردو کوردستان و سەروەریان بارزانی نەمر و ئیدریسی هەمیشە زیندو ئەجێندای کۆبوونەوە خرایە ڕوو گفتوگۆی تێرو تەسەلیان لەسەر کرا.

* تەوەری یەکەم بارودۆخی عێرا ق بەگشتی و رووداو و گۆرانکاریە خێراکانی کە لە پڕۆسەی سیاسی ناوچەکە و عێراقدا هاتونەتە ئاراوە گفتوگۆیان لەبارەوە کراو هەڵوێستەیان لەسەر کرا.

شایانی باسە پێش دروست بوونی ئەو ئاڵۆزی و قەیرانەی دوایی کە لە عێراقدا دروست کرا سەرۆک مەسعود بارزانی ئاگاداری خەڵکی کوردستان و عێراقی کردبۆوە کە ڕێڕەوی حوکمڕانی لە حکوومەتی فیدراڵی، عێراق بەرەو قەیران و هەڵدێر دەبات، ئەمە و دەستەیەک لە دەسەڵاتدارانی حکوومەتی فیدراڵ قەیران لە دوای قەیران دەخولقینن کە دەبێتە هۆی بەهەدەردانی وزەو توانای مرۆڤەکان و داهاتە ئابوریەکەی ئەم وڵاتە.

پەرتەوازەیی و یەک هەڵوێست نەبوونی هەمو لایەنەکانی بەشدار لە پرۆسەی سیاسی لە فشار خستنە سەر ئەو بەشەی دەسەڵات بۆ ڕاست کردنەوەی ڕێڕەوی حووکمڕانی و گەڕانەوە بۆ دەستور و رێککەوتنەکان پتر بووە هۆی ئەوەی ئەو کەس و لایەنەی گرنگترین چومگەکانی حوکمڕانی ئێستای بە دەستەوەیە بەرەو تاکڕەوی و پەراوێز خستنی پێکهاتە و لایەنە سیاسیەکان بڕاوت. شایانی باسە ئەم رەوتە چەوتە قبوڵ ناکرێ و دەبێ راست بکرێتەوە چونکە ئەوەی گەلانی عێراق بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی قوربانیان لە پێناو داوە شایستەی ئەم جۆرە حووکم و دەسەڵاتە نیە.

لێرە بەرپرسیاریەتی گرنگ لە رووی نیشتیمانی و ئایینی کەوتۆتە ئەستۆی هاوپەیمانی بە پێداچوونەوەو راست کردنەوەی ئەو رەوتە و ئاراستەی کردنی بەرەو شەراکەتی راستەقینە و رزگارکردنی عێراق لە ئاڵۆزی و قەیرانی زێدەتر.

سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی شارو شارۆچکەکانی عێراق گفوگۆکرا و کۆبوونەوە پشتیوانی لە داوا ڕەواو دەستوری و یاساییەکانی خۆپیشاندەران دەکات و هەر وەکو خۆپیشاندان و دەربڕینی راو بۆ چوونەکان لە چوارچێوەی دەستور و یاسادا بەمافی سەرەتایی هەموو خەڵکی عێراق دەزانێ دوور لە توندوتیژی و کاری تێکدەرانە.

* تەوەری دووەم سەبارەت بە بارودۆخی ناوخۆی کوردستان دوای تاوتوێ کردنی رەوشی کوردستان و رەوتی رووداوەکانی رابردوو ئێستا بۆ دووپات نەبوونەوەی هەموو ئەو ستەم و ناحەقیانەی کە بە درێژایی دەیان ساڵەی دوای دامەزراندنی عێراق دەرحەق بە گەلی کوردستان کراوە، تەبایی و یەکڕیزی تەواوی پێکهاتە و لایەنە سیاسییەکانی پێویستە، کۆبوونەوە لە روانگەی پەرۆشی و بەخەمەوە بوون و هەست بە بەرپرسیاریەتی نەتەوەیی و نیشتیمانی جەختی کردەوە :

١- کوردستانیەکان نەبن بە بەشێک لە کێشەی دابەشبووونی تایفی لە ململانێکاندا چونکە هەندێک لایەنی عێراقی بۆ پتر ئاڵٶزکردنی قەیرانی ئێستا هەوڵ دەدەن هەموو پێکهاتەکان پەڵکێشی دابەشبوونە تایفیەکە بکەن.

٢- بۆ چارەسەری کێسەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ دەبێ دەسەڵات لە بەغدا بگەڕێتەوە بۆ دەستور بە تایبەتی لەسەر جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ و هەموو ئەو پرسانەی پەیوەندیان بە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێمەوە هەیە، هەروەها چەسپاندن وپتەوکردنی یەکڕیزی نیشتیمانی لە هەرێمی کوردستان و عێراق دا و کارکردن بۆ ئەوەی چارەسەری گونجاو بۆ ئەو کێشە ناوخۆییانە بەپێی دەستور بدۆزرێتەوە کە لەنێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ دا هەڵپەسێردراون.

٣- لەرووی هاپەیمانیەتی لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆبوونەوە جەختی لە پابەندبوون بە رێککەوتنی ستراتیژی کردەوە بەزەرورەتی قۆناغەکەی زانی وێڕای پەرەپێدانی، لەگەڵ داوای چاکبوونەوەی بەپەلە بۆ بەرێز مام جەلال و گەڕانەوەی بە تەندروستیەکی باشەوە، هەروەها پارتیمان پەرە بە سیاسەتی پێکەوەکار کردن و یەکتر قبوڵ کردن و دۆستایەتی تەواوی لایەنەکان دەدات بە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنیشەوە.

٤- سەبارەت بە چارەسەری کێشەی کورد لە پارچەکانی دیکەدا کۆبوونەوە دوپاتی کردەوە بژاردەی ئاشتی و دیالۆگ باشترین رێگا چارەسەریە بۆ دۆزی کورد و پشتگیری ئەو هەنگاوە ئەرێنیانەی بۆ چارەسەری کێشەی کورد لە تورکیا دەنرێن دەکەین هەر وەکو لە رابردوو و لە بۆنە جیاجیاکاندا جەنابی سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتی پارتی بناغە و پرنسیپەکانی دووپات کردۆتەوە هەر وەکو پشتگیری مافە رەواکانی کوردانی رۆژئاوامان کردووە لەمەو دواش پشتگیریان دەکەین.

٥- سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆکی هەرێم ، کۆبوونەوە جەختی کردەوە کە لەکاتی یاسایی خۆیاندا ئەنجام بدرێن و داوادەکەین دامودەزگا پەیوەندارەکان زەمینەی پێویست بڕەخسێنن و پێدوایستیەکانیان ئامادە بکەن هەروەها سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پاریزگاکان زۆر دواکەوتووە باشە پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان وادەی پرۆسەی هەڵبژاردن دیاری بکەن و کارە پێویستیەکانی بۆ ئەنجام بدەن تا لەکاتی زوو وە گونجاودا ئەنجام بدرێت.

٦- کۆبوونەوە بە توندی ئیدانەی تیرۆرکردنی سێ ژنە چالاکوانی کوردستانی تورکیای کرد کە لە وڵاتی فەرەنسا ئەنجام دراو ئەم کارەی بە کارێکی ناڕەوا بە گەلی کورد زانی و بەدەستی تێکدەرانەی ئاشتی و پڕۆسەی ئاشتەوایی لە قەڵەم دا بەتایبەتی لەم کاتەدا کە لە رێگای دیالۆگ و ئاشتی هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی کورد دەدرێ لە تورکیا و داواکارین بە زووترین کات ئەنجام دەر و دەستی پشتیان ئاشکرا بکرێ و بە گوێرەی یاسا رەفتاریان لەگەڵدا بکرێت.

* تەوەری سێیەم بارودۆخی ناوخۆیی پارتیمان

دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە تەئکید لە کاری بەردەوام کرایەوە بۆ جێبەجێکردنی بەرنامە و پڕۆگرامی دیاریکراو بە لەبەرچاوگرتنی پرنسیپە رێکخراوەییەکانی پارتی لە پێناو بەدیهێنانی دادپەروەریی و ئازادیەکان و مافە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانمان هەر وەکو لە دروشمە سەرەکیەکانمان دا هاتوون ( نوێبوونەوە، دادپەروەری، پێکەوەژیان).

هەر وەکو چۆن پارتی بڕوای وایە کە دەبێت سیستمی سایسی کوزارشت لە ئیرادەی گەل بکات و کار بۆ جەسپاندنی ماف و ئازادیەکانی هاووڵاتیان بکات کە پشت ئەستوورن بە پرنسیپەکانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و سەروەری یاسا و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان بە پشتگیری کردنی دامەزراوە شەرعی و یاساییەکانی وەکو سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمان و حکوومەت و ئەنجوومەنی دادوەری کوردستان، ئەوەیش کە دەکەوێتە ئەستۆی تەواوی کادیران و ئەندامان و لایەنگرانی پارتیمان، برەودان و پتەوکردنی پەیوەندی دروست و برایانە لە گەڵ جەماوەری کوردستان و سەرجەم حزب و رێکخراوە دیموکرات و ئاشتیخوازەکان.

بۆ رێزگرتن لە خەبات و تێکۆشانی بارزانی نەمر و هاوکار و کادیران و پێشمەرگەکانی شۆڕشی مەزنی ئەەیلول و گوڵانی پێشکەتنخواز لەهەموو لایەک زیاتر پاراستن و پەرەپێدانی هەموو ئەو دەسکەوت وئیستحقاقە نەتەوەیی و سیاسی و ئابوری و کولتوریانەی کە بە خەباتێکی مێژوویی هاتوونەتە دی و لە بنەڕەتدا بەرهەمی خوێنی شەهیدانمان و قوربانیدانی گەلەکەمان بوون دەکەوێتە ئەستۆی لایەنگرو ئەندام و کادیرانی پارتی دیموکراتی کوردستان کە دەبێ هەر یەکەمان لە ئاستی خۆیدا هەوڵی بۆ بدات. هەردەم سەرکەوتووبن بۆ خزمەتی گەل و وڵاتەکەتان.



ئەنجوومەنی سەرکردایەتی

پارتی دیموکراتی کوردستان

١٤-١-٢٠١٣
Top