14ی كانوونی دووهم/ یهنایهر (گوڵان میدیا)- لە میانەی پرۆسەیەکی هەوالگریی ئاسایشی هەولێردا، زانیاری دەست کەوت کە تیرۆریستانی سەر بە گروپی بە ناو دەوڵەتی ئیسلامیی عێراق بە نیازن هەندێ بۆمب و تەقەمەنی بهێننە سنووری پارێزگای هەولێر، تاکو چەند کردەوەیەکی تیرۆریستی ئەنجام بدەن. دوای بەدەست گەیشتنی زانیاری پێشوەختە و بەدواداچوون و چاودێریی ورد، لە رێکەوتی ٥/١/٢٠١٣ لە بازگەی زورگەزراو و دێبەگە، تیرۆریستێک دەستگیر کرا کە لە ناو ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکەیدا ٦ بۆمبی موگناتیسیی حەشاردابوو و بە نیاز بوو بگاتە ناو شاری هەولێر. تیرۆریستی ئاماژە پێکراو ناوی (معن حمد محمد الرملی)یە و خەلکی ناوچەی هێچەلی سەر بە پارێزگای سەلاحەددینە. بۆمبە موگناتیسیەکان لە مادەی تەقەمەنی(C4) پێکهاتبوون.
لێکۆلینەوە لەم دۆسیە بەردەوامە و تیرۆریستی ناوبراویش بە پێی (مادەی٣، بڕگە ٨ی تیرۆر) دۆسیەکەی لەبەردەم دادگایە و دوای وەرگرتنی رەزامەندیی لایەنە یاساییەکان، ئەم ڕاگەیەندراوە بۆ هاوڵاتیانی خۆشەویست خرایەڕوو.
راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر
١٤/١/٢٠١٣