3 سهركردهی"گۆڕان" له بزووتنهوهكه كشاونهتهوه
رەخنەی ئەوان لەوەیە كە پێشوەخت لەبارەی چۆنیەتیی دامەزراندنی ئەو جڤاتەی بە سەركردایەتیی بزووتنەوەی گۆڕان دادەنرێت، گفتوگۆیان لەگەڵ نەكراوە. ئەوان پێیانوایە ئەو جڤاتە \"بە شێوەیەكی تاكڕەوانە\"" دامەزرێندراوە.
بەپێی زانیارییەكانی هەفتەنامەی(رووداو) کە لە ژمارەی ئەمڕؤ دووشەممەدا بڵاوی کردووەتەوە، نەوشیروان مستەفا هەوڵێكی زۆری داوە بۆئەوەی لەو بڕیارە پاشگەزیان بكاتەوە، تەنانەت داوای كردووە كە بچن و دەستكاری پێكهاتەی جڤاتەكە بكەن، بەڵام ئەو هەوڵانە ئەنجامێكیان نەبووە.
پێشتر مەرجی ئەوان بۆ گەڕانەوە ئەوەبوو كە جڤاتی نیشتمانی هەڵبوەشێتەوە، بەڵام بەپێی سەرچاوەیەكی نزیكیان ئێستا دەڵێن ئەگەر جڤاتەكەش هەڵبوەشێندرێتەوە هەر ناگەڕێنەوە.
سالار عەزیز كە یەكێكە لەوانەی ئێستا لە بزووتنەوەی گۆڕان كشاوەتەوە، ئامادەنەبوو لەوبارەوە قسە بكات، تەنیا گوتی \""من لەماڵی خۆم دانیشتووم، بەڵام هیچ قسەیەك لەسەر ئەو بابەتە ناكەم\"".
بڕیاربوو رۆژی 12/1/2013 جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان كۆ ببێتەوە و داوا لەو سێ سەركردەیەش كرابوو بەشداری بكەن، بەڵام ئامادە نەبوون و هەر لەبەرئەوەش كۆبوونەوەكە دواخرا بۆ كاتێكی دیكە.
یوسف محەممەد، رێكخەری ژووری لێكۆلینەوەی سیاسی بزووتنەوەی گۆڕان دواخستنی كۆبوونەوەكەی پشتڕاست كردەوە و لەبارەی هۆكارەكەیشی گوتی \""كۆبوونەوەكە لەبەر ئەو برادەرانە دواخرا، بەڵام ئەم هەفتەیە كۆبوونەوە دەكرێ و هەموو شتێك روون دەبێتەوە كە ئاخۆ ئەو كەسانە دەگەڕێنەوە یان نا\""، بەپێی دەستووری ئەو جڤاتە، تەنیا باژێڕوان و رێكخەری ژوورەكانی گۆڕان و رێكخەری گشتی بۆیان هەیە ئەندامی ئەو جڤاتە بن، بۆیەش ناكرێ ئەوانە بكرێنە ئەندامی جڤاتەكە، بەڵام لە كۆبوونەوەی یەكەمی جڤاتەكەدا چەند كەسێكی دیكەش لە كۆبوونەوەكەدا دانیشتبوون.
یوسف محەممەد نەیشاردەوە كە لەسەر مەسەلەی دامەزراندنی جڤاتی نیشتمانی كێشە هەیە و گوتیشی \""ئێستا گفتوگۆ لەگەڵ ئەو سێ سەركردەیە بەردەوامە بۆئەوەی بگەڕێنەوە\"". هەروەها گوتی \""جگە لەوان كادیری دیكەش هەن رای جیاوازیان هەیە لەسەر ئەو جڤاتە و ناڕازیبوونەكە لەسەر ئاستی خوارەوەش هەیە، بەتایبەتی ئەوانەی لە هەڵبژاردنەكان دەرنەچوون\"".
سەركەوتی كوببە، باژێڕوانی گۆڕان لە سلێمانی، پێیوایە \""وازهێنانی ئەو سێ سەركردەیە لە گۆڕان هیچ كاریگەری نابێ\"" و گوتیشی \""بەهیچ شێوەیەك جڤاتی نیشتمانی هەڵناوەشێتەوە، چونكە ئەو جڤاتە بە تاكڕەوانە دانەمەزراوە، بەڵكو پێشوەخت گفتوگۆی لەسەر كراوە\"".
لەبەرامبەردا هەریەك لە سالار عەزیز و قادری حاجی عەلی رەخنەی تووند لە نەوشیروان مستەفا دەگرن، بەپێی سەرچاوەیەكی نزیك لەو سەركردە لە كار كشاوانەی بزووتنەوەی گۆڕان، ئەوان پێیانوایە \""پێكهاتەی جڤات پێكهاتەی ئیرادەی یەك تاكە كەسە، بەتۆپزی دەیەوێ خۆی بسەپێنێ، لە مێژووی حوكمی شمولی و بەلشەفیانە و خۆماڵیدا لەم وێنە و بابەتانە كەم دێنە بەرچاو\"".
ئەو دوو سەركردەیەی گۆڕان زۆر لە هەنگاوەكانی نەوشیروان مستەفا نیگەرانن و بەپێی هەمان سەرچاوە ئەوانە پێیانوایە بەو هەنگاوە رێكخەری بزووتنەوەی گۆڕان \""هەڵەیەكی كوشندەی كرد، نەك هەر پایەكانی گۆڕانی لەقاند، بەڵكو زەبری لەخۆشیدا\""."
