سبەینێ‌ وەفدی هەرێم دەچنەوە بەغدا

سبەینێ‌ وەفدی هەرێم دەچنەوە بەغدا
12ی‌ كانوونی‌ دووه‌م/ یه‌نایه‌ر (گوڵان میدیا)- بڕیارە سبەینێ‌ یەكشەممە وەفدی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی تەواوكردنی گفتوگۆكان لەبارەی كۆتاییهێنان بە قەیرانەكانی نێوان هەرێم و ناوەند، سەردانی بەغدا بكەن و لەگەڵ وەفدەكەی وەزارەتی بەرگریی فیدراڵ كۆببنەوە.

جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، سەبارەت بە‌و كۆبونەوەیە بە (خەندان)ی راگەیاند: دوای ئەنجامدانی چەند دانیشتنێك لەنێوان لیژنەی كاری هاوبەشی هەرێم‌و ناوەند، سبەی 13/1 كۆبو‌ونەوەیەكی دیكە لەنێوان هەردوولا لە بەغدا بەڕێوەدەچێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، \"لە‌و كۆبونەوەیەدا نۆ خاڵ دەكرێتە بنەمای گفتوگۆ لەنێوان هەردوولا، كە دواتر ئاماژە بە ناوەرۆكی خاڵەكان دەكەین\"".

جەبار یاوەر وتیشی: لە كۆبو‌ونەوەی یەكەمدا كە لە 26/12 بەڕێوەچوو ، ئێمە وەك هەرێمی كوردستان پرۆژەیەكمان پێشكەش بە حكومەتی فیدرڵ كرد، دواتر لە 2/1 كۆبو‌ونەوەیەكی دیكە لە هەولێر بەڕێوەچوو، لەو كۆبوونەوەیەدا حكومەتی فیدراڵ پرۆژەیەكی هێنا وەك وەڵامێك بۆ پرۆژەكەی ئێمە.

راشیگەیاند: لەنێوان ئەو دوو پرۆژەیە لەچەند خاڵێكدا هاوبەشین‌و یەك بۆچوونمان هەیە، بەڵام لەسەر چەند خاڵێكی دیكە بۆچوونی جیاواز هەیە.
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەشی خستەڕوو: ئەو كۆبونەوانە لەنێوان لیژنەی كاری باڵا بەڕێوەدەچێت، كاتێك ئەو لیژنەیە دەگاتە رێككەوتنێك ، ئەنجامەكە ئاراستەی لیژنەی وەزاری نێوان هەردوولا دەكرێت بۆ پەسنددكردنی، دواتر ئاراستەی هەردوو سەرۆك وەزیرانی فیدراڵ و سەرۆكی هەرێم دەكرێت تاكو ئەوانیش پەسەندی بكەن."
Top