پەرلەمانی كوردستان كار بۆ دابینكردنی بودجەی زیاتر بۆ دەستەی مافی مرۆڤ دەكات

پەرلەمانی كوردستان كار بۆ دابینكردنی بودجەی زیاتر بۆ دەستەی مافی مرۆڤ دەكات
10ی‌ كانوونی‌ دووه‌م/ یه‌نایه‌ر (گوڵان میدیا)- ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان، دەڵێت لەگەڵ دەستەی مافی كرۆڤ گفتوگۆمان لەسەر بەرنامەكانی لەمەودوای دەستەكە كردووە و كار بۆ زیادكرنی بودجەی كاركردنیان دەكەین.


سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی کوردستان، سالار مەحمود، بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێیری راگەیاند: بەهۆی ئەوەی كە ساڵانی رابردوو دەستەی مافی مرۆڤ سەرۆكی نەبووە، تا رادەیەك كار و بەرنامەكانی سستیان تێكەوتبوو، بەڵام دوای ئەوەی ئەمساڵ لە پەرلەمانی كوردستان سەرۆكی بۆ دیاری كرا و دەستەكەش یاسای هەیە، دەبێت دەستەكە كارا بێتەوە.

سالار مەحمود، گوتی: لەم روەوە لەگەڵ سەرۆك و ستافی دەستەكە دانیشتووین و بەیەكەوە میكانیزم و بەرنامەكانی دەستەكەمان بۆ ئەمساڵ تاوتوێ‌ كردووە كە كاركردنە لەسەر رەوشی مافەكانی مرۆڤ لەرووی بەستنی كۆڕو وۆرك شوپ و بەشداریكردن لە پرسەكانی مافی مرۆڤ و دەرخستنی رەوشی مافی مرۆڤ و زۆر كاری‌دیکەی تایبەت بەم بوارە.

سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی کوردستان، هەروەها گوتی: بۆ ئەم مەبەستە، دەستەكە وردەكاری و پێویستی بەرنامەكەیان پێداوین و ئێمەش پشتگیریان دەكەین و بە نیازین بە راپۆرتێك ئامادەی بكەین و داوای دیاریكردنی بڕە بودجەیەكی باشیان بۆ بكەین بۆ ئەوەی لە پڕۆژە یاسای ئەمساڵدا جێگیری ببێت.
Top