نێچیرڤان بارزانی و کۆسرەت رەسوڵ جەختیان لەسەر گفتوگۆ و گەڕانەوە بۆ دەستور بۆ چارەسەری کێشەکانی عێراق کردەوە

نێچیرڤان بارزانی و کۆسرەت رەسوڵ جەختیان لەسەر گفتوگۆ و گەڕانەوە بۆ دەستور بۆ چارەسەری کێشەکانی عێراق کردەوە
5ی‌ كانوونی‌ دووه‌م/ یه‌نایه‌ر (گوڵان میدیا)- دوێنێ لە شاری سلێمانی کۆسرەت رەسول عەلی جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد. له‌ دیدارێكدا وێڕای جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌ پته‌وتركردنی په‌یوه‌ندی ستراتیژی نێوان هه‌ردوو حزبی هاوپه‌یمان، بارودۆخی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌ باسی لێوه‌كرا.

له‌ دیداره‌كه‌دا ته‌بایی و یه‌كڕیزی نێو ماڵی كوردی به‌مه‌رجی سه‌ره‌كی سه‌ركه‌وتنی هه‌وڵه‌كان بۆ سه‌قامگیری سیاسی و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ و بره‌ودان به‌ دیموكراسی له‌ قه‌ڵه‌م درا، كه‌ پێویسته‌ سه‌رجه‌م پارت و رێكخراوه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان یه‌ك گوتاری سیاسی و هه‌ڵوێستی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییان هه‌بێت، به‌رامبه‌ر ئه‌و پێشهاتانه‌ی ئه‌گه‌ری روودانیان هه‌یه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی عێراقدا.

سه‌باره‌ت به‌و ته‌نگژه‌ سیاسییه‌ی عێراقی گرتۆته‌وه‌، هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌و راستییه‌ كرده‌وه‌ كه‌ گفتوگۆ و دانوستان و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ده‌ستور تاكه‌ ڕێگه‌ی چاره‌سه‌ری سه‌رجه‌م گیروگرفت و ئاڵۆزییه‌كانه‌.
Top