پیرۆزبایی مەسرور بارزانی بەبۆنەی سەری ساڵی زیایینی
ئومێدەوارین ئەم خوێنرشتنە لە سوریا کۆتایی پێ بهێنرێت و سەرجەم گەلانی سوریا، بە تایبەتی گەلی کوردمان بە مافە رەواکانیان شاد ببن و لە ئاشتی و ئارامیدا ئاسەوارەکانی ئەم وێرانکارییە بسڕنەوە.
لە کاتێکدا پێشوازی لە ساڵی نوێ دەکەین کە عێراق کۆمەڵێک کێشە و گرژیی بەخۆیەوە گرتووە و گرینگترینیشیان کێشەی نێوان هەرێم و لایەنێکی بڕیاربەدەستی دەسەڵات لە بەغدایە. هیوادارین بە پابەندبوونی گشت لایەک بە دەستوور و بنەماکانی یەکسانی و بەشداریی راستەقینە لە بەرێوەبردنی وڵاتدا ئەم کێشانە کۆتایی پێ بهێنرێت و عێراق لە هەر جۆرە عەقلییەتێکی تاکڕەوی و پاوانخوازی دوورکەوێتەوە.
لە ئاستی هەرێمی کوردستانێشدا هیوادارین هەروەک ئێستا بە تەبایی و هاوهەڵوێستی بتوانین ڕووبەڕووی گشت پێشهاتەکان ببینەوە و هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ پتەوترکردنی ئەم تەباییە و بەتایبەت ئەم یەکڕیزییە دەبێت لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی سنووری ئیدارەی هەرێم ڕەنگدانەوەی هەبێت. ئەم هاوهەڵوێستییەی سەرکردایەتی سیاسیمان جێگەی پێزانینی گشت پێکهاتەکانی گەلەکەمانە و ئومێدبەخشە بۆ مسۆگەرکردنی داهاتوویەکی پرشنگدار بۆ گەلەکەمان لە دەڤەرەکەدا.
لەم دۆخەدا، جێگەی خۆیەتی پەرۆشیی خۆمان بۆ رەوشی تەندروستیی سەرۆک کۆماری عێراقی فیدرال جەنابی مام جەلال دووبارە بکەینەوە و لە خوای گەورە دەپاڕێینەوە هەرچی زووتر باری تەندروستیی بەریزیان باشتر ببێت.
گەلەکەمان لە هەرێمی کوردستاندا سەلماندی کە گەلێکی خاوەن ورە و بەهێزە و ئامادەیە لە کاتی پێویستدا یەکدەنگ و یەکڕیز هەڵوێست بنوێنێت و بەرگری لە دەسکەوتە نیشتمانیەکانی بکات. ئەم گەلە شایستەی هەموو خزمەتێکە، بۆیەشە لەم بۆنەیەدا هاودەنگ لەگەل زۆربەی جەماوەری خۆراگری کوردستان داواکارم کە ئاستی خزمەتگوزارییەکان و ئاوەدانی پەرەی پێبدرێت و بە توندی هەرجۆرە گەندەڵی و بیرۆکراسییەتێک کە رێگرە لە خزمەتگوزاریی زیاتر بنبڕ بکرێت. داواکارم کە هاوتەریب لەگەل سەرقاڵی بە کێشە سیاسییەکانی هەرێم و بەغدا، بابەتی چاکسازیی ریشەیی، لە بەراهییەکانی جێگەی بایەخی لایەنە پەیوەندیدارەکانمان بێت.
هەموو پیشکەوتنە سیاسی و ئابوورییەکانی هەرێم لە سایەی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمە، بۆیەشە لەم بۆنەیەدا پێویستە دەستخۆشانە و سوپاسگوزاریی گەرمی خۆم ئاراستەی گشت خوشک و برا ماندوونەناس و گیانلەسەردەستانی پێکهاتەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بکەم و ئاواتم تەندروستی و سەرکەوتنی هەمیشەییانە.
جێگەی خۆیەتی لێرەدا ئازایەتی و خۆراگریی برا پێشمەرگەکانی سەنگەرەکانی بەرگری وەبیر خۆمان بهێنینەوە کە لەم کەشە سەختەی وەرزی زستاندا بە ورەیەکی بەرزەوە لە ریزی پێشەوەی بەرگری لە دەستوور و وەستانی دژ بە عەقلییەتی دیکتاتۆریانەن.
جارێکی دیکەش ساڵی نوێ پیرۆزە و ئاواتمان بەختەوەری و خۆشی و شادیی هەمیشەیی پێکهاتەکانی نیشتمانەکەمان و سەرجەم گەلانی ناوچەکەیە.
مەسرور بارزانی
٣١\\١٢\\٢٠١٢
