ژمارەیەكی كەمی ئاوارەكان سەردانی بنكەكانی ناوتۆماركردن دەكەن

ژمارەیەكی كەمی ئاوارەكان سەردانی بنكەكانی ناوتۆماركردن دەكەن
26ی کانوونی یەکەم/دیسەمبەر(گوڵان میدیا)- ژمارەیەكی كەمی ئەو كریستیان و عەرەبانەی كە دانیشتوی هەرێمی کوردستانن ، سەردانی بنكەكانی ناوتۆماركردن دەكەن. لە كاتێكدا هەر كەسێك ئەو كارە نەكات، لە دەنگدان بێبەش دەبێت.

پڕۆسەی تۆماركردنی ناوی \"ئاوارەكان _ كۆچكردووان\"" لە هەرێمدا، تەنیا هاووڵاتیانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەگرێتەوە كە ئێستا نیشتەجێی هەرێمن. 20ـی نیسانی ساڵی داهاتوو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی 14 پارێزگای عێراق دیاری كراوە، بێجگە لە سێ پارێزگاكەی هەرێم و كەركووك كە تا ئێستایش كاتی هەڵبژاردنیان دیار نییە.

ناوتۆماركردن سستە
پڕۆسەی تۆماری ئاوارەكانی ناوچەكانی عێراق كە لە 9ـی ئەم مانگەوە لە هەرێم بەردەوامە و تا 28ـی مانگ دەخایەنێت، بەڵام هاووڵاتیان بە سستی پێوەندی بە بنكەكانەوە دەكەن.

لە دهۆك كە زۆرترین ئاوارەی كریستیان و عەرەبی لێیە، ناوتۆماركردن لە سلێمانی و هەولێر باشترە.

بە گوتەی ئامێدی، تا ئێستا نزیكەی چوار هەزار كەس ناویان تۆمار كردووە و پێشبینیی زیاتریشی لێ دەكرێت.

لە هەولێر كە نزیكەی 13 هەزار ئاوارە مافی دەنگدانیان هەیە، تا ئێستا ڕێژەیەكی كەم پێوەندییان بە بنكەكانەوە كردووە.

بەڕێوەبەری گشتیی كۆمیسیۆن لە هەولێر هەندرێن محەممەد، ئاماژەی دا كە ساردی بە پڕۆسەكەوە دیارە و ئاوارەكان ناچن ناویان تۆمار بكەن.

تا ئێستا لە سلێمانی نزیكەی 700 خێزان سەردانی بنكەكانیان كردووە. لە كاتێكدا نزیكەی 60 هەزار ئاوارە لە سلێمانی هەیە، بەڵام هەموویان مافی دەنگدانیان نییە و منداڵیشی تێدایە.

بەڕێوەبەری گشتیی كۆمیسیۆن لە سلێمانی هاوڕێ تۆفیق، ڕوونی كردەوە كە ناو تۆماركردن كەمە، لە كاتێكدا ڕێژەی ئاوارە بەرزە.

بە پێی سیستەمی كۆمیسیۆن، هەر ئاوارەیەك لە بنكەكانی ناوتۆماركردن خۆی ناونووس نەكات، ئەوا ڕۆژی هەڵبژاردن ڕێگەی دەنگدانی پێ نادرێت.

ناوتۆماركردن قورسە
بەرپرسانی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، كۆمەڵێك خاڵ بە هۆكاری سستیی پڕۆسەی ناوتۆماركردن دەزانن.

هەندرێن محەممەد پێی وایە بەشێكی ئاوارەكان پڕۆسەی هەڵبژاردن بە ماندوێتی دەزانن و بەشێكیش پڕۆسەی ناوتۆماركردن بە قورس دەزانن. ئەگەر كەسێك ناوی بە تۆماری \""لیستی بەیانات\""ـدا نەبوو، ئەوا داوای لێ دەكرێت پشتگیری لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی سەر بە كۆچ و كۆچبەرانی عێراق بهێنێت كە ئەمەیش چوون و هاتنی زۆری دەوێت.

هێشتا ئامارێكی تەواو لای كۆمیسیۆن نییە كە چەند ئاوارە لە هەرێمدا هەیە، بەڵام ئەوە لای وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق هەیە كە ئەمیش كەموكورتی تێدایە.

سەربەست ئامێدی ڕای وایە لە پڕۆسەی ناوتۆماركردندا هەڵەی هونەری هەیە و بێجگە لەوەیش ئەگەری هەیە بەشێك لە ئاوارەكان بۆ ناوچەكانی خۆیان گەڕابنەوە، یان چوونەتە دەرەوەی وڵات یاخود پسوولەی خۆراكیان گۆڕیوە و بوونەتە خەڵكی هەرێم، هەر بۆیە ڕێژەی ناوتۆماركردن كەمە.

هەر ئاوارەیەك لە بنەڕەتدا لە چ پارێزگایەكەوە هاتبێت، لە هەرێمی كوردستانەوە دەنگ بە لیست و پاڵێوراوانی پارێزگاكەی خۆی دەدات.

ئاوارەكان ئەو كەس و خێزانانەن كە لە دوای نۆی نیسانی 2003ـوە ناوچەكانی دیكەی عێراقیان بەرەو هەرێم جێ هێشتووە. بەشێكی ئەوان كریستیانەكانن كە لە ترسی تیرۆر هاتوونەتە هەرێم. بەشەكانی دیكەیان لەبەر بارودۆخی ئەمنی یان هەڕەشەی كوشتن ناوچەكانیان جێ هێشتووە."
Top