20ی کانوونی یەکەم/دیسەمبەر(گوڵان میدیا)- لە لاپەرە دووی ژمارە ٩٢٥ی ڕێکەوتی ١٩/١٢/٢٠١٢رۆژنامەی هاوڵاتیدا، بابەتێک بڵاوکراوەتەوە کە گوایە بە فەرمانی سەرۆکایەتی هەرێم ملازمێک بە پلەی عەقید خانەنشینکراوە. لێرەدا بۆ ڕای گشتی ڕوونیدەکەینەوە کە ئەم بابەتە ڕاست نیە و دەبوایە رۆژنامەی ئاماژەپێکراو بەدواداچوونی زیاتری بۆ بابەتەکە بکردبایە. کەسی ئاماژەپێکراو ناوی تەواوی بەرێز (رزگار عەزیز تەها غەفووری)یە و لەدایکبووی ساڵی ١٩٥٦ ە . بەرێزیان لە بنەماڵەی غەفووریی سنووری شاری کۆیێ یە و خەلکی رۆژهەلاتی کوردستان نیە وەک رۆژنامەکە ئاماژەی پێکردووە، بەرێز رزگار غەفوری دەرچووی کۆلێجی سەربازیی بەغدایە لە ساڵی ١٩٨٤. ئەم بەرێزە دوای دەرچوونی لە کۆلێژی سەربازی بە پلەی ملازمی یەک، پەیوەندیی بە ریزەکانی پێشمەرگە لە شاخ کردووە و بە (ملازم رزگار) بەناوبانگ بووە و ناوی ملازم وەک نازناوێکی شاخ هەمیشە و تا ئێستا لەگەل ناوی هاتووە . لە دوای راپەرین بەرێزیان جێگری بەرپرسی ئاسایشی کۆیە بووە و دواتر لە ١٩٩٤ بۆ ماوەیەک بە پلەی عەقید بەرپرسی ئاسایشی هەولێر بووە. ناوبراو تەنیا لە دوای راپەرین بیست ساڵ و یازدە مانگ خزمەتی بۆ هەژمار کراوە جیا لە خزمەتی پێشمەرگایەتی و هەژمارکردنی جیاوکەکانی وەک دەرچووی کۆلێجی سەربازی کە دەکاتە ٢٨ ساڵ دوای دەرچوونی لە کۆلێجی سەربازی. بۆیە بەرێزیان شایستەی ئەو پلەیەن کە بۆی دیاریکراوە وەک پێشمەرگەیەکی کۆن و وەک کەسێکی مەسلەکیی بواری سەربازی و ئەمنی. هیوادارین لەمەودوا دامودەستگاکانی ڕاگەیاندن بەر لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی لەمجۆرە بەدواداچوونی زیاتر بکەن و بابەتی پەیوەندیدار بە خەلکی تێکۆشەر، بۆ مەرامی سیاسی بەکار نەهێنن.
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان
١٩/١٢/٢٠١٢