نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەریتانیا هانی ڕەوەندی کورد دەدات بۆ بەشداریکردن لە پڕۆسەی کۆکردنەوەی واژووی ئەلەکترۆنی

نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەریتانیا هانی ڕەوەندی کورد دەدات بۆ بەشداریکردن لە پڕۆسەی کۆکردنەوەی واژووی ئەلەکترۆنی
18ی کانوونی یەکەم/دیسەمبەر(گوڵان میدیا)- بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە نوێنەرانی پارت و لایەنە سیاسیەکانی کوردستانی و عیراقی و ڕەوەندی کوردی دانیشتووی بەریتانیا، لیژنەی ناوچەی لەندەنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئێوارە کۆڕێکی بۆ خەسرۆ ئاژگەیی بەڕێوەبەری کۆمەڵگای کوردی لە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا سازکرد.
لەم کۆڕەدا بابەتێك دەربارەی هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژووی ئەلەکترۆنی پێشکەشکرا کە تیایدا داوا لە پەرلەمان و حکومەتی بەریتانیا دەکرێت بە فەرمی جینۆسایدی گەلی کورد بناسێنێت
لە درێژەی کۆڕەکەدا خەسرۆ ئاژگەیی بەڕێوەبەری کۆمەڵگای کوردی لە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا بە تێر و تەسەل باسی لە هەنگاوەکانی نوێنەرایەتی حکومەت کرد بەمەبەستی سەرخستنی ئەم هەڵمەتە. لە لایەکی تریشەوە ئاماژەی بەوەدا کە لەوەتەی ئەو پڕۆسەیە دەستی پێکردووە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاری بەردەوامی کردووە لەگەڵ ڕێکخراو و کۆمەڵە کوردیەکان و هانی پارت و لایەنە سیاسیەکانی کوردستانی و ڕەوەندی کوردی داوە بۆ ئەوەی بە هەموو هێز و توانایان بەشداری لەو پڕۆسەیە بکەن تا ئەو هەڵمەتە ئامانجەکانی خۆی بپێکێ کە خۆی لە ناساندنی جینۆسایدی کورد دەگرێتەوە لە لایەن پەرلەمان و حکومەتی بەریتانیا و بۆ ئەوەی دادپەروەری بۆ کەس و کاری قوربانیانی جینۆسایدی کورد وەدەست بێت.
ئاژگەیی لە درێژەی کۆڕەکەیدا ئاماژەی بەوەدا کە وەدەستهێنانی ناساندنی فەرمی پەرلەمان و حکومەتی بەریتانیا کارێکی یەکجار گرنگە و پێویستە هەموو لایەك لە سەرووی بایەخەکانی خۆیان دابنێن و کاری جیددی لەسەر بکەن. هەروەها ووتی کە پرسی بەنێودەوڵەتیکردنی جینۆسایدی کورد یەکێکە لە ئامانجە ستراتیژیەکانی سەرکردایەتی سیاسی و حکومەتی کوردستان بۆ ئەوەی لە داهاتوودا گەلەکەمان لە لایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بپارێزرێت و ڕێگە لە دووبارەبوونەوەی ئەو کارەساتانە بگیردرێت و قەرەبۆی قوربانیان و زیان لێکەوتوان بکرێتەوە.
هەر لە کۆرەکەدا خەسرۆ ئاژگەیی ئاماژەی بەوەدا کە پڕۆسەی کۆکردنەوەی واژووی ئەلەکترۆنی لە بەریتانیا هەنگاوی باشی بڕیوە و داوای لە ئامادەبوان کرد کە هانی کەس و کار و دۆست و ناسیاوەکانی خۆیان بدەن بۆ ئەوەی بتوانین لەو چەند مانگەی داهاتوودا سەد هەزار دەنگ کۆبکەینەوە و جینۆسایدی گەلەکەمان بکەینە بابەتێکی گفتوگۆ لە نێو تەلاری پەرلەمانی بەریتانیا.
ئامادەبوانیش لە لای خۆیانەوە بەڵێنی ئەوەیان دا کە تەواوی تواناکانیان بخەنە گەڕ بۆ ئەوەی هەڵمەتەکە بەرەو پێشەوە بچێت و پالەپەستۆیەکی جەماوەری دروست بکەن تا پرسی جینۆسایدی گەلی کورد بە فەرمی لە ووڵاتی بەریتانیا بناسرێت.
شایانی باسە هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژووی ئەلەکترۆنی لە ماڵپەڕێکی فەرمی حکومەتی بەریتانیا بەڕێوەدەچێت. پەرلەمانتاری بە ڕەگەز کورد نازم زەهاوی ئەم هەڵمەتەی دەست پێکرد کە پێویستی بە سەد هەزار واژووی ئەلەکترۆنی هەیە بۆ ئەوەی ببێتە بابەتێکی گفتوگۆ لە پەرلەمانی بەریتانیا بەو هیوایەی دواتریش لە لایەن پەرلەمان و حکومەتی ئەو ووڵاتە بە فەرمی بناسرێت.. پێویستە تەمەنی دەنگدەر لە ١٦ ساڵ بەرەو سەرەوە بێت و خەڵکی بەریتانیا بێت یان مافی مانەوەی فەرمی لەو ووڵاتە هەبێت.

بۆدەنگدان تکایە گرتە لەسەر ئەو لینکە بکەن:
http://epetitions.direct.gov.uk/petitions/31014
Top