پارتی دیموکراتی کوردستان پشتگیری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی دەکات لە چالاکیەکانیان دژی ئۆپەراسیۆنی دیجلە

پارتی دیموکراتی کوردستان پشتگیری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی دەکات لە چالاکیەکانیان دژی ئۆپەراسیۆنی دیجلە
6ـی کانوونی یەکەم/دیسەمبەر(گوڵان میدیا)- سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لەبارەگای دەستەی ڕێکخراوە جەماوەریی و پیشەییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ساسان عەونی ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کۆبۆوە .
ئەو ڕێکخراوانە سەرپەرشتی ( کەمپینی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دژی ئۆپەراسیۆنی دیجلە) دەکەن و بەیاننامەیەکی ناڕەزایی پێشکەشی تەواوی دەزگا پەیوەندارەکان دەکەن
لە کۆبونەوەکەدا باسیان لە کارو چالاکیەکانی خۆیان کرد و هەڵوێستی نەگۆڕی خۆیان لە دژی لەشەکرکێشیەکانی حکومەتی بەغدا دووپاتکردەوە و ئاماژەیان بەوەدا کە وەکو ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەردەوام دەبن لەسەر داکۆکیکردن لە پرسە نەتەوەییەکان بە ئەنجامدانی چالاکی جیا جیا .

لەبەرامبەردا ساسان عەونی ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان وێڕای دەستخۆشیکردن لێیان هاوکاری و پاڵپشتی پارتی دیموکراتی کوردستانی پێ ڕاگەیاندن بۆ ئەنجامدانی هەر چالاکیەکی مەدەنی سەبارەت بە پرسە نیشتیمانی و نەتەوەییەکان و ڕایگەیاند کە پارتی دیموکراتی کوردستان هاوشان لەگەڵ تەواوی حزبەکانی تری کوردستان لە ڕێزی پێشەوەی بەرگریین لە کوردستان .

هاوکات ئاماژەی بەوەشدا پێویستە لەپرسی لەوجۆرە هەموو لایەک بێ گوێدانە ئینتیمای حزبی ، کوردستانیانە و پێشمەرگە ئاسا بەرگری لە کوردستان بکەن و ڕوونیکردەوە پارتی دیموکراتی کوردستانیش لەو سۆنگەیەوە هەموو جیاوازیەکان وەلادەنێت و بێ گوێدانە ئینتمای حزبی هاوکاری هەموو لایەک دەکات بۆ هەر چالاکیەک کە خزمەتی کۆمەڵگای کوردستان بکات .
شایەنی گوتنە بەژداربووانی کەمپینەکە پێکهاتبوون لە شانزە ڕێکخراوی جیا جیا
Top