سەرۆک بارزانی: شەڕمان ناوێت بەڵام ئامادەین بەرگری لە گەل و وڵاتمان بکەین

سەرۆک بارزانی: شەڕمان ناوێت بەڵام ئامادەین بەرگری لە گەل و وڵاتمان بکەین
6ـی کانوونی یەکەم/دیسەمبەر(گوڵان میدیا)- مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە پەیجی تایبەتی خۆی لە فەیس بووک پەیامێکی ئاڕاستەی سەرجەم گەلانی عێراق کردووە و تێیدا دەڵێت: نابێت رێگە بدەین ببێتە شەڕی کورد و عەرەب، کوردستانیش ھەمیشە مۆڵگایەک بووە بۆ تێکۆشەرانی عەرەب و ھەموو خەڵکی عێراق.

گەلی کورد ھەمیشە ھەڵوێستێکی بەرگریکارانەی ھەبووەو دژی شەڕ و خوێن رشتن بووە، ئێستاش ھەر ھەمان ھەڵوێستی ھەیە.

لەگەڵ ئەوەی خەڵکی کوردستان تووشی گەورەترین زوڵم و کارەسات بوون، چ لە شۆڕشی ئەیلوول یان لە پرۆسەی ئەنفال چ بە کیمیاباران کردن، لەگەڵ ئەوەش لە کاتی راپەرینی ١٩٩١دا بەوپەڕی ئەخلاق و لێبووردەییەوە رەفتاریان کرد. لەگەڵ ھەموو ئەو تاوانانە گەلی کوردستان بەرەو تۆڵە نەچوو و ھیچ
کاردانەوەیەکیشی دژی عەرەب نیشان نەدا. رێنمایی بارزانی نەمر بۆ ئێمە ھەمیشە ئەوە بوو کە نابێت رێگە بدەین ببێتە شەڕی کورد و عەرەب، کوردستانیش ھەمیشە مۆڵگایەک بووە بۆ تێکۆشەرانی عەرەب و ھەموو خەڵکی عێراق.

خراپترین شت ئەوەیە شەڕ بکەوێتە نێوان دوو نەتەوە، بەداخەوە ئێستا ھەندێک کەس بانگەشە بۆ بەرپاکردنی شەڕی کورد و عەرەب دەکەن. من لەکاتێکدا داوا لە گەلی کوردستان دەکەم رانەکێشرێنە نێو ئەم تەڵەیەوە، داواش لە گەلی ئێراق بە تێکڕا دەکەم دژی ئەم نەھجە ترسناکە بوەستن و، ئەوەی ئەم بانگەشەیە دەکات بەرامبەر خواو گەل و یاسا بەرپرسیار دەبێت.
شەڕمان ناوێت بەڵام ئامادەین بەرگری لە گەل و وڵاتمان بکەین.
Top