تاڵەبانی و نەوشیروان مەستەفا 15 خولەك یەكیان بینی

تاڵەبانی و نەوشیروان مەستەفا 15 خولەك یەكیان بینی
4ـی کانوونی یەکەم/دیسەمبەر(گوڵان میدیا)- تاڵەبانی سەردانی نەوشیروان مستەفا دەکات‌و لەماوەی کاتژمێرێکی کۆبونەوەکەدا چارەکێک بەتەنها هەردوکیان دادەنیشن.

لەسەردانەکەی دوێنێی تاڵەبانیدا بۆ ماڵی نەوشیروان مستەفا کە بۆماوەی کاتژمێرێک بەئامادەبونی د. بەرهەم ساڵح‌و مولازم عومەر عەبدوڵا کۆبونەوە، لەچارەکی کۆتایی کۆبونەوەکەدا مولازم عومەر پێشنیاری کردوە کە خۆی‌و بەرهەم ساڵح بچنە دەرەوەی کۆبونەوەکەوە بۆ ئەوەی سکرتێری گشتی یەکێتی‌و رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان کە دو هاورێی زیاتر لەچل ساڵی یەکترین دوبەدو پێکەوە دابنیشن.
پاش کۆبونەوە یەک کاتژمێرییەکەیان، هەردولا راگەیەنراوێکی رۆژنامەوانی هاوبەشیان بڵاوکردەوە کە ئاماژە بەوەکرابو باس لە بارودۆخی سیاسی عێراق‌و ناکۆکییەکانی ئەم دواییەی نێوان هەرێم‌و بەغدا کراوە‌و هاوکات باس لەبەرەوپێشبردنی پەیوەندی نێوان یەکێتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان کراوەتەوە لەبەر رۆشنایی کۆبونەوەی دومانگ لەمەوبەری میوانخانەکه‌ی تاڵەبانی لەدەباشان.
بەپێی زانیارییەکانی ئاوێنە نەوشیروان مستەفا له‌ماوه‌ی ئه‌و چاره‌که‌دا که‌ پێکەوە دانیشتون‌ باسی لەئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان یەکێتی‌و گۆڕان کردوە‌و تیشکی خستۆتەسەر ئەوەی ئەو ئاساییکردنەوەیە لەلایەن یەکێتییەوە بەباشی ناڕوات‌و تاڵەبانیش بڕیاریداوە ئەو رێگریانە چارەسەر بکات.
سەبارەت بەشێوەی هاتنەکەی تاڵەبانی بۆ ماڵی نەوشیروان مستەفا بەپێی زانایارییەکانی ئاوێنە رێگە نەدراوە تا تاڵەبانی چۆتە ژورەوە‌و دانیشتووە هیچ وێنەیەکی پێشوازیکردنەکە لەلایەن رۆژنامەنوسانەوە بگیرێت.
له‌دوای دروستبونی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه‌ ئه‌مه‌ دوه‌مین جاره‌ تاڵه‌بانی‌و نه‌وشیروان مسه‌ته‌فا پێکه‌وه‌ کۆببنه‌وه‌.

-ئاوێنە
Top