نێچيرڤان بارزانى: نەوتى كوردستان ڕێگای خۆی بۆ بازاڕەكانی جیهان دەدۆزێتەوە
بە خێر بێن بۆ هەولێر، بە خێر بێن بۆ هەرێمی كوردستانی عیراق.
زۆر خۆشحاڵم ئەمڕۆ لێرە لەگەڵ ئێوەی بەڕێز بەشدارم بۆ گوێگرتن و گفتوگۆ ئهنجامدان و بیروڕاگۆڕینەوە، لە سەر بابەتە گرنگەكانی پەیوەست بە پیشەسازيی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستانی عیراق. سوپاسی گرووپی CWC دەكەم بۆ كۆكردنەوەی هەموومان لێرە و سازكردنی ئەم كۆنفرانسە.
ئامادەبووانی بەڕێز...
هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان لە ڕابردوودا ڕێگایەكی دووری پڕ لە ئازار و چەوسانەوەیان بڕی. ئێمە خۆشحاڵ و گەشبینین بەرامبەر بە داهاتوومان بۆ بونیادنانی هەرێمێكی ئاشتیخواز و خۆشگوزەران كه ئابووریەكی گەشەسەندووی هەمەلایەنە دەتوانێ ژیانی هاووڵاتیانمان باشتر بكات و ببێتە هۆی هاندانی بەشەكانی دیكەی عیراق بۆ هەمان تێڕوانین و ستراتیژیەت.
هەموومان دەزانین كە له بەشی زۆری مێژووی هاوچەرخی عیراق، بە تایبەتى عیراقی سەردەمی دیكتاتۆریەت، سامانی سروشتی و داهاتی نەوت بۆ كڕینی چەك و تەقەمەنی و سەركوتكردنی هاووڵاتیانی عیراق و بەرپاكردنی جەنگ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بە كار دەهات. ئەمڕۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێ ڕۆڵی هەبێ لە گۆڕینی ئەو سیاسەتە ههڵهیهی لە ڕابردوو لە عیراق پەیڕەو دەكرا. ئێمە بڕیارمان داوە ڕێگە نەدەین جارێکی تر ئەو تراژیدیایانەی لە ڕابردوو لە عیراق ڕوویان داوه، جارێكى تر دووبارە ببنەوە.
دەستووری عیراقی فیدراڵى كە لە ساڵی 2005 لە لایەن زۆرینەی عیراقیەكان دەنگی لە سەر درا، ماف بە هەرێم و پارێزگاكان دەدات بۆ بەرهەمهێنان و سوودوەرگرتن لە سامانی سروشتيی وڵات، بە شێوەیەك کە له بەرژەوەنديی سەرجەم گەلانی عیراقدا بێت.
ئەگەر بمانەوێت سەركەوتوو بین، دەبێ عیراقی نوێ لە سەر بنەمای هاوبەش لە دەسەڵات و داهات بونیاد بنرێت، دەستووریش هەر ئەوەمان لێ داوا دەكات. حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستووری كردووە بە ڕێبەرێك بۆ ئەنجامدانی كارەكانی بۆ پەرەپێدانی پیشەسازیەكی هاوچهرخ و سەقامگیر و پێشكەوتوو لە بواری نەوت و گاز.
بە دڵنیاییەوە هەندێ جیاوازی لە بیروبۆچوون هەیە لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هەندێك لە بەرپرسانی حكوومەتی فیدرال لە بەغدا. لێكدانەوەی ئەوان بە شێوەیەكە گوایە تەنها ئەوان مافی بەرهەمهێنان و بەڕێوەبردنی سامانی سرووشتیيان هەیە، ئەمە لە كاتێكدایە ڕەفتاری ئەوان دژی دەستووری هەمیشەیی فیدرالە. ئێستا دەبینین پارێزگاكانی تری عیراقیش هەوڵ دەدەن هەمان ڕێچكەی ئێمە بگرنە بەر و كار دەكەن بۆ پیادەكردنی ئەو مافەی كە دەستوور بۆیانی مسۆگەر كردووه.
بهغدا به داخهوه ههميشه له ههوڵی ئهوه دایه پرسی بودجه و نهوت وهكو كارتێكی فشار دژ به ههرێمی كوردستان به كار بهێنێ، ئهمهش به ڕاستی جێگای داخه. له كاتێكدا ئێمه دڵنیاین لهوهی که تهنها به گهڕانهوه بۆ دهستووری عێراقی فيدرالى و ڕێككهوتنهكان، كێشهكان چارهسهر دهکرێن.
دیكتاتۆریەت و دامەزراوەی تاكڕەوی و ئابووریەكی ناوەند و بەڕێوەبردنێكی خراپ، دەبێ چیتر كاری پێنەكری و پشتگوێ بخرێ. داهاتەكانی نەوت و گازی عیراق، پێویستە بە كار بهێنرێت بۆ پاڵپشتیكردن و یارمەتیدانی خواست و داخوازيی نەوەی ئێستا و داهاتوومان، نەك بۆ كڕینی چەكی قورس و زیادكرنی قەیران و تێوەگلانی وڵات لە ناو شەڕ و ئاشووبی زیاتر.
سیاسەتی ڕاست و دروستی وەبەرهێنانى دوای ساڵی 2003 لە هەرێمی كوردستان و پەسندكردنی دەستووری عیراقی فیدرال لە ساڵی 2005 و دەرچوونی یاسای نەوت و گازی هەرێم لە ساڵی 2007، هۆكاری سەرەكی بوون بۆ بەرەوپێشچوونی خێرای پیشەسازيی نەوت و گاز لە هەرێمى كوردستان.
ئێمە بە شێوەیەكی ژیرانە و یاساییانە سەرچاوە سروشتیەكانی خۆمان بە كار دەهێنین، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت لە سەر جێبەجێكردنی سیاسەتی پەرەپێدانی بەردەوام لە ناو هەرێم و پەیوەنديی بازرگانی لە سەر بنەمای بەرژەوەنديی هاوبەش لەگەڵ جیهانی دەرەوە كە سوودی دەبێت بۆ ههموو هاووڵاتیانی عیراق.
باوەڕمان وایە كە دەبێ سیاسەتی نەوت و گاز لە سەر بنەمای هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ یەكتر بونیاد بنرێت، نەك ململانێ.
هەرێمی كوردستان ئێستا بەشێكی پتەوی هاوكێشەی هەرێمی و جیهانييە لە بواری دابینكردنی ووزە، بۆیە ئێستا ههرێمى كوردستان لە سەر نەخشەی جیهانيی بەرهەمهێنانی ووزەیە. یەدەگی هەرێم كە بە 45 ملیار بەرمیل نەوت و 3 تڕیلیۆن مەتر سێجا لە گازی سروشتی دەخەملێنرێت، بڕێكی گرنگ و جێی بایەخى جيهانە.
لێرەدا به ناوی حكومهتی ههرێمی كوردستان و خۆمهوه، زۆر سوپاسی سەرجەم ئەو كۆمپانیا نەوتیانە دەكەین كە لە هەرێمی كوردستان دەستبەكار بوون و بە بڕوایەكی پتەو سەرمایەی خۆیان خستە گەڕ و كاری گەڕان و پشكنین و دۆزینەوە و دەرهێنانی نەوتیان ئەنجام دا. بوونی ئەوان لێرە ئاماژەیەكی ڕوونە كە سەرجەم گرێبەستەكان بە پێی ڕێكاری یاسایی و بنەماكانی دەستوورى بووە. هاوكات زۆر سوپاسی بەڕێز د.ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سروشتیەكان و تەواوی هاوكارانی دەكەم له وهزارهت كە ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە لە سەرخستنی ستراتیژیەتی حكوومەتی هەرێم بۆ دامەزراندنی پیشەسازی نەوت لە هەرێمی كوردستان.
سیاسەتی دروستی ئابووريی ئێمە فاكتەری سەرەكی بوو لە ئەنجامدانی ئەو چالاكیانە و دۆزینەوەی دەیان بیرە نەوت ئاكامی كارەكانمانه و جێگەی شانازیە بۆ تەواوی هاووڵاتیانی عیراق.
دەرەنجامی ئەو پێشكەوتنە خێرایە كە لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوو بە دەست هاتووە، سەدان ملیۆن دۆلار چۆتە سەر داهاتی عیراق بەو هیوایەی حكوومەتی فیدرال بۆ ئاوەدانكردنەوە و پهرپێدان له عيراق بە كاری بێنی. ئێمە لە ساڵی داهاتوو پێشبینی دەكەین كە بتوانین ڕۆژانە نزیكەی 250 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە بكەین. بەرهەمە نەوتیەكانی هەرێمی كوردستان دەبێتە هۆی مسۆگەر كردنی زیاتر لە 8 ملیار دۆلار بۆ عیراق.
ئێمە لە سەر ئەم ڕێگایە بەردەوام دەبین، بە ڕەچاوكردنی ئەو بیرە نەوتانەی كه ههن چاوەڕوان دەكرێت تا ساڵی 2015، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بگاتە یەك ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێكدا، هاوكات لە ساڵی 2019، دەگاتە 2 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێكدا.
ئەمە سەبارەت بە ئاستی بەرهەمهێنان و دۆزینەوەی نەوت، بەڵام لەوەش گرنگتر ئەوەیە چۆن ئەم بەرهەمەی هەرێم و پارێزگاكانی تری باكووری عیراق بگەیەنینە بازاڕەكانی جیهان؟. بە هەبوونی ژێرخانێكی ڕاستەقینەی هەناردەكردنی بەردەست، لە ساڵی 2019 دەتوانین لە هەرێمی كوردستان ڕۆژانە 3 ملیۆن بەرمیل نەوت بگەیەنینە بازاڕەكانی جیهان.
هاوكات كار دەكەین بۆ دەستنیشانكردنی ئاستەنگ و ئهو ئهگەرانهی دهبنە مایهی ڕێگەگرتن لە هەناردەی نەوت و ههوڵ دهدهین ڕێگاكان زیاتر بكهین بۆ گەیاندنی ڕێژهیهكی زياتر له نەوت بۆ بازاڕەكان. ئەمە بە واتای دروستكردنی هێڵێكی گواستنەوەی تری هەناردەكردنى نهوته لە عیراق كه حكوومهتى ههرێمى كوردستان زۆر جددييه له جێبهجێكردنى، ئەویش بە پشتبەستنه بەو دەسەڵاتانەی كه له دەستووردا بە هەرێم و پارێزگاكان دراوە.
پلانەكانمان لە قۆناغی جێبەجێكردندان بۆ دابینكردنی سووتەمەنيی پێویست لە نەوت و گاز و بەنزین و گازۆیل لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی بتوانین بە خۆمان پێداویستيی سووتەمەنی بۆ هاووڵاتیانی خۆمان مسۆگەر بكەین و چیتر لە دوودڵی و له هەڕەشەی بڕینی بەشە سووتەمەنيی هەرێمی كوردستان له لايهن بهغداوه نهمێنين.
هیوادارین هیچ كەس و لایەنێك ئەم سیاسەتەی ههرێمى كوردستان بە هەڕەشەیەك بۆ سەر یەكپارچەیی عیراق و زیادەڕۆییكردن لە بەكارهێنانی دەسەڵاتدا سەیر نەكات.
بە پێی دەستوور، هەناردەكردن و فرۆشتنی نەوت و گاز لە عیراق، مانای قۆرخكردنی سامانی وڵات نییە لە لایەن كۆمەڵە كەسێكەوه كەوا داهاتەكەی بە شێوەیەكی یەكسان بۆ هەموو خەڵكی عیراق بێت. سیاسەت و دەسكەوت و گرێبەستەكان هەمووی بە پێی دەستووری عیراق بووە، بۆیە دووبارە جەخت لە سهر ئهوە دەكەمەوە كە سەرجەم داهاتەكان بۆ سوود و بەرژەوەنديی تەواوی گەلی عیراق دەبێت.
هەنگاوەكانمان، هاوتەریبە لەگەڵ پێویستیەكانی بازاڕ بۆ سەقامگیريی بازاڕەكانی نەوت، ئەوهش بە زیادكردنی بەرهەم لە كاتێكی گرنگ و ههستیار بۆ كەمكردنەوەی ئاڵۆزیى نێودەوڵەتى له بوارى نهوتدا.
بۆ ئەوەی لە نێو تەمومژی گفتوگۆی ئایدۆلۆژی وون نەبین و لە هەنگاوەكانمان بێهوودە نەبین، نەوت و گازی هەرێمی كوردستان ڕێگای خۆی دەدۆزێتەوە بۆ بازاڕەكانی جیهان لە چوارچێوەی ئەو پلانەی كه دامانڕشتووە بۆ دروستكردنی هێڵی زیاتری گواستنەوە بۆ دەرەوە.
لێرەوە دووباره دەمەوێ زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنی هەموو میوانە بەڕێزەكان بكهم، ئامادەبوونتان ئەمڕۆ لێرە وەبیرهێنانەوەیەكی گرنگە بۆ هەماهەنگی لە بواری ووزە و سامانە سروشتیەكان و پاڵپشتييهكه بۆ پهرهپێدانی پهیوهنديی مێژوویی و كهلتووريی نێوانمان.
دروستكردنی پەیوەندیەكی پتەو و سەقامگیر لەگەڵ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و وڵاتانی دیكەی دراوسێى ئێمه، یەكێك بووە لەو سیاسەتانەی حكوومەتی هەرێم زۆر بە گرنگ و بایەخهوه زانیويەتى و سهيرى كردووه.
میوانانی خۆشەویست...
ئێمە هەموومان دەزانین كە ئاسایش و سەقامگیری، فاكتەری سەرەكین بۆ سەرخستنی سیاسەتی ئابووری له هەر حكوومەتێك، ئێمە بەرپرسیاریەتیەكانمان لەو ڕووەوە بە جددی جێبەجێ كردووە. هەرێمی كوردستان هەمیشە و پێشتریش كۆڵەگەیەكی سەقامگیری بووە لە عیراق، دەسەڵاتی چەسپاندنی یاسا به ئاسایش و پۆلیس و پێشمەرگەوه ئەركێكی مەزنیان لە ئەستۆ گرتووە كە مەترسیداره و پڕ لە ڕووبەڕووبونەوەیە.
هەموومان ئاگاداری ئەو مەترسیانەین كە بە هۆی توندوتیژی و توندڕەوی دروست دەبێت. كلیلی سەرەكیى سەركەوتنی هێزەكانمان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پشتگیریەی لە لایەن هاووڵاتیانهوە لێمان دەكرێت، چونكە گەلی ئێمە دەیەوێ بە ئاشتی و ئارامی و دوور لە هەموو شەڕ و توندوتیژیەك بژیت.
بهڕێزان...
هەوڵ نادەم كوردستان وا نیشان بدەم كه دوور بێت له كێشه، ئێمە لە قۆناغی گواستنەوەداین، ئەمەش كاتی زۆری دەوێت و هەندێ جاریش ئاستەنگی گەورەمان دێتە پێش، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە پابەندین بە كاركردن بۆ چارەسەركردنی هەموو كێشەكان لە ڕێگای دیالۆگ و لە چوارچێوەی دەستووری عیراقدا.
هیوادارین كە یاسای نەوت و گازی فیدرالى هەرچی زووتر پەسند بكرێت بۆ سەقامگیركردنی چالاكیەكانی بازرگانيی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان و تەواوی عیراق. بەڵام ئەمەش پێویستە بە پشتبەستن بە ماددەكانی دەستوور بێت، ئەگەرنا هیچ بایەخێكی نابێت. هەروهها پێویستمان بە یاسای دابەشكردنی داهات هەیە، بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی شەفاف و دادپەروەرانە میكانیزمی دابەشكردنی داهاتی وڵات بە سەر گەلانی عیراقدا ڕێك بخرێت.
لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت دەست بكەین بە دانانی پلانێك بۆ ئەوەی سیستەمێكمان هەبێت، بۆ دڵنیابوون لەوەی نەوت و گازی عیراق بۆ سوودی تەواوی نەوەكانی ئەمڕۆ و داهاتووی عیراقە. دهمهوێ جهخت له سهر ئهوهش بكهم كه هاوبەشی لە دەسەڵات فاكتەرێكی گرنگی سەركەوتنی پرۆسەی سیاسیە لە عیراقى نوێدا.
ئێمە لە هەرێمی كوردستان ڕوو لە ئایندەین و بۆ داهاتوو دەڕوانین، هەموو ئەو هەوڵانە ڕەت دەكەینەوە كە بیانەوێ عیراق بەرەو دواوە ببەن و ڕژێمێكی تاكڕەوی لە عیراقدا دروست بكەن.
ئامانجەكانمان بۆ عیراق سادەیە و بڕوامان پێی هەیە، ئێمه عیراقێكی فیدرالى و سیستەمێكی دیموكراتیمان دەوێت كە خزمەت بە تەواوی خەڵكی عیراق بكات و پێداویستیەكانیان بۆ دابین بكات و پارێزگاری لە سەروهريى ماڵی هاووڵاتیان و ئابووريی ئازاد و ئابوورى و ئازاديی سیاسی بكات.
دەمانەوێت دڵنیا بین كە سەرچاوەكانی ووزەمان بە كار دێت بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی ژیان و بەدیهێنانی خەونی هاووڵاتیان بۆ دابینكردنی ئاسایش و خۆشگوزەرانی و ژیانێكی شایستە بۆ هەموو تاكێك له عيراقدا.
دووبارە زۆر سوپاستان دهكهم، سوپاس بۆ هاتن و بەشدار بوونتان، هیوای سەركەوتنيش بۆ كۆنفرانسهكهتان دەخوازم. به خێر بێن سهر چاڤا.
