فەلاح مستەفا پێشوازی لە شاندێكی وڵاتی پۆڵەندا كرد
لەچوار چێوەی سەردانەكەیدا بۆ هەرێمی كوردستان دوێنی بەرێز ڤۆشتاك سیاك جێگری سەرۆكی هەرێمی ڤیلكۆ پۆڵسكای پۆڵەندی بەیاوەری شاندێك سەردانی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردو لەلایەن فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە پێشوازی لێكرا.
لەسەرەتای دیدارەكەدا فەلاح مستەفا پۆختەیەكی لەسەر سیاسەتی حكومەتی هەرێم و هەڵوێستی هەرێم بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكان خستەروو.
29ی تشرینی دووهم/نۆڤمهبهر(گوڵان میدیا)- هەردوولا باسیان لەو بوارانە كرد كە دەكرێت سوودی لێی وەربگرن بۆ بەرژەوەندی هەردوولا بەتایبەتی لە پەیوەندی دامەزراوەكان لە نێوان دەستەكان و زانكۆو دامەرزاوە تایبەتەكان داو هەردوولا كۆكبون لەسەر بەردەوامی ئەو سەردانانە بەمەبەستی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكان.
لەیەن خۆیەوە جێگری سەرۆكی هەرێمی ڤیلكۆ پۆڵسكای پۆڵەندی باسی لە ئامانجی سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان كرد و رایگەیاند وڵاتی پۆڵەندا خوازیارە قوناغێكی نوێ لە پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەستپێ بكات و بۆ ئەم مەبەستەش بڕیاری داوە دوای كردنەوەی كونسڵگەری خۆی لە هەولێر دیپلوماتێك رەوانەی هەرێم بكات .
لە بەرامبەردا فەلاح مستەفا خۆشحاڵی خۆی لە هەمبەر ئەم هەنگاوەی وڵاتی پۆڵەندا دەربڕی و ئامادەیی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دیار كرد بۆ پێش كەش كردنی هەموو هاوكاری و ئاسانكاریەك لەم بوارەدا .
هەروەها ئاماژەی بە سیاسەتی كرانەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دا بەرووی جیهان و هیوای خۆاست دیدارو سەردانەكان بەردەوامیان هەبێت لە پێناو خزمەت گەیاندن و سوود و بەرژەوەندی بۆ هەر دوولا .
بەرێزیان ئەوەشی خستە روو كە هەرێمی كوردستان خوازیارە پەیوەندییەكی پتەوو بەهێزی لەگەڵ پۆڵەندا هەبێت و كردنەوەی كونسڵگەری پۆڵەندا لە هەرێمی كوردستان فاكتەرێكی بەهێزە بۆ زیاتر بەشداریكردنی دامەزراو و كۆمپانیا و وبەرهێنانی پۆڵەندی لە پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی كوردستان بەگشتی و كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار و و ئالوگۆری زانستی و رۆشنبیری و كلتووری.
لەلایەن خۆیەوە شاندی وڵاتی پۆڵەندی ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ زیاتر هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ دام و دەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەشداریكردنی كۆمپانیا پۆڵەندییەكان لە پرۆسەی ئەوەدانكردنەوەی كوردستان.
جێگای ئاماژە پێكردنە هەر یەك لە باڵیوزی وڵاتی پۆڵەندا لە عیراق و كاروان جەمال جێگری بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە و زیاد رەئۆف نوێنەری حكومەتی هەرێم لە پۆڵەندا وسوهام مامەند لەم كۆبوونەوە ئامادە بوون.
