سەرۆكی كوردستان: لیستی هاوبەش لە ناوچە دابڕاوەكان دڵی هەموو كوردستانییەكی شاد كرد

سەرۆكی كوردستان: لیستی هاوبەش لە ناوچە دابڕاوەكان دڵی هەموو كوردستانییەكی شاد كرد
28ی تشرینی دووه‌م/نۆڤمه‌به‌ر(گوڵان میدیا)- سەرۆكی كوردستان لە پەیامێكدا لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك پیرۆزبایی لە هەموو كوردستانیەك كرد بەبۆنەی لیستی هاوبەشی پارتە كوردستانیەكان و رایگەیاند كە ودڵی هەموو كوردستانییەك بەم هەنگاوە شاد و خۆشحاڵ بووە

ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەكەی سەرۆكی كوردستانە:

پیرۆزبایی و دەستخۆشی بۆ پێكهێنانی لیستی هاوبەشی پارتە كوردستانییەكان لە ناوچە دابڕێندراوەكانی كوردستان

رۆژی 27-11-2012 پارتە كوردستانییەكان لە هەنگاوێكی مێژوویدا بڕیاری ئەوەیان دا، بە لیستێكی هاوبەش بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی بەغداو سەرجەم ناوچە دابڕێندراوەكانی كوردستان بكەن، ئەم هەنگاوە بە دەستكەوتێكی گرنگ دەزانم، بۆ زیاتركردنی خەرمانەی گیانی پێكەوەیی و هاوچارەنووسی لە بەجێگەیاندنی ئەركە دیموكراسی و نەتەوەییەكانمان.

بەم هەنگاوەش جاریكی دیكە ئەو راستییە سەلمێنرایەوە، كە رۆڵەكانی كوردستان بە جیاوازی ئینتیمای سیاسی و ئایدیۆلۆژییانەوە، لەبەرامبەر چارەنووسی ناوچە دابڕێندراوەكانی كوردستان و روبەڕوبوونەوەی هەموو ئەو هەوڵانەی گرەو لەسەر پەرتەوازیی ریزەكانی لایەنە كوردستانییەكان دەكەن، لە ئاست بەرپرسیارێتی نەتەوەیی و مێژوویی خۆیاندا دەبن و یەكڕیز دەبن، دڵنیام لەوەی دڵی هەموو كوردستانییەك بەم هەنگاوە شاد و خۆشحاڵ بووە.

بەپێویستی دەزانم دەرگای لیستی هاوبەش لەبەردەم هەموو ئەو خوشك و برایانەدا كراوە بێت، كە لە پێكهاتەی دیكەی نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبین لەو ناوچانەداو، باوەڕیان بە پێكەوەژیان و هاوچارەنووسی و دیموكراسییەت و لێبوردەیی و جێبەجێكردنی دەستوور هەیە. هیوادارم كوردستانیانی خۆشەویست بە گوڕو تینیكی زۆرەوە لەئێستاوە پشتیوانی لەم لیستە بكەن.
Top