گوته‌بێژى حكوومه‌ت: كۆبوونه‌وه‌كانى به‌غدا له كه‌شێكى ئه‌رێنیدا به‌ڕێوه ده‌چن
له لێدوانێكى تایبه‌تدا بۆ سایتى فه‌رمیى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، گوته‌بێژى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، سه‌فین دزه‌یى، ڕایگه‌یاند: دواى ئه‌و گرژى و ئاڵۆزیانه‌ى كه له ناوچه دابڕاوه‌كان دروست بوو، حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بڕیارى دا شاندێكى ته‌كنیكى له وه‌زاره‌تى پیشمه‌رگه ڕه‌وانه‌ى به‌غدا بكات بۆ دانیشتن و گفتوگۆكردن له سه‌ر ئه‌و بارودۆخه‌ى كه ئێستا له ئارادایه و له‌پێناو هێوركردنه‌وه‌ى بارودۆخه‌كه و نه‌هێشتنى گرژییه‌كان، شانده‌كه له كه‌شێكى ئه‌رێنیدا گفتوگۆیه‌كى تێروته‌سه‌لى له‌گه‌ڵ لایه‌نى حكوومه‌تى فیدراڵ له به‌غدا كردووه. شانده‌كه‌ى وه‌زاره‌تى پیشمه‌رگه هه‌روه‌ها له ڕه‌وشى مه‌یدانى ده‌كۆڵێته‌وه و ئه‌و خاڵانه‌ى كه بووه‌ته مایه‌ى گرفت ده‌ستنیشان ده‌كات.
سه‌فین دزه‌یى هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه كه كۆبوونه‌وه‌كانى دوێنێ له كه‌شێكى ئه‌رێنیدا به‌ڕێوه چوون و ئه‌مڕۆش به‌رده‌وامن، ئاماده‌كارییه‌كى ته‌واویش ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ردوو وه‌زیرى به‌ڕێزى ناوخۆ و پێشمه‌رگه سه‌ردانى به‌غدا بكه‌ن و بڕیارى كۆتایى كه بە لاى ئه‌وانه‌وه په‌سه‌نده، بدرێت.
گوته‌بێژى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا كه گفتوگۆكانى به‌غدا له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌و میكانیزمه‌یه كه ساڵى 2009 به هاوبه‌شى له نێوان حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فیدال و هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكادا بۆ باشتركردنى بارودۆخه‌كه و نه‌هێشتنى ئه‌و بارودۆخه نائاساییه‌ى ناوچه دابڕاوه‌كان، دانراوه.
