56 ڕێكخراوەی ناحکومی - بیانی و 13 ئاژانسی سهر به یوئێن له ههرێمی کوردستاندا چالاکییان ههیه
بەڕێوەبەری ڕێكخراوەكە (عەتا محەممەد ئەحمەد) بەرپرسیاریەتیی كەمبوونەوەی یارمەتیی داراییان دەخاتە سەر شانی حكوومەتی هەرێم. ئەو دەڵێ \""حكوومەت سیاسەتێكی ڕوونی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئاژانسەكانی سەر بە یوئێن و ڕێكخراوە بیانییەكاندا نییە. هەمیشە حكوومەت كاری لەسەر ئەوە كردووە كە دۆخی هەرێم پێشكەوتووە و پێویست بە هەبوونی ئەو ڕێكخراوانە بەو چڕوپڕییەی پێشتر ناكات.\""
ڕێكخراوە بیانییەكان ڕوخسەتی كاركردن لە حكوومەتی هەرێم و بە تایبەتیش لە وەزارەتی پلاندانان و فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوە و وەزارەتی ناوخۆ وەردەگرن.
ڕێكخراوی \""ئێن پی ئێی\""ـی نەرویژی كە بارەگای سەرەكی لە سلێمانییە و بنكەی لە هەولێریش هەیە، پێشتر خۆی كارەكانی ئەنجام دەدا، بەڵام ئێستا بە هاریكاریی ڕێكخراوە ناوخۆییەكان ئەو كارانە دەكات.
هەماهەنگیكاری پڕۆگرامەكانی \""ئێن پی ئێی\"" (بەهار عەلی) باس لەوە دەكات كە هەندێك پڕۆژە بە ئاسانی ئەنجام دەدەن، بەڵام هەندێكی دیكەیان ئاسان نییە. ئەو دەڵێ بۆ نموونە ئەگەر وەزارەتی پەروەردە بە هەفتەیەك ڕەزامەندیی پڕۆژەیەكی بۆ دابن. ئەم ڕێكخراوە لە لایەن حكوومەتی هەرێمەوە هاریكاریی ماددی ناكرێت و حكوومەتی نەرویژی دەیكات.
یاردەدەری بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم (د. دیناری زێباری) ڕەتی دەكاتەوە كە حكوومەتی هەرێم سیاسەتێكی ناڕوونی لەگەڵ ڕێكخراوەكاندا هەبووبێت. ئەو سیاسەتی هەرێم لەگەڵ ئاژانس و ڕێكخراوەكاندا لە سێ تەوەردا كورت دەكاتەوە. یەكەم: لە بواری سیاسیدا كە لەگەڵ یونامی هەماهەنگی لە بوارەكانی هەڵبژاردن و ڕیفراندۆم و بەهێزكردنی پەرلەمان و حكوومەت و ڕۆڵی یاسا هەیە.
دووەم: لە بواری مرۆڤایەتیدا هاریكاریی پەنابەران و ئاوارەی ناوخۆ و تۆپبارانكراوان و چینی هەژار و دەستگە مرۆییەكانی هەرێم دەدرێت. سێیەم: گەشەپێدان و پەرەپێدان كە یارمەتیی وەزارەتەكان دەدەن بۆ ئەوەی بەرنامەی باشیان هەبێت و پشتیوانی لە یاسای باش دەكەن، بێجگە لە كەرتی تایبەت و سەرژمێری.
لە هەرێمەوە بۆ باشوور و ناوەند
لەم ساڵانەی دواییدا، هەرێمی كوردستان وەك ناوچەیەكی ئارامتر لە بەشەكانی دیكەی عێراق ناسێنراوە و لەمەیشدا حكوومەتی هەرێم و بەشێك لە مێدیاكانی كوردستان ڕۆڵی ناساندنەكەیان هەبووە. بێجگە لەوەیش زیادبوونی كۆنسووڵخانە و نوسینگەی وڵاتان لە هەولێر و بوونی نزیكەی 2 هەزار كۆمپانیای وەبەرهێنەر و گەشەكردنی بواری نەوت، وای كردووە سیمای هەرێم جیاوازتر لە بەشەكانی دیكەی عێراق دەربكەوێت.
بە بڕوای بەڕێوەبەری گشتیی ڕێكخراوی \""سی دی ئۆ\"" (عەتا محەممەد ئەحمەد) ناساندنی هەرێم بەو شێوەیە بە دەرەوە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە دانیشتووانی هەرێم پێویستییان بە پشتیوانیی مرۆیی و كۆمەڵایەتیی كەمە و هەر ئەم هۆیانەیشە وایان كردووە ڕێكخراوە بیانییەكان لە ئێستادا زۆرینەی چالاكییەكانیان بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق بگوازنەوە. ئەمەیش وای كردووە ڕێكخراوەكان گرنگی بە هەرێم نەدەن.
بارەگای بەشێكی زۆر لەو ڕێكخراوانە، لە هەرێمی كوردستانە.
بەڵام (زێباری) بۆچوونی جیاوازی هەیە. ئەو پێی وایە ئەگەر هەرێم سەقامگیر نەبێت، هیچ ڕێكخراوێك ناتوانێت لێرە كار بكات، تەنانەت ئارامیی هەرێم وای كردووە 70%ـی پەنابەرانی ناوخۆی عێراق كە كریستیان و عەرەبەكانن، لێرە بن.
ڕێكخراوی \""ئێن پی ئەی\"" نموونەی ئەو ڕێكخراوانەیە كە دوو ساڵە پڕۆژەكانی بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق شۆڕ كردووەتەوە.
هەماهەنگیكاری ڕێكخراوەكە دەڵێت، لە ناوەڕاست و باشوور بنكەیان نییە، بەڵام بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ڕێكخراوە ناوخۆییەكاندا لە بواری نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژناندا كار دەكەن.
كاری ڕێكخراوەكان
بە پێی ئامارێكی حكوومەتی هەرێم، 56 ڕێكخراوی ناحكوومی _ بیانی و 13 ئاژانسی سەر بە \""یوئێن\"" لە هەرێمدا هەن. بەشێك لەوانە بارەگایان لە هەولێر و سلێمانی هەیە و هەندێكیش بێ بارەگا كارەكانیان ئەنجام دەدەن.
كاركردنی ئەم ڕێكخراوانە زۆر بواری جیا لە خۆ دەگرێت كە پێوەندییان بە مافی مرۆڤ، شەفافییەتی ئیداری و سیاسی، ئازادیی ڕادەربڕین، پەرەپێدان، تواناسازیی كارمەندانی حكوومەت و ڕێكخراوە ناوخۆییەكان و زۆر بواری دیكەوە هەیە.
56 ڕێكخراوی ناحكوومی _ بیانی و 13 ئاژانسی سەر بە \""یوئێن\"" لە هەرێمدا هەن سەرۆكی لیژنەی كۆمەڵی مەدەنی لە پەرلەمانی كوردستان (د. دانا سەعید سۆفی) لەو بڕوایەدایە كە هەندێ لەو ڕێكخراوانە ڕاستەوخۆ سوودیان لێ وەرگیراوە لە بوارەكانی كردنەوەی خول بۆ پێگەیاندنی كادیران و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، پۆلیس و ئەفسەرانی گرتووخانەكان و ڕاهێنانی دادوەران و كارمەندانی ڕێكخراوە ناوخۆییەكان.
یاردەدەری بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم (د. دیناری زێباری)ـیش پێویستیی ئەم ڕێكخراوانە لە هەرێمدا لە دوو بواردا كورت دەكاتەوە. یەكەم، بەردەوام ئاستی حكوومەت و دەستگە و وەزارەتەكان بەرز بكەنەوە. دووەم، بوونیان ببێتە هۆیەك كە دەستگەكانی ئاساییش و پۆلیس بزانن ئەتەكێتی نێودەوڵەتی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ خۆپێشاندان و ڕۆژنامەگەری و مافی مرۆڤ و دیموكراسیدا چۆنە.
گۆڕینی ستراتیژ
لە 1992ـەوە تا 2003، ئەو ڕێكخراوانەی ڕوویان لە هەرێم كردووە، زیاتر كاری خێرخوازییان كردووە و زیاتر لە دروستكردن و دابینكردنی پێویستییەكانی قوتابخانە و نەخۆشخانەدا بەشدار بوون.
هەروەها هەندێك چاودێرییان لە مافی مرۆڤیشدا هەبووە. لە گوند و بەشێك لە شارۆچكە و شارەدێكاندا، دروستكردنی باڵاخانە لە لایەن ڕێكخراوەكانی \""یونسێف\"" و \""یونسكۆ\"" و ڕێكخراوی دیكە بەڵگەی هاریكاریی خێرخوازین.
(دانا سەعید سۆفی)ـیش لەسەر ئەو ڕایەیە كە لە دوای 2003ـوە كە بەعس ڕووخا، ئیدی زەوینەسازی بۆ گەشەكردنی كۆمەڵی مەدەنی و كاركردن لە بوارەكانی دیموكراسی و نەهێشتنی توندوتیژی كرا.
ڕێكخراوی \""ئێن پی ئەی\""ـی نەرویژی كە لە 1995ـەوە هاتووەتە هەرێم، لە پێش 2003ـدا ئەركەكەی پێشكەشكردنی یارمەتیی مرۆڤایەتی و دروستكردنی بینای قوتابخانە بووە، بەڵام لە ئێستادا لەم بوارانەدا كار دەكەن: (مافی مرۆڤ، ژنان، میدیا، سامانە سرووشتییەكان، گەنجان).
بە گوتەی (بەهار عەلی) ئێستا لە ڕێگەی كردنەوەی خولی ڕاهێنان و وۆركشۆپ و ئامادەكردنی ڕاپۆرت و چالاكیی میدیاییەوە، هەوڵی ئەنجامدانی چالاكییەكانیان لە بەرنامەكانی دوای 2003ـیانەوە دەدەن.
\""ئێن پی ئێی\""، لە 1939 لە نەرویژ بۆ مەبەستی هاریكاریی مرۆیی وڵاتانی تازەگەشەكردوو دروست كرابوو، بەڵام لە ئێستادا كە لە چل وڵاتدا نووسینگەی هەیە، لە بواری گەشەپێداندا كار دەكات.
ئاژانس و ڕێكخراوە بیانییەكان لە هەرێم:
_ بە پێی ئاماری فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، 13 ئاژانسی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان و 56 ڕێكخراوی بیانی لە هەرێمدا كار دەكەن كە هەندێك بارەگایان هەیە و هەنیدیكی دیكە نییانە.
_ بەشێك لە ڕێكخراوە بیانییەكان، ئاژانسەكانی سەر بە ڕێكخراوەی نەتەوە یەكگرتووەكانن و بارەگای سەرەكییان لە هەولێرە. ئەمەیش ناو و كارەكانیان: یونسكۆ (فێركردن). یونسێف (پەروەردە و سیستەمی خوێندن و تەندروستی). یونامی (مافی مرۆڤ و بواری جیاجیا).
UNHCR (پشتیوانی لە پەنابەران). UNDP (بواری جیاجیا). UNFPA (مافی ئافرەت). UNOPS (یاسا و پرەنسیپی ڕێكخراوەكان).
_ بە گشتیی ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، لەم بوارانەیشدا كار دەكەن: مافی مرۆڤ، پێشكشەكردنی خزمەتگوزاری، پەرەپێدان، چاودێریكردنی حكوومەت و دەستگەكانی، شەفافییەت.
_ پێشبینی دەكرێت بۆ ساڵی داهاتوو ژمارەی ئاژانسەكانی یوئێن لە هەرێمدا بۆ 15 ئاژانس بەرز ببێتەوە.
-هەولێر"
