راگه‌یه‌ندراوى هاوبه‌شى كۆبوونه‌وه‌ى 19 حزب و لایه‌نی سیاسی كوردستان

راگه‌یه‌ندراوى هاوبه‌شى كۆبوونه‌وه‌ى 19 حزب و لایه‌نی سیاسی كوردستان
25ی تشرینی دووه‌م/نۆڤمه‌به‌ر(گوڵان میدیا)- ئێمه‌ 19 حزب و لایه‌نى سیاسی كوردستانی له‌ رۆژى 24/11/2012 له‌باره‌گاى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى نه‌ته‌وه‌یى دیموكراتى كوردستان له‌شارى هه‌ولێر، له‌باره‌ى ئۆپه‌راسیۆن و جموجۆڵه‌ سه‌ربازییه‌كانى سوپاى عێراق، به‌تایبه‌ت هێزى دیجله‌ له‌ناوچه‌ دابرِێنراوه‌كان كۆبووینه‌وه‌ له‌م به‌یاننامه‌یه‌ راى هاوبه‌شى خۆمان راده‌گه‌یه‌نین:
حكومه‌تى مالیكى ماوه‌یه‌كه‌ به‌بیانووى جۆراوجۆر هێز ده‌هێنێته‌ ناوچه‌ دابرِێنراوه‌كانى كوردستان و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ئۆپه‌راسیۆنى هێزى دیجله‌ى پێكهێناوه‌و، به‌رده‌وام ژماره‌ى هێزه‌كه‌ى زیاد ده‌كات و چه‌كى قورس ده‌هێنێته‌ ئه‌م ناوچانه‌، ئه‌م جموجۆڵه‌ سه‌ربازییانه‌ى مالیكى به‌هۆكارى سیاسییه‌وه‌ بۆ پاراستن و بنه‌برِكردنى تیرۆر نییه‌، به‌ڵكو بۆ كۆنترِۆڵكردنى كه‌ركووك و ده‌وروبه‌ریه‌تى، هه‌روه‌ها جووڵه‌پێكردنى به‌رده‌وامى ئه‌و هێزانه‌ له‌م ناوچانه‌ پێچه‌وانه‌ى ده‌ستوور و هه‌موو ئه‌و رێككه‌وتنانه‌یه‌ كه‌ حكومه‌تى عێراقى له‌ماوه‌ى رابردوو له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تى كوردستان و لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان كردوویه‌تى، سووربوونى مالیكى و گوێنه‌دانى به‌هه‌موو هه‌وڵه‌ ئاشتیخوازییه‌كان هێنده‌ى دیكه‌ گرفته‌كانى قوڵتركردۆته‌وه‌، ئه‌مه‌ش پێشێلكردنى سه‌روه‌رى كوردستان و عێراق و خۆدزینه‌وه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ى مالیكیه‌ له‌جێبه‌جێنه‌كردنى مادده‌ى 140 و هه‌موو ئه‌و مادده‌ ده‌ستوورییانه‌ى په‌یوه‌ندییان به‌مافه‌كانى گه‌لى كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى ئه‌م جموجۆڵه‌ سه‌ربازییه‌ى هێزه‌كانى عێراق له‌ناوچه‌ دابرِێنراوه‌كان ئاڵۆزى دروست كردووه‌، گه‌ر رێگه‌ى لێنه‌گیرێت و ده‌ره‌نجامى خراپى لێده‌كه‌وێته‌وه‌.
بۆیه‌ ئێمه‌ هاوهه‌ڵوێستین و له‌سه‌نگه‌رى جه‌ماوه‌رداین و پشتگیرى له‌هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان ده‌كه‌ین بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ى هه‌ر رووداوێكى نه‌خوازراو و ئاماده‌ین به‌هه‌موو توانایه‌كمانه‌وه‌ به‌رگرى له‌ هاوڵاتیانى كوردستان و ده‌ستكه‌وته‌كانى بكه‌ین، بۆیه‌ ده‌بىَ هه‌موو لایه‌كمان هه‌ستیارى بارودۆخه‌كه‌ به‌گرنگ وه‌ربگرین و لێنه‌گه‌رِێین ته‌شه‌نه‌ بكات و شه‌رِ رووبدات، كه‌هه‌ندىَ لایه‌ن و ده‌وڵه‌تانى ئه‌قلیمى پێیان خۆشه‌ ببىَ بۆ له‌باربردنى بارودۆخه‌كه‌، له‌هه‌مان كاتدا پێویسته‌ حكومه‌تى عێراقى هێزى دیجله‌ هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌و ئه‌و هێزانه‌ له‌ناوچه‌كه‌دا بكشێننه‌وه‌و، هه‌روه‌ها داوا له‌حكومه‌تى عێراق ده‌كه‌ین چیتر خۆى له‌چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى له‌گه‌ڵ حكومه‌تى كوردستان نه‌دزێته‌وه‌و هه‌وڵبدات ته‌واوى كێشه‌كان به‌گفتوگۆ دوور له‌هه‌رِه‌شه‌و ئۆپه‌راسیۆنى سه‌ربازى یه‌كلایى بكاته‌وه‌، داوا له‌په‌رله‌مانى كوردستانیش ده‌كه‌ین به‌زووترین كات كۆببیێته‌وه‌و برِیارى دروست له‌باره‌ى ئه‌م جموجۆڵه‌ سه‌ربازییانه‌ى حكومه‌تى عێراقى بدات و له‌باره‌ى گه‌رِانه‌وه‌ى ته‌واوى ناوچه‌ دابرِێنراوه‌كان برِیارى پێویست وه‌ربگرىَ، هه‌روه‌ها سه‌ركردایه‌تى سیاسى كوردستان له‌داهاتوو بۆ پاراستنى به‌رژه‌ندییه‌كانى گه‌لى كوردستان، سیاسه‌تێكى دیكه‌ دابرِێژىَ بۆ به‌ده‌ستهێنانى ته‌واوى مافه‌كانى گه‌لى كوردستان.
حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان:
1-پارتى رزگارى نه‌ته‌وه‌یى توركمان
2-پارتى سه‌ربه‌خۆیى كوردستان
3-بزووتنه‌وه‌ى رزگارى دیموكراتى كوردستان
4-پارتى چاره‌سه‌رى دیموكراتى كوردستان
5-كۆمه‌ڵه‌ى رۆشنبیرى توركمان له‌ كوردستان
6-ئه‌نجومه‌نى نه‌ته‌وه‌یى كلدان
7-پارتى نیشتمانى ئاشوورى
8-پارتى كرێكاران و ره‌نجده‌رانى كوردستان
9-پارتى یه‌كێتى توركمانى عێراق
10-پارتى رابوونى نیشتمانى
11-پارتى كۆمارى كوردستان
12-بزووتنه‌وه‌ى دیموكراتى گه‌لى كوردستان
13-پارتى چه‌پى كوردستان
14-حزبى دیموكراتى بێت نه‌هرێن
15-حزبى رزگارى كوردستان
16-پارتى پارێزگارانى دیموكراتى كوردستان
17-كۆمه‌ڵى لیبراڵى توركمان
18-پارتى دیموكراتى توركمانى كوردستان
19-یه‌كێتى نه‌ته‌وه‌یى دیموكراتى كوردستان YNDK
Top