سەرۆك بارزانی: روبەڕوبووی ئەو توندوتیژیانە ببنەوە كە دژ بە ئافرەت دەكرێ

سەرۆك بارزانی: روبەڕوبووی ئەو توندوتیژیانە ببنەوە كە دژ بە ئافرەت دەكرێ
25ی تشرینی دووه‌م/نۆڤمه‌به‌ر(گوڵان میدیا)- سەرۆكی كوردستان لە پەیامێكدا لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك رایگەیاند: داوا دەكەم بە جددی كار بۆ باشتربوونی دۆخی ئافرەت لە كۆمەڵگە بكەن و، روبەڕوبووی ئەو توندوتیژیانە ببنەوە كە دژ بە ئافرەت دەكرێ.

ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەكەی سەرۆكی كوردستانە:

بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە دژی ئافرەت، داوا لە هاووڵاتییانی خۆشەویست و دامودەزگا پەیوەندیدارەكان و ناوەندە هزری و میدیایی و رۆشنبیرییەكانى كوردستان دەكەم، بە جددی كار بۆ باشتربوونی دۆخی ئافرەت لە كۆمەڵگە بكەن و، روبەڕوبووی ئەو توندوتیژیانە ببنەوە كە دژ بە ئافرەت دەكرێ. لەمبارەیەوە ئامارەكان لە هەرێمی كوردستان مایەی نيگەرانییەكی زۆرن، پێویستە هەڵوەستەی لەسەر بكرێ و هۆكارەكانی بدۆزرێنەوە.
توندوتیژی دژی ئافرەت لە كۆمەڵگەی كوردیدا شتێكی نامۆیە، ئافرەتی كوردی لەنێو گەلەكەیدا هەردەم جێگەی ڕێز بووە. بەو هیوایەی كۆمەڵگاكەمان بگاتە قۆناغێك تێیدا ئافرەت بتوانێ گەشە بە كەسایەتیی خۆی بدات و، خاوەنی چارەنووس و ئیرادەی خۆی بێت.
Top