عێراق لەسەر حسابی کوردستان هەوڵی خۆپڕچەککردن دەدات

عێراق لەسەر حسابی کوردستان هەوڵی خۆپڕچەککردن دەدات
20ی تشرینی دووه‌م/نۆڤمه‌به‌ر(گوڵان میدیا)- تەرخانكردنی زیاتر لە 14%ـی بودجەی گشتی بۆ بەرگری، پڕچەككردنی عێراق و زیادكردنی بودجەی سیادی، پشكی هەرێمی كوردستانی لە بودجە كەم كردووەتەوە و كوردەكان پێیان وایە حكوومەتی بەغدا لەسەر حیسابی ئەوان خۆی پڕچەك دەكات.

پڕۆژە‌یاسای‌ بودجەی 2013ـی عێراق کە مانگی ڕابردوو لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی بەغداوە پەسند کرا، بە 138 تریلیۆن دینار خەمڵێنراوە و لەو بودجەیەیش نزیکەی 19 ترلیۆن و 800 ملیار دینار بۆ بەرگری و ئاساییش تەرخان کراوە.

بودجەی بەرگری و ئاساییش بەشێکە لە بودجەی سیادیی عێراق و بە گوێرەی یاسا کورستانیش تێیدا بەشی هەیە،‌ بەڵام جگە لە پێنەدانی ئەم پشکە کێشەی پێشمەرگە و چەندین کێشەی دیکە بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە.

تا ئێستا کێشەی پێشمەرگە‌ چارە نەکراوە و بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە و تەنیا ساڵانە بڕێکی کەم هاوکاری دەکرێت، لە کاتێکدا دەبووایە لە ڕووی ڕاهێنان و بودجەوە پێشمەرگە پشکی تەواوی خۆی وەربگرێت.

قەرزدارکردنی عێراق
حکوومەتی عێراق بۆ کڕینی چەک و بەهێزکردنی سوپاکەی تەنیا پشت بەو بودجەیە نابەستێت کە بە شێوەیەکی یاساییی دیاری دەکرێت، بەڵکوو هانا بۆ وەرگرتنی قەرزیش دەبات.

ئەندامی لیژنەی ئاساییش و بەرگری (شوان محەممەد تەها) ئاشکرای دەکات کە حکوومەتی عێراق لە ساڵی 2012ـدا بڕی ملیارێک و 600 ملیۆن دۆلاری بۆ کڕینی چەک قەرز کردووە و بە نیازی دانانی سندووقێکی تەسلیحە. ئەو، ‌ئەمەیش بە مەترسی بۆ سەر عێراق و کوردستان لە قەڵەم دەدات.

لە یاساکانی بودجەی 2007 تا 2012 بڕگەیەک داندراوە کە باس لە بودجەی پێشمەرگە دەكات و پاش ڕێکكەوتن لە نێوان سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرۆکایەتیی حکوومەت یان هەرێمی کوردستان بڕیاری لەسەر دەدرێت. لە پڕۆژەیاسای 2013ـدا ئەمەیش لە بیر کراوە.

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەر‌گە (جەبار یاوەر)‌ دەڵێت: \"هیچ پشکێکمان لەو بودجە و چەکانە‌ نەبووە کە عێراق بۆ بەرگری و ئاساییش تەرخانی دەکات. داوامان کردووە بە ڕێژە بودجەی پێشمەرگە دیاری بکرێت.\""

هاوکات ئەندامی پەرلەمانی عێراق (شۆڕش حاجی) جەخت لەوە دەکاتەوە کە عێراق پێویستی بە سوپا و چەکی زیاتر نییە،‌ بەڵکوو پێویستی بە خزمەتگوزارییە و ئەو بودجەیەیش کە بۆ بەرگری و ئاساییش تەرخان کراوە، زۆرە.

ئەو گوتیشی لە دانیشتنەکانی پەرلەماندا هەوڵی خۆیان دەدەن نەهێڵن بودجەکە بە ئاسانی تێپەڕێندرێت، گەرچی پێشبینییشی کرد پڕۆژەیاساکە بە هەندێک دەستکارییەوە پەسند بکرێت.

گومان لە نیەتی (مالیکی)

پسپۆڕی ئابووری دکتۆر (محەممەد سەلمان) دەڵێت كە لە عێراقدا ئەگەر بیست هێندەیش بودجە بۆ ئاساییش و بەرگری تەرخان بکرێت، ئەوا هیچ هەنگاوێک بەرەو دابینکردنی ئاساییش نانێت تا ئەو کاتەی ئیرادەیەکی بەهێز و نیەتی دیموکراسی و پێکەوەژیان لە عێراقدا لە ئارادا نەبێت.

ئەگەر ئەم بڕە بودجەیە بخرێتە خزمەت وەبەرهێنان و پێشخستنی بوارەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و ئاوەدانکردنەوەوە، بە بۆچوونی ئەم پسپۆڕە، عێراق گەشە دەکات.

هەفتەی ڕابردوو تێوەگلانی ژمارەیەك بەرپرسی عێراقی لە گەندەڵییەکی کڕینی چەک لە ڕووسیا، زۆربەی ڕاگەیاندنەکانی عێراق و ژمارەیەک ڕاگەیاندنی جیهانیی بە خۆیەوە سەرقاڵ کرد."
Top