وەزارەتی پێشمەرگە گەڕانەوەی ئارامی بۆ قەزای دوزو دەوروبەری دووپاتدەکاتەوە
فەریق جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە رۆژنامەی (الحیاة) ی لەندەنی راگەیاند: بارودۆخەکە ئارامەو کێشەکە کۆتایی پێھاتووە، وەزیری پێشمەرگەش لەگەڵ پارتە سیاسییەکان دا کۆبۆتەوە پێیراگەیاندون کە بارودۆخی ناوچەکە ئاسایی بۆتەوەو بارودۆخەکەش لەژێر کۆنتڕۆڵدایە.
سەبارەت بەوەی کە ئایا وەزارەت ھێزی زیادەی پێشمەرگەی ئاڕاستەی ناوچەکە کردبێت، جەبار یاوەر وتی: ھێزەکانی عێراق لە ناوچەکەدا ماونەتەوە ھەروەک چۆن پێشتریش بەو شێوەیە بووە، ئێمە ھیچ ھێزێکی زیادەمان لە پیشمەرگە رەوانەی ناوچەکە نەکردووە، ئەوەشی کە روویدا ئامادەکارییەک بوو لەلایەن ھەردوولاوە بەئامانجی کۆنتڕۆڵکردنی بارودۆخەکە تا زیاتر ئاڵۆز نەبێت.
یاوەر وتیشی: ھەموو ناوچە جێ ناکۆکەکان لە دیالەو موسڵ، بنکەو ھێزی ھاوبەش لە سوپا و پێشمەرگە لەخۆدەگرێت، کە بازگەی ھاوبەشیان ھەیە، لەو رووەشەوە ھیچ کێشەیەکمان نیە.
لەلایەکی دیکەوە سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رۆژنامەی (الحیاة) ی لەندەنی رایگەیاند: ئەوەی روویدا بەرنامە بۆداڕێژراو نەبوو و پەیوەندیشی بە بارودۆخی سیاسییەوە نەبوو، راستە قەیرانێک لەو ناوچەیەدا ھەیەو ناکۆکی ھەیە لەبارەی دەسەڵاتدارێتی و دانپێدانانی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی دیجلە، کە بۆتەھۆی دروستبوونی کێشە، چونکە پێناسەی سوپای عێراقی لەگەڵ بوونی ئەو فەرماندەییە لە شاری کەرکوک یەکناگرێتەوە، لەبەرئەوەی سوپا ئەرکی پاراستنی سنورە نێودەوڵەتییەکانە، بۆیە لە حاڵەتێکی لەوشێوەیەدا پێویستە لیژنەیەک پێکبھێنرێت بۆ چارەسەری کێشەکان، نەک دروستکردنی کێشە.
