شاندێكی باڵای هەرێمی كوردستان لە بەریتانیا لە چونیەتیی پتەوكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئەم وڵاتە دەكۆڵێتەوە
شاندی باڵای هەرێمی كوردستان جگە لە فەلاح مستەفا پێكهاتووە لە پرۆفیسۆر سیروان بابان وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و نەورۆز مەولوود بەرێوبەری گشتی لە دەستەی وەبەرهێنان و بەیان سامی عەبدولرەحمان نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەریتانیا.
لە دیدارێكدا فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەو ئەلیستەر بێرت وەزیری دەوڵەتی بەریتانی بۆ كاروباری رۆژهەڵاتانی ناوەراست و باكووری ئەفریقیا باسیان لە چونیەتی پتەوەكردنی پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و بەریتانیا كرد ولەم روویەوە وەزیری بەریتانی بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەراست و باكووری ئەفریقیا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەرامبەر بە سازكردنی كۆنگرەی كشتوكاڵی هاوبەش لە لەندەن و گوتی: بوونی كونسڵگەری گشتی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان و بەرفراوانكردنی كارو ئەركەكانی لە ئەنجامی ئەو دیدگە ئەرێنیەی ئێمە بووە سەبارەت بە هەرێمی كوردستان و سەركەوتنەكانی، هەروەها ئەوەشی راگەیاند كە وڵاتەكەی خوازیارە پەیوەندی دۆستانە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەردەوام بێت و سازكردنی ئەم كۆنگرەیەش نیشانەی بایەخ وگرنگیدانی بەریتانیایە بە پەیوەندی خۆی لەگەڵ هەرێمی كوردستان.
