یادی 228 ساڵەی بونیاتنانی سلێمانی پیرۆز دەكەم

یادی 228 ساڵەی بونیاتنانی سلێمانی پیرۆز دەكەم
بە بۆنەی تێپەڕبوونی 228 ساڵ بەسەر بونیاتنانی شاری سلێمانی خۆشەویستدا، پیرۆزباییەكی گەرم ئاراستەی یەك بە یەكی خەڵكی خۆشەویستی سلێمانی و تێكڕای خەڵكی كوردستان دەكەم.

ئەم یادە پیرۆزە، یادی ئەو رۆڵە گرنگ و مێژووییەیە كە شاری سلێمانی لە خەباتی رزگاریخوازی خەڵكی كوردستان و بزووتنەوەی كوردایەتیدا گێڕاویەتی، یادی تێكڕای ئەو بەرهەمە رۆشنبیری و ئەدەبی و هونەرییە ناوازەیەیە كە لە سلێمانییەوە بەرهەم هاتوون و، بوونەتە ئەستێرەی درەوشاوەی مێژووی رۆشنبیری و هونەرو ئەدەبی كوردی.

شاری سلێمانی، شاری شێخ مەحمودی نەمر و بارزانییە و هەمیشە شانازی بە رۆڵ و كاریگەری سلێمانی دەكەین، لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و تێكڕای ئەو راپەرین و شۆڕش و بزاوتانەی كە لەپێناو كوردایەتیدا دژ بە زوڵم و ستەم ئەنجام دراون.

ئومێد دەكەم ئەم یادە پیرۆزە ببێتە دەروازەیەك، بۆ خزمەتكردنی زیاتری سلێمانی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری زیاترو پەرەپێدانی زیاتر بەم شارە خۆشەویستەی كوردستان.
Top