مەسرور بارزانی: شایستەی ئەوەیە سلێمانی ببێتە پایتەختی رۆشنبیری كوردستان

مەسرور بارزانی: شایستەی ئەوەیە سلێمانی ببێتە پایتەختی رۆشنبیری كوردستان
15ی تشرینی دووه‌م/نۆڤمه‌به‌ر(گوڵان میدیا)- بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی شاری سلێمانی، بەڕێز مەسرور بارزانی پەیامێكی پیرۆزبایی بۆ هەموو خەڵكی كوردستان بەگشتی و خەڵكی ئەو شارە بەتایبەتی نارد و تێیدا ستایشی رۆڵی گرنگی ئەو شارەی كرد لە بزاوی رزگاریخوازی و هونەری و رۆشنبیری كورد.
ئەمەی خوارەوە دەقی پیرۆزباییەكەیەتی:

بەبۆنەی یادەوەری 228ساڵەی دامەزراندنی شاری سلێمانی، لەناخەوە پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی كوردستانیان بەگشتی و خەڵكی سلێمانی بەتایبەتی دەكەم.
شاری سلێمانی لەسەرەتای دروستبوونیەوە، شارێكی پر لە بزاوتی رۆشنبیری و هونەر و شۆڕگێڕی بووە، بۆیە بە درێژایی تەمەنی ناوەندی شۆڕش و شۆڕشگێڕان و گەورە رۆشنبیر و شاعیر و كەسانی چالاك بووە، لەم شارەوە دەنگی ناڕەزایی بەرامبەر بە ستەمی داگیركەران هەمیشە دەنگێكی دلێر و بڵند بووە. خەلکی قارەمانی سلێمانی لە شۆرشە یەک لە دوا یەکەکاندا قوربانی زۆریان داوە و زۆر داستانی بێوینەیان تۆماركردووە.
لەبەر ئەو هەموو خەبات و قوربانیەی سلێمانی پێشكەش بەگەل و نەتەوەكەی كردووە، بە \"شاری هەڵمەت و قوربانی\"" ناوی دەركردووە، رۆشنبیر و كەڵەنوسەری گەورەی وای تێدا هەڵكەوتووە، شایستەی ئەوەیە سلێمانی ببێتە پایتەختی رۆشنبیری كوردستان.
لەم بۆنە پیرۆزەدا، جارێكی دیكە پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی خەڵكی سلێمانی دەكەم و خوازیارم هەمیشە بە پێشكەوتویی بیبینم.

براتان
مەسرور بارزانی
14/11/2012"
Top