سەرۆكی كوردستان هاتنەوەی ساڵی نوێی كۆچیی لە موسڵمانانی كوردستان و عێراق و جیهان پیرۆز دەكات
لە یادی كۆچی پڕشكۆی پێغەمبەر و شەفیعی مەزنمان محەمەد ولمستەفا (د.خ) و هاتنەوەی ساڵی 1434ی نوێی كۆچییەوە ، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی هەموو خوشك و برایانی موسڵمانی كوردستان و سەرجەم موسڵمانانی عیراق و جیهان دەكەم.
هیوا خوازم ساڵی نوێی كۆچی ، ساڵی پڕ خێروبەرەكەت و ساڵی سەرفرازی گەلی كوردستان و هێنانەدی عیراقێكی دیموكرات و فیدراڵی بێت كە تێیدا گشت گەلانی عیراق بە مافە رەواكانی خۆیان شاد بن .
هەڵبەتە لەم هەلومەرجە ناسك و دژوارەدا پێویستیمان بە یەكڕیزی و هاوهەڵوێستی هەیە لە بەرگریكردن لە دەستكەوت و مافەكانمان ، بۆیە ئەمرۆ بە هەق رۆژی یەكبوون و یەكخستنی ئیرادەی گەلەكەمانە بە گشت نەتەوە و تایفە ئایینیەكانیەوە .
ئەم یادە پیرۆزە پەیامێكە بۆ رەدكردنەوەی زوڵم و ستەم و مەغزایەكی زۆر گەورەی هەیە كە ئێمە وەكو گەلی كوردستان و عیراق دەبێ پەندی لێ وەربگرین و بەرامبەر بە خاك و نیشتمانی خۆمان وەفادار بین و بە هەموو هێز و توانایەكیشمانەوە هەوڵی جدی بۆ هێنانەدی ئەو ئامانجە نەتەوەییانە بدەین كە شەهیدە سەربەرزەكانمان لە پێناویاندا شەهید بوون .
جارێكی دیكە ئەم یادە پڕشكۆیە لە هەموو موسڵمانان پیرۆز دەكەم و گەلی كوردستان و عیراقیش هەمیشە سەرفراز و ئازاد بن .
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
29ی ژی الحجە 1433
14ی تشرینی دووەمی 2012
