ئاسۆس نەجیب : وەزارەتی كار بێ‌ كاران لەبنكەكانی بەكارخستن ناونوس دەكات

ئاسۆس نەجیب : وەزارەتی كار بێ‌ كاران لەبنكەكانی بەكارخستن ناونوس دەكات
11ی تشرینی دووه‌م/نۆڤمه‌به‌ر(گوڵان میدیا)- وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان داوا لەبێ كارانی كوردستان دەكات لەبنكەكانی بەكارخستنی سەر بەوەزارەت لەشارەكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك ناوی خۆیان تۆماربكەن.
ئەمڕۆ (ئاسۆس نەجیب) وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی لەلێدوانێكدا رایگەیاند وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی لەپێناو جێبەجێكردنی سیاسەتی بەكارخستن لەكوردستان دەست دەكات بەجێبەجێكردنی بڕگەو مادەكانی ئەم سیاسەتە. بۆ ئەم مەبەستە داوا لەبێ‌ كارانی هەرێمی كوردستان لەشارەكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك دەكەین سەردانی بەڕێوەبەرایەتیەكانی بەكارخستن لەهەریەك لەشارەكان بكەن بەمەبەستی تۆماركردنی ناوەكانیان وەك بێ‌ كار.
وەزیری كار وتیشی ئامانج لەجێبەجێكردنی ئەم بەرنامەیەو ناونوسكردنی بێ‌ كاران دڵنیابوون و دەركەوتنی رێژەی راستەقینەی بێ‌ كاریە لەهەرێمی كوردستان، هەروەها دیاریكردنی تەمەن و شێوازی بێ‌ كاری لەكوردستان. لەلایەكی تریشەوە بەپێی كارنامەی وەزارەتمان كەلەلایەن ئەنجومەنی وەزیران پەسەندكراوە زیادكردنی لێژنەكانی گەڕانی وەزارەتمان بەدوای هەلی كار بۆ بێ‌ كاران فراوان دەكرێت. بۆ ئەم مەبەستە ئەم لێژنانەش لەلایەن خۆیانەوە هەلی كاری گونجاو بۆ ئەو بێ‌ كارانەی ناویان لەلای ئێمە تۆمار كراوە دەدۆزرێتەوە.
ناوی بێ‌ كاران لەڕێگەی سیستمی داتا بەیسەوە تۆمار دەكرێت ئەو بێ‌ كارانەی لەكەرتی گشتی و كەرتی تایبەت كاریان نیەو پێویستیان بەدۆزینەوەی دەرفەتی كاركردن هەیە لەكەرتی تایبەت. لەڕێگەی ئەم بنكانەوە دەتوانین لەپاڵ كاركردن، خولی جۆراو جۆریش بۆ ئەوانە بدۆزینەوە كەپێویستیان بەفێركردنی پیشە هەیە.
Top