بەدواداچوونی چەندین پرۆژەی كشتوكاڵی و ئاودێری لەنێوان وەزارەتی كشتوكاڵ و پەرلەمانی كوردستان
لەوانە بەدواداچوون بۆ ئەو پرۆژەیەی كە كۆمپانیای(نور) بۆ بەخێوكردنی مانگاو بەرهەمهێًنانی شیرو بەروبوومەكانی شیرەمەنی بڕیاری دامەزراندنی دابوو،دوای ئەوەی كە لیژنەكەی پەرلەمان لە مانگی ئابی رابردوودا سەردانی شوێنی پرۆژەكەیان كردو و ئەوانیش بەڵێنیان دابوو كە لە مانگی تشرینی یەكەمی ئەم ساڵ تەواوبووایە بەڵام تا ئێستا جێبەجێیان نەكردووە، ،لیژنەكە داوای لە وەزارەت كرد رای خۆیان لەسەر كاركردن بۆ بەدواداچوون لەگەڵ ئەم كۆمپانیایە دەرببڕن .
وەزارەتیش لە وەڵامی ئەمەدا تەئكیدی كردەوە كە بڕیاریانداوە بە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكە كە بە نووسراوێك ئاراستەی دەستەی گشتی وەبەرهێنانی كردووە، چونكە بەپێی ئەم گرێبەستە كە لە 2008 مۆركرا، دەبووایە لە2011 بەرهەمی هێنابایە و بەكاركەوتبایە ،بەڵام بە ڕێژەی 1 %ی ئەم پرۆژەیەش جێبەجێ نەكراوە ،لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا باس پرۆژەی ستراتیژیی ئاودێریی شەمامك كرا كە لە ئەنجومەنی وەزیران باسی لێوەكراوە بە بانگەوازی ئاشكرا جێبەجێ بكرێت كۆمپانیا پسپۆرو تایبەتمەندەكان لە ئەستۆی بگرن.
ئەم پرۆژەیە دوای تەواوبوونی لە توانایدایە كە 80 هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵی بەراوبكات بە تێكڕایی20م2 لە چركەیەكدا و درێژی كەناڵی سەرەكیشی 86 كیلۆمەترەو كەناڵی فەرعیش 250 كیلۆمەترە،لە لای خۆشیەوە وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو دووپاتی كردەوە كە پلانی وەزارەتدایە چەندین بەنداو بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە بە مەبەستی دابین كردنی ئاسایشی ئاو،سەبارەت بە قەرزی كشتوكاڵیش لیژنەكە و وەزارەت گفتوگۆیان لەسەركرد.
وەزیر روونی كردەوە كە هەندێ لە جووتیاران ئەو قەرزە بۆ سوودوەرگرتن لە پرۆژەكانی كشتوكاڵ بەكار ناهێنن بۆیە وەزارت پێناسەی جووتیاری بەرهەمهێنی كردووەو تەنیا پشتگیری لەو جووتیارانە دەكات كە بەرهەمهێنن بۆ ئەم مەبەستەش بەوردی چاودێری ئەم بوارە دەكەین،لەدوا تەوەردا هەردوولا كۆك بوون لەسەر بەردەوام هەماهەنگی و هاوكاری نێوان وەزارەت و لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێریی پەرلەمان.
