سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ گەرمیان ...پڕۆژەی ئاوی خانەقین ده‌ست پێده‌کات

سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ گەرمیان ...پڕۆژەی ئاوی خانەقین ده‌ست پێده‌کات
23ی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر (گوڵان میدیا)- لە ڕۆژی دووەمی گەشتەكەیدا سەرلەبەیانی دوێنێ، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) و شاندی یاوەری كە لە چەند وەزیرێكی كابینەكەی پێكهاتبوون، سەردانی قەزای دەربەندیخانیان كرد و لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ قایقام و بەرپرسانی یەكە ئیدارییەكان و قەزا و ناحییەكانی دەوروبەری، گوێبیستی ڕاپۆرتێك بوو لەبارەی پێداویستی و كەم و كوڕییەكانیان. پاشان گفتوگۆیەكی تێر و تەسەل لەسەر ڕەوشی ناوچەكە لە بواری خزمەتگوزاریدا كرا.


کۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌که‌ ئیدارییه‌کانی
خانه‌قین
لە بەردەوامیی سەردانەكەیدا سەرۆكوەزیران و شاندی یاوەری سەردانی قەزای خانەقینیان كرد و لەگەڵ قایمقام و بەرپرسی یەكە ئیدارییەكانی خانەقین كۆبونەوەیەكیان ساز دا. لەو كۆبونەوەیەدا سەرۆك وەزیران خۆشحاڵی خۆی بۆ سەردانی شارەكەیان نیشان دا و ڕایشی گەیاند كە خانەقین لە ڕووی نەتەوەیی و جوگرافییەوە شارێكی یەكجار گرینگە بۆ هەرێمی كوردستان.
هەروەها سەرۆكی حكوومەت ڕایگەیاند كە جێبەجێ كردنی مادەی 140 هەم داواكاریی حكوومەتە و هەم داواكاریی خەڵكی هەرێمی كوردستانە و یەكێكە لە ئەولەویاتەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان. سەرۆكوەزیران لە درێژەی وتەكەیدا گوتی: \"ڕاستە لە ڕووی یاساییەوە قەزای خانەقین بە پارێزگای دیالەوە بەستراوەتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا شارێكی كوردستانییە، ئێمە دەزانین كاتێك كێشەتان بۆ دروست دەبێت ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكەن و دەتانەوێ هەرێمی كوردستان پڕۆژەی خزمەت گوزاری پێشكەش بە شارەكەتان بكات، ئەمەیش داوایەكی ڕەوایە.\""

ئەنجامدانی پڕۆژەی ئاوی خانەقین
سەرۆكی حكوومەت لە كۆبوونەوەی لەگەڵ چین و توێژ و بەرپرسانی یەكە ئیدارییەكانی خانەقیندا ڕەزامەندی لەسەر ئەنجامدانی پڕۆژەی ئاوی خانەقین نیشان دا، بۆ ئەم مەبەستەش لایەنە پەیوەندارەكانی ڕاسپارد تا دەست بە ئامادەكردنی پلان و دیزان بكەن تا دوای تەواوبونی پڕۆژەكە بكەوێتە واری جیبەجێ كردنەوە.
هەر لە كۆبوونەوەكەیدا (نێچیرڤان بارزانی)، ڕەزامەندی لەسەر كۆمەڵێك داواكاری و پێداویستی بواری تەندروستی كە بە دابینكردنیان دەبێتە هۆی كەمكردنەوە و چارەسەركردنی كێشە تەندروستییەكانی قەزای خانەقین نیشان دا.
سەرۆكی حكوومەت ڕاشیگەیاند كە: \""ئەمڕۆ ئێمە هاتووین كە بەجدی كارتان بۆ بكەین، بەو دەسەڵاتە سنوردارەی كە هەمانە هەرچی لە دەستی حكوومەتی هەرێم بێت بۆ خزمەتكردنی خانەقین درێغی ناكەین، خەڵكی ئەم ناوچەیە شایانی هەموو خزمەتێكن.\""

بودجەیەی هەرێم بایی 260 هەزار بەرمیل
نەوتی کوردستانه‌
لە بەشێكی دیكەی وتەكەیدا لەبارەی بودجەی هەرێمی كوردستان كە لە عێراق دەردەچێت گوتی ئەو بودجەیەی كە لە عێراقەوە بۆ هەرێمی كوردستان دێت بایی 260 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەیە بەڵام ئێستا هەرێمی كوردستان تەنیا بۆخۆی ڕۆژانە 300 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت.
هەروەها سەرۆكی حكوومەت گوتی: \""بێگومان ئێمە دووبارە دەگەرێینەوە ناوچەكە و كۆمەڵێك پڕۆژەی نوێ و كۆمەڵێك كاری نوێ لەو ناوچەیە ئەنجام دەدەین.\"" پاشان ڕەزامەندی لەسەر دامەزراندنی 300 ڕاژەی دامەزراندن بۆ گەرمیان بەپێی سیستەمی دامەزراندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نیشان دا.
هەر لە درێژەی سەردانەكەیدا دوای نیوەڕۆی دوێنێ لە كەلار سەرۆك وەزیران لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و قایمقامی قەزای كفری و بەرپرسی یەكە كارگێرییەكان و ناحیەكانی سەر بە قەزاكە كۆ بووەوە. لە كۆبونەوەكەدا بە وردی گوێی بۆ پێداویستی و كەموكووڕییەكان و دید و بۆچوونی ئامادەبوانی كۆبوونەوەكە گرت. رەزامەندی لەسەر چەند پڕۆژەیەك نیشان دا لەوانە چەند پڕۆژەیەكی پەیوەست بە بواری شارەوانی و خەرجكردنی بوودجەیەكی تایبەتیش بۆ ئەو پڕۆژانەی دەبنە ڕێخۆشكەرێك بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری زیاتر لە بواری شارەوانییەكاندا."
Top