ده‌قى وتارى سه‌رۆك وه‌زيران له ڕێوڕه‌سمى دانانى به‌ردى بناغه‌ى نه‌خۆشخانه‌ى كه‌لار
خوشك و برایانى هێژا،
به‌یانیتان باش و به‌خێر بێن به‌سه‌ر چاو..
زۆر خۆشحاڵم كه ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ ئێوه‌ی به‌ڕێز، له ناوچه‌یه‌ك كه به ڕاستى جێگه‌ی تایبه‌تی له ناو دڵى من و هه‌موو هه‌موو خه‌ڵكى كوردستاندا هه‌يه، له‌گه‌ڵ ئێوه كۆ ده‌بمه‌وه. ساڵانی ڕابردوو ته‌واوی خه‌ڵكی كوردستان تووشی كاره‌سات و نه‌هامه‌تی بوون، به‌ڵام ئێوه‌ی گه‌رمیانی تووشی نه‌هامه‌تی و ناخۆشیی زیاتر بوون، ئێوه به‌شی هه‌ره زۆرى تاڵی و ناخۆشی و نههامهتیهكانتان به‌ر كه‌وت و زۆرترین قوربانیتان دا. كه‌سه ئازیز و نزیكه‌كانى خۆتان له ده‌ست دا، زۆرترین شه‌هید و قوربانیتان پێشكه‌ش كرد بۆ گه‌یشتن به ئازادى و ڕزگاربوون له جه‌ور و سته‌م. لێره‌دا، له‌م ڕۆژه‌دا سه‌ری ڕێز و نه‌وازش بۆ ئه‌و قوربانیانه داده‌نه‌وێنین، خواى گه‌وره به به‌هه‌شتى به‌رینیان شاد بكات.
ئێمه قه‌ت ئه‌و تاوانانه له بیر ناكه‌ین. به‌ڵام ناشبێ ده‌سته‌وئه‌ژنۆ بوه‌ستین و هیچ نه‌كه‌ین، ده‌بێ هێز و ئیراده‌یه‌كی پۆڵایینمان هه‌بێت بۆ مسۆگه‌ركردنی دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌ی ئه‌م جۆره تاوانانه ده‌رحه‌ق به گه‌ڵى كوردستان.
ده‌بێ حكوومه‌تی فیدراڵ له به‌غدا به‌شێك له‌و به‌رپرسیاریه‌تیه هه‌ڵبگرێت، چونكه ئه‌م تاوانانه له لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه و به ناوی ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه دژى گه‌لى كوردستان ئه‌نجام دراون.
له حاڵه‌تی ئه‌نجامدانى ئه‌م جۆره تاوانه‌دا له شوێنه‌كانى دیكه‌ى جیهان، ئه‌و حكوومه‌تانه‌ی كه دوای ڕژێمی دكتاتۆری هاتوون، ئه‌و ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تیه‌یان خستۆته سه‌ر ئه‌ستۆی خۆیان. بۆیه ئێمه داوا له حكوومه‌تی فیدرال ده‌كه‌ین كه ئه‌وانیش هه‌نگاوی له‌م شێوه‌یه بهاوێژن يۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى ئازار و مهينهتيى خه‌ڵكى كوردستان.
كاتێك باس له پشتگیری و هاوكاری ده‌كه‌ین، ته‌نها مه‌به‌ستمان لایه‌نی دارایی و ئابووری نیه، به‌ڵكو مه‌به‌ستمان لایه‌نى سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و مرۆیی و ده‌روونییه.
به‌بێ تێگه‌یشتنی ته‌واو له ئازاره‌كانی گه‌له‌كه‌مان، به‌بێ ڕێزگرتن له قوربانیانی تاوانه‌كانی ڕابردوو له‌لایه‌ن حكوومه‌تی فیدراله‌وه، ناتوانین برینه‌كان ساڕ‌ێژ بكه‌ین و به‌ره‌و پێشه‌وه هه‌نگاو بهاوێژین.
به قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی كه‌سوكاری قوربانیان، حكوومه‌تی فیدرال ده‌توانێ كه‌مێك له ئێش و ئازاره‌كانی كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوان كه‌م بكاته‌وه و ئومێدی عیراقی نوێیان پێ ببه‌خشێت.
ئه‌مه ئه‌ركێكه ده‌بێ حكوومه‌تی فیدرال بیخاته ئه‌ستۆى خۆى و له نێوه‌نده نێوده‌وڵه‌تییه‌كان هه‌وڵ بدات بۆ به‌جینۆساید ناساندنی ئه‌و تاوانانه‌ى دژى گه‌لى كوردستان ئه‌نجام دراون. هه‌وڵی ئێمه به‌رده‌وام ده‌بێت له‌م پێناوه‌دا.
ئێوه ئازار و نههامهتیهكانتان نه‌كرده به‌هانه‌یه‌ك بۆ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه، به‌ڵكو گۆڕیتان به ڕه‌فتاری لێخۆشبوو‌ن و چاكه‌كردن. قوربانیه‌كانمان فێری وانه‌ى لێبورده‌ییان كردین، ده‌بێ تێگه‌یشتمان هه‌بێت به‌رامبه‌ر له‌ده‌ستدانی كه‌سه نزیكه‌كان و خۆشه‌ویستانمان.
له ڕاپه‌رینه مه‌زنه‌كه‌ی ئازارى ساڵی 1991 به كرده‌وه ئه‌وه‌مان سه‌لماند كه ئێمه گهلێكين و لێبوردنی گشتیمان كردوه‌ته ڕه‌هه‌ندى كار و خه‌باتى خۆمان. له ماوه‌ی ساڵانی ڕابردووش‌دا هه‌رێمی كوردستان هه‌میشه په‌ناگه و شوێنی ئارام و حه‌وانه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه بووه كه له به‌ر توندوتیژیی ئایینى و مه‌زهه‌بى له ناوچه‌كانی دیكه‌ی عیراق هانایان بۆ ئێمه هێناوه، ئێمه‌ش به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی جیاوازیی ئایینى و ئیتنيكی و مه‌زهه‌بی و نه‌ته‌وه‌یی، ده‌رگامان واڵا بووه. ئێمه ئه‌مڕۆ هاوكاری و یارمه‌تی پێشكه‌ش به نزیكه‌ی (30) هه‌زار په‌نابه‌ری سووریا ده‌كه‌ین كه به‌دوای په‌ناگه‌یه‌كى ئارام و سه‌قامگیردا ده‌گه‌ڕێن.
سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو ئازار و نه‌هامه‌تیانه، ئیرادهيهكی مه‌زنی خه‌ڵكی ئێمه ئه‌وه بوو كه هاوشێوه‌ى ئه‌وان ڕه‌فتاریان نه‌كرد و تاوانیان ئه‌نجام نه‌دا، بێگومان هۆی ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ گیانى ئازایه‌تى و شۆڕشگێڕى و گیانى لێبورده‌یى كه هه‌موو خه‌ڵكى كوردستان شانازى پێوه ده‌كات.
من ده‌مه‌وێ له دڵه‌وه سوپاسی ئێوه بكه‌م بۆ خۆڕ‌اگرى و پاراستنی به‌ها جوان و كه‌لتووریه‌كان. ئێمه قه‌رزارى ئێوه‌ین، چونكه قوربانیه‌كی زۆرتان دا بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و ئازادییه‌ى كه ئه‌مڕۆ هاووڵاتیانى هه‌رێمى كوردستان له سایه‌یدا ده‌ژین.
چه‌ند ساڵێك به‌ر له ئێستا سه‌ردانی ئێره‌م كرد و به‌شداریم له دانانی به‌ردی بناغه‌ی پڕۆژه‌ی یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون كرد كه وه‌ك به‌شێكی بچووك بوو له‌و خزمه‌تگوزاریانه‌ی كه پێویسته پێشكه‌شى بكه‌ين بۆ خه‌ڵكى ئه‌م ده‌ڤه‌ره.
گه‌رمیان یه‌كێكه له‌و ناوچه به‌رفراوانانه‌ی هه‌رێمی كورستان كه به شێوه‌یه‌كی دڕندانه خه‌ڵكه‌كه‌ی تووشی ئه‌نفال و ڕاگواستنی به‌زۆر و ئاواره‌بوون هاتن. گه‌رمیان بوو به برینێكی قووڵ به جه‌سته‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه. جگه له‌م پڕۆژانه‌ى له‌م قۆناغه‌دا ئه‌نجامى ده‌ده‌ین، ئه‌م ناوچه‌یه ده‌خوازێ شتى زۆر زياترى بۆ بكرێ، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جددييه له‌وه‌ى كه ده‌يه‌وێ خزمه‌تگوزاريى زياتر پێشكه‌ش به ده‌ڤه‌رى گه‌رميان بكات له هه‌موو ڕوويهكهوه.
له سه‌رده‌مى كابینه‌ى پێنجه‌م و دواييش له كابينه‌ى شه‌ش، به تايبه‌تى له كابينه‌ى پێنجه‌م به‌ڵێنم به ئێوه دا كه هه‌رگیز ئێوه له‌بیر ناكه‌ین، ئێستاش جارێكی تر ئێوه دڵنیا ده‌كه‌مه‌وه كه حكوومه‌تى هه‌رێم پشت و په‌ناى ئێوه‌یه، ئێوه له هه‌موو كه‌س زیاتر ده‌توانن خواست و داواكارى بخه‌نه به‌رده‌ستى حكوومه‌ت و ئێمه‌ش به ئه‌ركى خۆمان ده‌زانین گوێتان لێ بگرین و خواسته‌كانتان ئه‌وه‌ى كه له تواناى حكوومه‌تى هه‌رێمدا بێت، جێبه‌جێى بكه‌ین.
ئه‌مڕۆ لێره ئاماده‌م بۆ ڕاگه‌یاندنی ژماره‌یه‌ك له پڕۆژه‌ی تر كه ده‌بێته هۆی به‌ره‌و پێشبردنی ئاستی ژیانی خه‌ڵك له بواره‌كانی په‌روه‌رده و ته‌ندروستی و كاره‌با و ئاو و ڕێگه‌وبان و سه‌نته‌ری وه‌رزشی.
دوێنێ لێره بووین، ئه‌مڕۆ لێره‌ین، سبه‌ینێش ئه‌گه‌ر ژیان ده‌رفه‌ت بدات لێره ده‌بین و به كۆمه‌ڵێك پڕۆژه‌ى دیكه‌وه ده‌گه‌ڕێينه‌وه بۆ گه‌رمیان. به‌م كاره حكوومه‌تی هه‌رێم ده‌یه‌وێت بیسه‌لمێنێت، كه هه‌ر كاتێك ده‌رفه‌تى هه‌بێت درێغی ناكه‌ین له خزمه‌تكردنی گه‌له‌كه‌مان و كه‌مكردنه‌وه‌ی مه‌ینه‌تییه‌كانی خانه‌واده‌ی سه‌ربه‌رزی ئه‌نفالكراوه‌كان و دانیشتوانى ئازیزى سنوورى گه‌رمیان. ده‌زانین پێویستییه‌كان له‌مه زیاترن، به‌ڵام ئێمه سوورین له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی ته‌واوی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی كه ڕامانگه‌یاندووه.
لێره‌وه پێتان ڕاده‌گه‌یه‌نم لیستێكی درێژی ده‌ستپێشخه‌ریی ئه‌م بوارانهم لایه كه پێشتر ئاماژه‌م پێكرد و دڵنیاتان ده‌كه‌مه‌وه كه له ماوه‌ی نزیكدا ئه‌و پڕۆژانه ده‌چنه بوارى جێبه‌جێكردن. ئه‌و لیسته‌ى له‌لایه‌ن ئیداره‌ى گه‌رمیانه‌وه به‌ده‌ستم گه‌یشتووه، بریتیه له چه‌ندین پڕۆژه‌ى خزمه‌تگوزاریى سه‌ره‌كیى وه‌ك كاره‌با و ئاو و ئاوه‌ڕۆ و نه‌خۆشخانه و ڕێگه‌وبان و قیڕتاوكردن و 1500 خانوو بۆ بنه‌ماڵه‌ى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان و پارك و یاریگا و چه‌ندین خزمه‌تگوزاریى دیكه.
ته‌واوى ئه‌و پڕۆژانه جێبه‌جێ ده‌كرێن له سنوورى ئيداره‌ى گه‌رميان و كه‌لار و كفرى و خانه‌قين و دووز و چه‌مچه‌ماڵ و ده‌ربه‌نديخان، سه‌رجه‌م پڕۆژه‌كان نزیكه‌ى 250 ملیار دینارى پێویسته بۆ جێبه‌جێكردنیان.
ده‌زانم ئه‌م پڕۆژانه ئازار و خه‌مى ئێوه كه‌م ناكاته‌وه، به‌ڵام پێداویستیى سه‌ره‌تایى ژیانه و هه‌موو كه‌سێك له‌م سنووره مافى خۆيه‌تى له‌و پێداویستیانه سوودمه‌ند بێت و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانيش وه‌كوو خزمه‌تكارى ئه‌م گه‌له، خزمه‌تكارى خانه‌واده‌ى سه‌ربه‌رزى ئه‌نفال و شه‌هيدان ده‌يه‌وێ ئه‌م پڕۆژانه له‌م سنووره‌دا جێبه‌جێ بكات.
ئێمه ئه‌م پڕۆژانه ئه‌نجام ده‌ده‌ین و وه‌ك بچووكترین خزمه‌ت پێشكه‌شى ئێوه‌ى ده‌كه‌ین، ئه‌م هه‌نگاوه‌مان بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و ئاسته‌نگ و گرفتانه‌یه كه له ژیانی ڕۆژانه‌تاندا دێنه به‌رده‌متان، ناكرێ چیتر خانه‌واده سهربهرزهكانى گه‌رمیان و كچان و كوڕانمان له گه‌رمیان بیر له كه‌موكوڕیه‌كان بكه‌نه‌وه، ئیتر ده‌بێ ئه‌وان بیر له داهێنان و پێشكه‌وتن و بونیادنانى كۆمه‌ڵگاى پێشكه‌وتوو بكه‌نه‌وه. له‌م ڕووه‌وه ئێمه پشتگیریى ته‌واوى هه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى گه‌رمیان ببێته ده‌ڤه‌رێكى پێشكه‌وتووى شارستانی كه هاووڵاتیان له‌وپه‌ڕى خۆشى و ئاسووده‌ییدا ژیان به‌سه‌ر ببه‌ن.
حه‌ز ده‌كه‌م جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه بكه‌مه‌وه كه نامانه‌وێت چیتر باس له‌وه بكه‌ین ئاخۆ له ڕابردوودا چیان به‌سه‌ر هێناوین، به‌ڵكو بیر له‌وه بكه‌ینه‌وه كه بۆ ئاینده ده‌بێ چى بكه‌ین؟. ئێمه به‌رده‌وام ده‌بین له به‌رنامه و هه‌وڵه‌كانمان بۆ پاراستنی مافه‌كانتان و مسۆگه‌ركردنی ژیانێكی به‌خته‌وه‌ر.
ئێمه پابه‌ند ده‌بین به‌و به‌ڵێنانه‌ى به ئێوه و هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌مان داوه كه ژیانی خۆیان به‌خت كردووه بۆ به‌دیهێنانی ئازادی بۆ گه‌له‌كه‌مان. هه‌روه‌ها ئێمه هه‌موو ده‌رفه‌تێك ده‌قۆزینه‌وه بۆ یارمه‌تیدانی ئێوه، بۆ بنیادنانی داهاتوویه‌كی گه‌ش بۆ ئێوه و نه‌وه‌كانی داهاتوو.
ده‌مه‌وێ دڵنیاتان بكه‌مه‌وه كه قوربانیدانی ئێوه هه‌رگیز به فیڕۆ نه‌چووه و ئێمه به‌رده‌وام ده‌بین له‌سه‌ر خه‌باتمان بۆ به‌رگریكردن له ئازادی و خه‌ون و هیواكانتان.
هه‌روه‌ها ده‌مه‌وێ باسى پڕۆژيهكى تر بكه‌م، كه ئه‌ويش پرۆژه‌ى دروستكردنى ڕێگه‌ى جووتسايديه له نێوان كه‌لار و ده‌ربه‌نديخان كه زۆر ڕووداوى لێده‌كه‌وێته‌وه و ئێمه ئاگادارى ئه‌وه‌ين. ئێمه وه‌زيرى ڕێگاوبانمان له‌گه‌ڵه، ماوه‌ى دوو مانگه ئه‌وان خهريكن بۆ ديزاينكردنى ئه‌م ڕێگه‌يه، به‌ڵێنتان پێ ده‌ده‌م له ماوه‌يه‌كى نزيكدا ده‌گه‌ڕێينه‌وه بۆ ئه‌م سنووره بۆ دانانى به‌ردى بناغه‌ى ئه‌و جووتسايدهى كه له كه‌لاره‌وه ده‌چێت بۆ ده‌ربه‌نديخان. ئه‌مه‌ش بۆ هاوكاريى خه‌ڵكى ناوچه‌كه‌يه بۆ ئه‌وه‌ى ئاسانكارى بكرێت هه‌م له ڕووى كارى بارزگانى له ناوچه‌كه و هه‌ميش له‌و مهينهتيه كه‌م بكاته‌وه ئه‌وه‌ى كه زۆر ڕووداو له‌م ڕێگه‌يه ڕوو ده‌ده‌ن. هيوادارم كه كاره‌كانى ته‌واو ببێت و له وه‌رزى ئيشكردن له ساڵى ئاينده بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م پڕۆژه‌يه بكه‌وێته بوارى جێبه‌جێكردن.
ديسانه‌وه به‌خێرهاتنان ده‌كه‌م، هيوادارم ئه‌م پڕۆژانه به زووترين كات بكه‌ونه بوارى جێبه‌جێكردن و هيوادارم كه حكوومه‌تى كوردستان ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ى هه‌بێ جارێكى تر بگه‌ڕێته‌وه به پڕۆژى زياتر بۆ ئه‌م هه‌رێمه. وه‌كوو گوتم، بڕيارمان داوه بودجه‌يه‌كى تايبه‌ت بۆ گه‌رميان خه‌رج ده‌كه‌ين، دواى كۆتايى هاتن به‌م بودجه‌يه‌ى كه ئێستا ده‌ست به جێبه‌جێكردنى ده‌كرێت. دووباره قۆناغى تر بۆ پڕۆژه له‌م سنووره ده‌ست پێ ده‌كرێ.
زۆر به‌خێر بێن به‌سه‌ر چاو، زۆر سوپاس.
