وەفدەکەی حکومەتی ھەرێم دەگاتە بەغداد

وەفدەکەی حکومەتی ھەرێم دەگاتە بەغداد
20ی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر (گوڵان میدیا)- حکومەتی عیراق بۆ ساڵی ٢٠١٣ کەمترین بەشە بودجە بۆ ھەرێمی کوردستان دادەنێت و مەسەلەی پێشمەرگەش وەک بەشێک لە سیستمی بەرگری عیراق کەوتۆتە بەر مەترسی. لەوبارەیەوەو بەمەبەستی تاووتوێکردنی ئەو مەسەلانەو چەندین بابەتی تری پەیوەندیدار، ئەمڕۆ وەفدێکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی عیماد ئەحمەد جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم و باییز تاڵەبانی وەزیری دارایی و عەلی سندی وەزیری پلاندانان و بریکاری وەزارەتی دارایی دەگاتە شاری بەغداد.
لەوبارەیەوە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی دا رەشید تاھیر بریکاری وەزارەتی دارایی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بەکوردسات-ی راگەیاند: \"حکومەتی بەغداد بەشە بودجەی ساڵی ٢٠١٣ی ھەرێمی کوردستان بە ١٠.٣% دیاریکردوەو بەبێ ئاگاداری حکومەتی ھەرێم بەغداد ھەندێک بڕگەی نوێی بۆ ئەو بەشە بودجەیە زیادکردووە، کە ئەمەش یەکەمجارە کەمترین رێژەی بودجە بۆ ھەرێمی کوردستان دیاری بکرێت.
رەشید تاھیر ئەوەشی ئاشکرا کرد کە، مەسەلەی وەزارەتی پێشمەرگە کە پێشتر لە مەنزومەی بەرگری سوپای عیراق دا جێگیر کرابوو، کەوتۆتە بەر مەترسی پێدەچێت حکومەتی عێراق تەگەرە بخاتە بەردەم ھەرێمی کوردستان و لە دانیشتنی وەفدەکەدا لە بەغداد ئەو مەسەلانەش باسیان لێوە دەکرێت."
Top