مەسرور بارزانی پێشوازیی لە مارتن کۆپلەر نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد

مەسرور بارزانی پێشوازیی لە مارتن کۆپلەر نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد
18ی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر (گوڵان میدیا)- کاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانی ئەمرۆ، بەریز مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەریم بە ئامادەبووی د. دیندار زێباری یاریدەدەری بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت ، پیشوازیی لە مارتن کۆپلەر نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق و سۆکۆل کۆندی بەرپرسی نووسینگەی یونامی لە هەرێم و موحەمەد ئەلنەجار راوێژکاری سیاسیی نێردەی تایبەت کرد.

ئەمەو لە دانیشتنێکدا رەوشی هەنۆکەیی عێراق بە گشتی و ناوچە دابڕێندراوەکان بەتایبەتی خرانە بەر باس. لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا بەریز کۆپلەر ئاماژەی بەوەدا کە وەکوو نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵدەدەن رەوشی سیاسیی عێراق کرانەوە بەخۆوە ببینێت و بە تایبەت خووازیارن کێشەکانی هەرێم و بەغدا بەرەو چارەسەری بچن. هەروەها ئاماژەیان بە پرسی کەرکوک کرد و هیوایان خواست لە هەلبژاردنەکانی داهاتووی پارێزگاکانی عێراق، لە کەرکوکیشدا هەلبژاردنێکی سەرکەوتوو بەڕێوە بچێت.

لە پەیوەندی بەم بابەتانەوە، مەسرور بارزانی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە گشت کێشەکانی ناو عێراق بە گفتوگۆ و رێگەچارەی ئاشتیانە چارەسەر دەکرێن و دەستووریش تاکە بنەمایە بۆ هەر چارەسەریەک، بەڵام بەداخەوە، بەکردەوە دەبینین کە کەسانێک لە بەغدا بە ئاراستەی پێچەوانە هەنگاو دەنێن و لە هەوڵی خۆپڕچەککردندان و هێز بۆ ناوچە دابڕێنراوەکان رەوانە دەکەن. بۆ نموونە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی دیجلە بە بێ رەزامەندیی پەرلەمان و بەبێ ئاگاداریی پێکهاتەی ئەنجوومەنی وەزیران پێکهێنراو و ئەمەش لادانێکی ڕوونە لە دەستوور. گەر نیازیش لەم جووڵە سەربازییانە بۆ دەورووبەری کەرکووک سەقامگیرکردنی باری ئاسایش بێت، ئەوە باشترە ئەم هێزانە بەرەو بەغدا پاشەکشەیان پێ بکەن و با ئارامیی پایتەخت بپارێزن، چوونکە تا ئێستا لە دابینکردنی ئاسایشی ناوچەی سەوزیش سەرکەوتوو نەبوونە.

لە پەیوەندی بە پاشەرۆژی کەرکووکەوە راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەریم وتی دەستوور رێگەچارەی پێویستی بۆ ئەم پرسە داناوە، بەڵام خۆدزینەوە لە جێبەجێکردنی هەیە و وا حەوت ساڵ تێپەڕین وهەنگاوی کرداریی پێویست بۆ جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ نەبینران. هەر لەمبارەوەیە وتی کە لە دوای قۆناغی ئاساییکردنەوەی پارێزگای کەرکوک تەنیا خودی دانیشتوانی کەرکوک دەبێت چارەنووسی پارێزگاکەیان دیار بکەن.
لە کۆتایی دیدارەکەشدا مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم ئامادەی هەموو جۆرە هاوکارییەکە بۆ ئەوەی هێزەکانی ئاسایش و پۆلیسی خۆجێیی ناوچە دابرێندراوەکان بتوانن رەوشی ئاسایشی ئەم دەڤەرانە باشتر بکەن و پێویست ناکات هێچ هێزێکی زیادە بۆ ئەم ناوچانە جووڵەیان پێ بکرێت.
Top